قازی ڕەشی دارێن ئارۆنۆڤسکی میلۆدرامایەکی١ تەواوە، بە گێڕانەوەیەکی بەسۆز و پیشاندانێکی نایاب لە پووچیەکی تاریک. فلیمەکە تیشک دەخاتە سەر دەورگێڕانی بوێرانەی ناتالی پۆرتمان و ململانێی نێوان خێر و شەڕ لە بالەی دەریاچەی قازیی چایکۆڤسکی دا دەخاتە ڕوو. ئەمە لەو دەورگێڕانانەیە کە دەبێ خۆت نوقمی هونەرەکەت بکەی، بەجۆرێ کە وا دەکات لەو ڕۆڵەدا ون بیت. کەسایەتییەکەی پۆرتمان شێت دەبێت.
هەموو شتێکی سەمای بالەی کلاسیک دەگەڕێتەوە بۆ زیادەڕۆیی. ئەم شێوازە هونەریە مەترسیێکی لەگەڵە؛ مەترسی تووشیار بوون بە خولیای سەرکەوتن بە سەر واقیع و تەنانەت بە سەر هێزی ڕاکێشانی زەویندا. بە جۆرێک دەتخاپێنێت بۆ سەرکەوتن بە سەر ڕاستیەکاندا. ئەم هونەرە ساڵانێک مەشقی توند و سەختی لە سەماکەرەکان دەوێ، چەشنێک مەشق و ڕاهێنانی جەستەیی و دەروونی کە زاڵ دەبێت بە سەر ژیانی ئاساییاندا. ئەم ململانێی نێوان نموونەییبوون و ڕاستییە سێبەر دەخاتە سەر نینا سایەر کەسایەتیەکەی ناتالی پۆرتمان.
ژیانی نینا تەرخانی بالە کراوە بەڵام ئایا ئەوە هەمووی هەڵبژاردەی خۆی بووە؟ ئێریکا (بە دەورگێڕانی باربارا هەرشی) دایکی نینا خۆیشی ڕۆژگارێک سەماکەر بووە و ئێستا ژیانی تەرخان کردووە بۆ ئیشی کچەکەی. ئەوان پێکەوە لە شووقەیەکی بچوکدان کە هەندێک کات لە پەناگا و هەندێک جار لە زیندانێک دەچێت. ئەوان یەکتر لە باوەش دەکەن و وەک دوو خوشک لە گەڵ یەک دەدوێن. هەست بە هەبوونی کێشەیەک دەکرێت.
نینا لە سەنتەری لینکۆلنی نیۆیۆرک لە کۆمپانیایەک سەما دەکات کە لە لایەن تۆماس لیۆری (ڤەنسانت کاسەل) کە کەسێکی ئۆتۆکراتە٢ بەڕێوە دەچێت. ئاستی خۆپەسەندی ئەو لەم بەشەدا دەردەکەوێ کە کەسایەتیە دیکتاتۆریە کۆنەکان وێنا دەکاتەوە.
تۆماس خۆشەویستە پێشووەکەی بێس مەکینتایەر (وینۆنا ڕایدەر) کە سەماکەری سەرەکی کۆمپانیاکە بووە لادەبات و ئێستا بۆ شانۆی ئەم وەرزەیانە بە دوای سەماکەرێکی نوێ دەگەڕێت. دەریاچەی قاز پێویستی بە سەماکەرێکە کە دوو دەوری پێچەوانە بگێڕێت. بە ڕوونی دیارە کە نینا باشترین سەماکەرە بۆ دەوری قازی سپی، بەڵام تۆماس پێی وایە نینا بۆ دەوری قازی ڕەش_یش زۆر چاکە، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی سەماکردنی نینا؛ ئەو بە تەکنیک سەما دەکات نەک بە هەست.
وا دیارە کە فلیمەکە بە ڕووداوگەلێکی چاوەڕوانکراوەوە خۆی دەردەخات: گرژیێک لە نێوان نینا و تۆماس دا پێک دێت و دواتر لیلی (میلا کونیس) سەماکەرێکی نوێ لە کەناری ڕۆژئاوای ئەمەریکاوە دێت. ئەو ڕێک پێچەوانەی نینایە؛ ئازا و ڕەهایە و متمانە بەخۆی زۆرە. ئەو سەرنجی نینا ڕادەکێشێت نەک تەنها وەکوو ڕکابەرێک بەڵکوو وەک سەماکەرێکی نموونەیی. لیلی جیا لە شتەکانی دیکە بە ڕوونی دیارە کە بوونەوەرێکی جنسییە، لە کاتێکدا پێمان وایە نینا ڕەنگە هیچ کات ژوانێکی نەبووبێت و قەد لەگەڵ پیاوێک نەخەوتبێت. بۆ نینا، لیلی ئێستا مەترسیێکە لە سەر ئیشەکەی و ئەبێت بە هۆی ئەوەی ئەم خۆی لۆمە بکات.
تۆماس بەوە ناسراوە کە لە گەڵ سەماکەرەکانی پەیوەندی هەیە. بە یاری تۆقێنەر و خۆباییانەی کاسەل، بە ڕوونی دیارە بەرنامەی هەیە بۆ پاکی و کچێنی نینا. ئەمە تەنگەژەیەک لە مێشکی نینا درووست دەکات کە ئاخۆ چۆن بتوانێت خۆی ڕزگار بکات لە گەیشتن بە بێخەوشیێکی تەکنیکی و هەروەها ئەو سنوورانەی بپارێزێ کە دایکی بۆی دیاری کردوون سەبارەت بە پێوەیدنی جنسی و هاوکات وەفادار بمێنێت بەو پێوەندییە دەروونیە داخراوەیانەوە؟
هیچ چیرۆکێک سەبارەت بە ئامادەکاری پشت شانۆی بالەیەک ناتوانی ببینی و فلیمی پێڵاوە سوورەکان٣ وە بیر نەهێنیتەوە. گەر هیچ کات نەتانبینیوە، بە دڵنیاییەوە ئاخری ڕۆژێک سەیری دەکەن. ئارۆنۆڤسکی و کاسەل لە کەسایەتی تۆماس دا، بوریس لێرمۆنتۆڤ (بە دەورگێڕانی ئانتۆن والبرووک) تێرنەوە یاد؛ بەڕێوەبەری شانۆیی نێو ئەو فلیمە کە ئاکارە ئۆتۆکراتیانەکانی خۆشەویستیەکی قووڵی تێدا دەشارێتەوە. لە نینا_یش دا چەشنێک لە ساوایی مۆیرا شیارێر دەبینرێتەوە.
قازی ڕەش فلیمی پێشووی ئارۆنۆڤسکی بە نێوی زۆرانباز٤ وە بیر دەهێنێتەوە. هەر دوو فلیمەکە تاکڕەهەندیێکی پیشەیی بە دووی گەیشتن بە ئاستێک پیشان دەدەن کە ئەبێت بە هۆی وێران بوونی ژیانی تاکەکەسی. من هەروەها یەکەم فلیمی ئارۆنۆڤسکی بە نێوی پی_م هاتەوە بیر؛ فلیمێک دەربارەی بیرکارێک کە لە گەڕان بە دوای زمانێکی بیرکاری جیهانیدا شێت دەبێت. هەروەها فلیمی سەرچاوە٥ کە لە بارەی پیاوێکە دەیهەوێ زاڵ بێت بە سەر کات و شوێن دا. کەسایەتییەکانی ئارۆنۆڤسکی نەخشە و بەرنامەی بچووکیان نییە.
چیرۆکی سەرەکی قازی ڕەش شتێکی نوێ نییە؛ بەربەرەکانی پشت شانۆ، بەغیلی هونەری، ئیشێکی مەزنی هونەری و ڕەنگ دانەوەی لە ژیانی بەرهەمهێنەرەکانیدا. ئارۆنۆڤسکی بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش ئەو خاڵانە دەگوازێتەوە بۆ نێو مێشکی نینا. وردە وردە نینا سنوورەکانی لێ تێک دەچێت. فلیمەکە بە خەونێکەوە دەکرێتەوە و ڕوون دەبێتەوە کە ژیانی نێو خەونەکانی لەگەڵ ژیانی ڕاستەقینەی دا هاوتەریبن و پێکەوە دەچنە پێشێ. ئارۆنۆڤسکی و پۆرتمان بێباکانە دەکەونە شوێن ئەوە بۆ هەر جێگایەی بیانبات.
دەورگێڕانی پۆرتمان لەم فلیمەدا زۆر بەرچاوە، کەسێ کە لە سێزدە ساڵیدا لە فلیمی کچانی جوان٦ دەورێکی سەرنجڕاکێشی گێڕا. ئەو هەرگیز پێشتر دەورێکی وا دوو بەرەکیانەی نەگێڕاوە و بەرانبەری دۆخێکی جەستەیی وەها نەبووەتەوە. (ئەو بە دە مانگ ڕاهێنان ئامادە بوو.) بە جۆرێک دەگات بە لوتکەی هەست و وزە و هێشتا لە کەسایەتییەکەیدا دەمێنێتەوە. ئەکتەرەکانیتر وەک سەماکەری هەڤپشکن کە ئەو هەڵدەگرن. باربارا هەرشی بە جوانی دەوری دایکێک دەگێڕێت کە خۆشەویستییەکەی ڕاستەقینەیە؛ کەسێک کە هەموو ژیانی تەرخانی کچەکەی و کاری کچەکەی کردووە.
تراژیدی نینا و زۆرێک لە ورزشەوانە لاوەکانی دیکە ئەوەیە کە ئەو هەوڵ و ویستەیان بۆ نموونەیی بوون لە تەنها یەک بواری ژیاندا دەبێت بە هۆی قوربانی بوونی بەشەکانی دیکەی ژیانیان. لە تەمەنی گەنجێتیدا هەوڵ و سەرنجیان دەخەنە سەر خۆشحاڵ کردنی کەسێک (بنەماڵە، ڕاهێنەر، هاوکار) و ئەمە وا دەکات هیچ کات خۆیان خۆشحاڵ نەبن. وا دەکات لە هەموو بوارێکدا سەرکەوتوو بن بێجگە لە خودی ژیاندا.
کۆبوونەوەیەک بۆ وەرگرتنی دەورێک لە بالەیەکی براڤورا دا لە زۆربەی فلیمەکانی سەبارەت بە بالەدا وەکوو نەریتێکە. قازی ڕەش فلیمێکی زۆر جوانە، هەموو بابەتەکانی مۆسیقا و ژیان، هاوشانی چیرۆک و شانۆی بالەکە و تێکەڵاوی ڕاستی و خەیاڵ هەموویان پێکەوە سۆزێکی بەتین بەرهەم دێنن. ئەم ڕەوتە تەنها دەتوانێ ئێمە بۆ شوێنێک ببات. ئەگەر لە جێگای ئێوە بوایەم کاتێکی زێدەم تەرخانی ئەوە نەدەکرد کە بزانم ڕێک چی ڕوودەدات. زۆر کەس لە بارەی کۆتایی فلیمی پێڵاوی ڕەش_یش دوودڵ بوون، ئەوان لە هەڵە دا بوون، بەڵام ئەو کارەیان کرد.
- میلۆدراما: بەرهەمێکی شانۆیی یان وێژەیی کە تێیدا گێڕانەوەی ڕووداوەکان کە زۆرجار هەژێنەرە و کاریگەری لە سەر هەستی بینەر دادەنێ، گرینگترە لە وردەکاری کەسایەتیەکان. میلۆدراما زۆرتر سەرنج دەخاتە سەر دیالۆگەکان کە زۆر هەژێنەر و بە سۆزن تاکوو کردارەکان.
- ئۆتۆکرات: دیکتاتۆر، کەسێ کە دەیەوێ هەمووان فەرمانەکانی جێبەجێ بکەن و فکر و هەستی کەسیش بۆی گرینگ نیە
- The Red Shoes / 1948
- The Wrestler / 2008
- The Fountain / 2007
- Beautiful Girls / 1996
***
سەبارەت بە ئارۆنۆڤسکی
خێر و شەڕ لە فلیمی قازی ڕەش دا
خێر و شەڕ، پاکی و ناپاکی، ھەستە ئاگاھانە و نائاگاھانە و سەرکوتکراوەکانی مرۆڤ، ئەمانە بابەتگەلێکن کە ئارۆنۆڤسکی لە فلیمی قازی ڕەش دا لە ڕێگای دەریاچەی قازەوە (Swan Lake - یەکێ لە بەناوبانگترین سەمای بالەکان، بەرهەمی چایکۆڤسکی) دەیانخاتە ژێر پرسیار. ئەگەر سەرنج بدەن ئەمانە بابەتگەلێکن کە مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای مرۆڤایەتی، کە لە فەلسەفەوە بگرە تا ھونەری شێوەکاری و سینەما و مۆسیقا، بە شێوازی جیاواز لەسەریان دواون، ئەمەش قووڵی بابەتەکە دەردەخات.
ئارۆنۆڤسکی لە بەرھەمێکی وەک دایک! توانای خۆی لە گێژکردنی بینەردا پیشان دەدات، خۆی لەو بارەیەوە دەڵێت:
ئامانجی سەرەکی ئەوەیە، بە ڕای من درووستە کە فلیم گێژکەرەوە بێت، چونکە فلیم خەیاڵێکی مەنتقیە و خەیاڵی مەنتقیش دەبێ سەرەتا مێشکی بینەر سەرقاڵی خۆی بکات. ھەندێک کەس حەز دەکەن ھەموو شت لە ڕوانگەی مەنتقەوە هەڵسەنگێنن، بەڵام ئەوە لە فلیمی دایک دا ناکرێت. بە هێنانە دەری بەشێک لە فلیمەکە و شکاندنی ھێماکانی لە ڕاستیدا دۆخی دەروونی مێشکی مرۆڤ دەبەنە ژێر پرسیار. تۆ ناتوانی ھەموو فلیمێ بە جۆرێک دروست بکەی کە بتوانیت ھەموو پەردەکانی وەسف بکەیت، ھەندێک فلیم بە تەواوی واتە بە یەکجاری دەتوانیت وەسفی بکەی، بەڵام بە شێوەی بەشی جیا جیا توانای وەسف کردنیان نییە.
ھەڵبەت پێم وایە ئەم گێژییە کەمتر لە قازی ڕەش دا دەردەکەوێت. قازی ڕەش لە ساڵی٢٠١٠ بەرھەم ھێنراوە. دەرھێنەر پێش دە ساڵ لە بەرھەمھێنانی، لە ژێر کاریگەری خوشکی بچوکی کە سەماکەرێکی بالە بووە بڕیار بۆ دروست کردنی دەدات. ئەو لەو بارەیەوە دەڵێت:
بە ڕاستی من ھیچ زانیاریەکم لەبارەی بالە نەبوو و قەد لێی تێنەدەگەیشتم، لەوانەیە ھەر ئەمە بووبێت بە ھۆکاری درووست کردنی وەها فلیمێک. من ویستم بە زمانی سینەما، بالە بۆ خۆم و خەڵک وەربگێرم.
بەڵام ئەو زۆر لەمە زیادتری دەرخستووە. لەم فلیمەدا قازی سپی و قازی ڕەش وەک ھێمایەک بۆ پیشاندانی پاکی و ناپاکی بە کار ھێنراون. ھەڵبژاردنی ژنێک بۆ ئەم دەورە نەک لەبەر دەوری سەماکەرێکی بالە، بەڵکوو لەبەر ئەوە بووە کە ژنان زیادتر لە پیاوان لەو بابەتەدا قوربانیکراون، بەو پێیەی کە بەردەوام کۆنترۆل دەکرێن بۆ دەرخستنی خۆیان وەکوو ژنێکی نموونەیی و پاک کە بە دڵی کۆمەلگا بێت. نینا پاڵەوانی فلیمەکە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی، پێچەوانەی ئەو جۆرەی کە پەروەردە کراوە یا باشترە بڵێین کۆنترۆلکراوە، دەبێت لە گەڵ ناپاکی ڕووبەڕوو بێتەوە، دەبێت خۆی ئازاد بکات لە ھەموو بەندێک، تا سەربکەوێت. قازی سپی هێمای پاکییە؛ واتە لایەنە دەرەکیەکەی نینا و قووی ڕەش پیشاندەری ناخە سەرکوتکراوەکەیە.
سەرکوت کردن ھەرگیز ئەنجامی ئەرێنی بە دوای خۆیدا نەھێناوە، بۆ نموونە لە نینا دا ھەستە سەرکوتکراوەکان وەک نەخۆشییەکی ماشۆیی دەردەکەون؛ ھەر لە بریندارکردنی پشت و نینۆکەکانی بگرە تا کوشتنی خۆی. پەیامێک کە ئەم فلیمە دەیھەوێ بیگەینێت ئەمەیە: بێخەوشبوون و تەواو بوون ئەوە نییە کە وەک منداڵێک لە خراپییەکان و ھەڵەکان دوور بکەویتەوە، بەڵکو دەبێت لەگەڵیان ڕووبەڕوو ببیتەوە و لێیان تێپەڕیت و ئاگاھانە باشی و پاکی ھەڵبژێری؛ ئەمە واتە سەرکەوتن و گەیشتن بە ئاستێک لە تێگەیشتنی پێویست.
نووسینی: ئارەزوو_س
0 سەرنج: