ئەو - Her دەرهێنەر: سپایک جۆنز ئەکتەران: خواکین فینیکس، سکارلێت جۆهانسن، ئەیمی ئادمز، ئۆلیڤیا وایڵد، کریس پرات چەشن: خەیاڵی-زانستی، ڕۆمانسی ...

تێبینی فلیم: ئەو

ئەو - Her
دەرهێنەر: سپایک جۆنز
ئەکتەران: خواکین فینیکس، سکارلێت جۆهانسن، ئەیمی ئادمز، ئۆلیڤیا وایڵد، کریس پرات
چەشن: خەیاڵی-زانستی، ڕۆمانسی
دەرچوون: 2013




'ئەو' فلیمێکی ڕۆمانسی و خەیاڵی_زانستی ئەمەریکیە بە دەرهێنەری، بەرهەمهێنەری و نووسەری سپایک جۆنز. فلیمەکە سەبارەت بە ژیانی تیۆدۆر_ە، پیاوێکی تەنیا کە خەریکە لە ژنەکەی جیا دەبێتەوە. ئیشی تیۆدۆر نووسینی نامەی جوانە لە لایەن کەسانی دیکەوە. لە ماڵدا کاتێ کە تەنیایە یاری کۆمپیوتەری دەکات و پاش ماوەیەک نەرمامێرێک بە نێوی OS1 دەکڕێ کە وەکوو 'یەکەمین سکرتێری ژیریی دەستکرد'١ ڕیکلامی بۆ کراوە. هەر زوو دەکەوێتە خۆشەویستی سامانتا_وە کە دەنگێکی نەرمامێرەکەیە. پاش ماوەیەک تیۆدۆر و سامانتا دەکەونە پێوەندیێکەوە ئەگەرچی سامانتا هەر دەنگێکە و جەستەی نیە. فلیمەکە هەندێ بابەتی دەروونی مرۆڤ وەکوو چۆنیەتی و شێوازی پێوەندیەکان و پرسیارگەلێک سەبارەت بە پێوەندی مرۆڤەکان لە کۆمەڵگادا و هەروەها پێوەندی مرۆڤ و تەکنۆلۆجیا و کاریگەریەکانی تەکنۆلۆجیا لە سەر ژیان و کۆمەڵگا دەخاتە ڕوو.

تیۆدۆر


وێنەیەکی نزیک٢ لە ڕوومەتی تیۆدۆر تۆمبلی دەبینین لە کاتێکدا خەریکی گوتنەوەی تاکبێژیێکە. ڕستەگەلێکی بە سۆز و ئەویندارانە دەڵێتەوە: ‘بە ڕووتی لە نێو ئەو خانۆچکە بچووکەدا ڕاکشابووم، لە ناکاو تێگەیشتم کە من بەشێکم لە شتێکی گەورەتر، هەر وەکوو دایبابمان یان دایبابی دایبابمان'. بە سۆز و هەستێکی چڕەوە بەردەوام دەبێت لە شرۆڤە کردنی ئەوینەکەیان، لە ناکاو دەردەکەوێ کە خەریکە لە زمانی کەسێکی دیکەوە قسە دەکات کە ماوەی پەنجا ساڵە هاوسەرگیری کردووە. پاش ڕستەیەکی دیکە ڕوون دەبێتەوە کە خەریکە لە زمانی ژنێکەوە دەدوێ. خەریکە لە جیاتی ژنێک بە نێوی لۆریتا لە سەر کۆمپیوتەرەکە کارتێک دەنووسێت. ئەمە ئیشیەتی و دەبینین کە کەسانێکی دیکەش لە نێو نووسینگەکەدا خەریکی نووسینی کارتن. کەسێک وەڵامی تەلەفوونەکە دەداتەوە و تێدەگەین کە لە نێو نووسینگەی سەرەکی کۆمپانیای 'نامە دەستنووسە جوانەکان' داین. بەم شێوازە فلیمەکە دەست پێ دەکات.

هەر زوو دیمەنی٣ فلیمەکە سەرساممان دەکات کە لە داهاتوویێکی نەک زۆر دوور دایە. ئەگەرچی زۆربەی بەشەکانی جیهانی فلیمەکە ئاشنا و ناسراون، هیچ بوونەوەرێکی بیانی تێدا نیە و خەڵک هێشتا تیشەرتی یەقەدار لە بەریاندایە، بەڵام بە ڕوونی دیارە کە ئەمە جیهانی ساڵانی ٢٠١٠ نیە. تەکنۆلۆجیا پێشکەوتووترە، تایپ کردن کەمتر بووەتەوە و زۆرتر بووە بە قسە کردن، ئیشەکانیش وەکوو ئەو شوێنەی تیۆدۆر تێدا ئیش دەکات کەمتر ئاشنایە بۆمان. ئیشەکەی تیۆدۆر پیشاندەری ئەو جیهانە داهاتوویەی نێو فلیمەکەیە: ئەو لە لایەن کەسانێکی دیکەوە نامەگەلێکی هەستبزوێن و جوان دەڵێتەوە و پاشان نامەکان پرینت دەکرێن وەک بڵێی بە دەستنووسێکی جوان نووسرابن. لە جیهانی داهاتوویی 'ئەو'دا ئیشەکان، خانۆچکەکان و تەکنۆلۆجیا تا ڕادەیەک جیاواز و دوور لە زەمەنی ئێستایە بەڵام بە تەواوەتی نامۆ نیە.

سپایک جۆنز دەرهێنەری فلیمەکە لە ڕێگای وردەکاری داڕشتنەکانیەوە گەیشتووە بەو تایبەتمەندیە سەرسووڕهێنەرانەی جیهانێکی داهاتوویی کە لە خەیاڵیدا بووە. کەلوپەلەکان و جلوبەرگەکان شێوەی جلی ئەورووپیەکانی ساڵانی ١٩٧٠ دەدەن و هاوکات وردەکاریگەلێکی تێدایە کە وەکوو سوریالی و داهاتوویی دەریاندەخات. ئەم تێکەڵ کردنی نوێ و کۆنە وادەکات جیهانی فلیمەکە ئاشنا بێت بە چاوی بینەران و هەروەها وەکوو خەون و خەیاڵێک بێتە بەرچاو.

تیۆدۆر تۆمبلی پاڵەوانێکی خەمۆک و دوورەپەرێزە کە دەبێتە پێشەنگی بینەر لە گەڕان بە نێو جیهانی 'ئەو'دا. کەسێکی ناسکخەیاڵ بەڵام لاوازە، کاتێ یەکەم جار دەیبینین بە جۆرێک دالۆژیاوە و جووڵەکانی سارد و بێتینن. لە کاتێکدا ڕەنگە پاڵەوانی فلیمەکە بێت، بەڵام پاڵەوانی ژیانی خۆی نیە و وەکوو تیشکێکی نوور یان ڕۆحێکی سەرگەردان لە دونیادا بۆ خۆی دەسووڕێتەوە. تەنانەت ئیشەکەیشی، ئەو وەکوو کەسێکی نەپەنی و نادیار دەردەخات؛ زۆربەی کاتەکان لە پشت مێزەکەی دادەنیشێت و بیر و خەیاڵی تایبەتی کەسانێکی دی دەخولقێنێت، بە جۆرێک کە دەڵێی خەیاڵ و هەستەکانی ئەم هی ئەوانە. لەم جیهانە بیانی و تەکنۆلۆجیاییەدا، تیۆدۆر بە خۆ دوور گرتن و ژیانی ژیانێک لە نێوان هەست و ئەزموونی کەسانی دیکەدا و خۆ سەرقاڵ کردن بە یاریێکی کۆپیوتەری بەردەوام دەبێت و هەوڵ دەدات زۆرتر وەکوو خۆی بێت.

دابڕانی تیۆدۆر لە ویست و ئارەزووەکانی خۆی هەر لە یەکەم پەردەکانی فلیمەکەوە زەق دەبێتەوە. ئەو دواهەمین کەسە کە لە نووسینگەکە دێتە دەرەوە. لە نێو شەمەندەفەرەکە لە گووشیەکەیدا سەیری وێنەی ڕووت دەکات. بە جێگەی وەڵام دانەوەی ئیمەیلی هاوڕێکانی، سەرقاڵی یاری کۆمپیوتەری دەبێت و پێوەندی دەکات بە ژوورێکی چاتی تەلەفوونیەوە بۆ وەرگرتنی چێژی سێکسی. ئەم ڕووداوانە پیشانمان دەدات کە چلۆن تیۆدۆر لە ژیانی خۆی و ویست و ئارەزووەکانی دابڕاوە و نوقمی جیهانێکی ساختە بووە بە دوور لە هەست و ئەزموونە واقیعی و ڕاستەقینەکان. لە زۆر بوارەوە خۆیشی بەشێکە لە جیهانە تەکنۆلۆجیایەکەی دەورووبەری؛ ئەو مرۆڤێکی کۆمپیووتەرئاسای تەنیایە.


ژیانی تیۆدۆر دەگۆڕێت و هەندێک وریا دەبێتەوە لە ڕێگای هێنانی نەرمامێرێکی ژیریی دەستکرد بۆ نێو ژیانی. نەرمامێرەکە خۆی بە نێوی 'سامانتا' دەناسێنێ و لە سەر ڕەگەزی مێ دادەنرێ بە پێێ هەندێک پرسیاری کورت کە لە سەر پێوەندی تیۆدۆر و دایکی دەیپرسێت. سامانتا دەژیت بۆ ئەوەی تا ڕادەیەک لە هەموو بوارێکدا خزمەتی بەکارهێنەرەکەی بکات: ئیمەیلەکانی ڕێک و پێک دەکات، هانی دەدات کە بچێت بۆ سەر ژوانێک و لە یاریە کۆمپیووتەریەکاندا یارمەتی دەدات. سامانتا هەمیشە لەگەڵ تیۆدۆر دەبێت و وەکوو دەنگێکی جوان و چێژبەخش هەموو کات لە گوێیدا دەبێت و لەگەڵی قسە دەکات، تیۆدۆریش بزەیەکی زۆرتر دەکەوێتە سەر لێوی. تیۆدۆر کە ماوەیەکە لە ژنەکەی جیا بووەتەوە وا دیارە کە لە هاوڕێتی سامانتا_ی دەستکرد هەست بە ئاسوودەگی دەکات، ڕەنگە بەو هۆیە بێت کە سامانتا مرۆڤێکی ڕاستەقینە نیە بە هەستە ئاڵۆز و نامەنتقیەکانەوە.

خۆشەویستی سامانتا


هەروا کە دەردەکەوێ، ڕۆبۆتە کۆمپیوتەریەکان دەتوانن ویست و ئارەزوویان هەبێت، ئارەزووی سامانتا_یش ئاڵۆزتر بوونە؛ تاکوو بتوانێ باشتر لاسایی ئەزموون و هەستەکانی مرۆڤ بکاتەوە. کاتێک تیۆدۆر لە نیوەی شەودا هەڵدەستێ و پرسیاری لێ دەکات کە خەریکی چیە، وەڵام دەداتەوە کە سەرقاڵی خوێندنەوەی بابەتگەلێکە سەبارەت بە چۆنیەتی ئاڵۆزتر بوون. بەم شێوازە تیۆدۆر و سامانتا لە ڕێگایەکی هاوتەریب بەڵام پێچەوانەی یەکدان؛ هاوکات کە تیۆدۆر دەیەوێت هەڵبێت لە ئاڵۆزیەکانی مرۆڤ و دەیەوێ کەمتر ئاڵۆز بێت و کەمتر نوقمی خولیاکانی مرۆڤ بێت، سامانتا ئارەزوویەتی کە ئەو ناخە ئاڵۆزەی مرۆڤی هەبێت. نەک هەر ئەمە، سامانتا هەروەها خولیای ئەوەی هەیە کە جەستەیەکی هەبێت، کاتێک لەگەڵ تیۆدۆر سەرقاڵی سەیر کردنی خەڵکن بە شەرمەوە دان بەوەدا دەنێت. لە کاتێکدا تیۆدۆر دەیەوێ خۆی ون بکات و نوقمی تەکنۆلۆجیا (یاری کۆمپیوتەری و پۆرنی ئنتەرنتی) بێت، سامانتا ئارەزوویە کە ببێت بە مرۆڤێک، زیندوو بێت و هەناسە بدات؛ مرۆڤێک بە هەموو گرفت و ئاڵۆزیەکانیەوە.

ئارەزووەکانی سامانتا بۆ زۆرتر بە مرۆڤ بوون و ئاڵۆزتر بوون، هاوتەریب لەگەڵ کێشەکانی تیۆدۆر و کاترین ژنە پێشووەکەیدا دەردەکەوێت. تیۆدۆر بە سامانتا دەڵێت کە کاترین هێشتا لە دەسی تووڕەیە چونکە ئەم 'خۆی لێ شاردووەتەوە' و 'لە پێوەندیەکەیاندا ئەوی بە تەنێ هێشتووەتەوە'. تیۆدۆر بە پێچەوانەی پێوەندیەکەی لەگەڵ سامانتادا کە هەموو سووچەکانی ناخی خۆی دەخاتە بەردەستی و خوڵکی دەکات تاکوو لە هەموو لایەنێکی ژیانیدا هاوڕێی بێت، بیر لەوە دەکاتەوە کە لە پێوەندیەکەی لەگەڵ کاترین دا هیچ خۆی دەرنەخستووە و هەر ئەوە بووە بە هۆی تێکچوونی پێوەندیەکەیان. بەشێک لە کێشەکەی تیۆدۆر ئەوەیە کە زۆرتر هەست بە ئاسوودەیی دەکات کە خۆی بۆ ئامێرێکی نامرۆڤ دەربخات، بۆ سیستەمێکی بەکارخەری٤ نامۆ، تاکوو مرۆڤێکی ئاڵۆز و ڕاستەقینە. سامانتا دەیەوێ کە ئاڵۆزتر و مرۆڤتری تیا دەر بێت، لە کاتێکدا ئەو دوور بوون لە جیهانی واقیع و ڕۆبۆت بوونە سەرنجی تیۆدۆری ڕاکێشاوە و وای کردووە بتوانێت متمانەی پێ بکات.

لە بەشێک لە فلیمەکەدا تیۆدۆر ئیدی زۆر پەیوەست بە سامانتا دەبێت، سامانتا وا دەکات ئەم زۆرتر لە نێو ژیانی خۆیدا بگەڕێت و وزەی زۆرتر دەبێتەوە بۆ ژیان. لە نیوەشەوێکدا کە پێکەوە قسە دەکەن، سامانتا هانی دەدات کە لە جێگاکەی هەستێ و بە شێوازێکی دایکانە دەیدوێنێ. پاشان جارێک لە نێو قەرەباڵغیەکدا تیۆدۆر بە چاوی بەستراوەوە دەبات تا لای پیتزا فرۆشیەک بۆ کڕینی لەتێک پیتزا. بەم شێوازە سامانتا دەبێت بە شتێک زۆرتر لە بەس کۆمپیوتەر یان یاریدەدەرێک، زۆرتر وەکوو جێگری دایکێکی پێ دێت کە لە پرۆسەی هەستان لە خەو و چێشت خواردنەوە تا وزە بەخشین بۆ بەردەوام بوون لە ژیان، لەگەڵ تیۆدۆر دەبێت. ئەم هاوڕێ دیجیتاڵیە دەبێت بە ڕێپیشاندەر بۆ پیاوێکی بێوەری لە هەست و وزەیەکی بەتین بۆ ژیان، لە ئاستێکدا کە لە شتێکی نامرۆڤەوە، لە ئامێرێکەوە وزەی پێویست بۆ ژیان وەردەگرێت؛ لە دەنگێک کە لە گوێیدا قسەی بۆ دەکات کە دەتوانێ هێمای هەستی خۆپاراستن و شایی بێت.

سەرنجی سەرەکی فلیمەکە دەکەوێتە سەر پرسیار سەبارەت بە پێوەندی مرۆڤەکان، دوورەپەرێز بوونیان و ئارەزووی تایبەتی مرۆڤەکان بۆ تێکەڵ بوون لەگەڵ ئەوانی دی، ناسینیان، تێگەیشتن لێیان و پێوەندی ساز کردن لەگەڵیان. تیۆدۆر کاتێک لە شوێنێکی گشتی لەگەڵ سامانتا دا پیاسە دەکەن پێ دەڵێت: 'هەندێ جار سەیری خەڵک دەکەم و پێداگری لە خۆم دەکەم کە هەوڵ بدەم و هەستیان پێ بکەم و لێیان تێبگەم، ناسینێک زۆرتر لەوەی کە بەس کەسێکە بەڕێکەوت لە پاڵمەوە تێپەڕیوە'. ئەو زۆر پێ خۆشە کە لە خەڵکی دیکە تێبگات، تێبگات کە چ شتێک هانیان دەدات و بۆچی فڵانە هەڵسوکەوتیان هەیە، بەڵام ناتوانێ ڕێگای ئەو پێوەندیە لەگەڵیاندا بدۆزێتەوە، ئیدی دەکەوێتە پێوەندی لەگەڵ سامانتا_وە و هەوڵ بۆ پتەو کردنی ئەو پێوەندیە دەدات. هاوڕێکانی داوای لێ دەکەن کاتێکی زۆرتریان لەگەڵ بباتە سەر و ژنە پێشووەکەیشی زۆر لێی زویر و تووڕەیە کە ئەم لە ژیانی هاوبەشیاندا خۆی دەرنەخستووە و ناخی خۆی شاردووەتەوە، بەمانەوە تیۆدۆر هێشتا ناتوانێ ویست و خواستی بۆ پێوەندی گرتن تەک خەڵکدا دەرببڕێت و لە جیاتی ئەوە دەکەوێتە شوێن ڕۆحی سامانتا_وە.


لەگەڵ سامانتادا، تیۆدۆر دەتوانێ دان بەوەدا بنێت کە کێشەی هەیە لە پێوەندی لەگەڵ کەسانی دیکە و دەیەوێ بۆشاییەک بە تایبەت بۆشاییەکی سێکسی لە ناخیدا پڕ بکاتەوە. پاش ئەو ژوانەی کە تێک دەچێت، بە هاوڕێ ڕۆبۆتەکەی دەڵێت کە پێ خۆش بووە لەگەڵ ژنەکە سێکس بکات، نەک لە بەر ئەوەی کە حەزی لێ کردووە، بەڵکوو بۆ ئەوەی ڕەنگە 'ئەو کونە هەرە بچووکە لە نێو دڵمدا پڕ بکاتەوە' بەڵام ڕەنگیشە پڕی نەکاتەوە. کاتێک باسی ئەو سێکسە دەکات کە دەیویست لە ژوانەکەدا بیبوایە بە سامانتا دەڵێت: 'من کەسێکم دەویست کە بمکات، کەسێکم دەویست کە بیەوێ بیکەم'. لە خەیاڵە ئیرۆتیکیەکەیدا خۆی دەنێتە دۆخێکی ئۆبژە بوونەوە، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە خەمۆکی و پەژارەییەکەی پێویستیەتی بە ئامادە بوون و وزە بەخشینی کەسێک پڕ بێتەوە. پەژارەیی تیۆدۆر گرێ دراوە بەو ویستەی کە بوونەوەرە سێکسیەکەی بەرانبەری دڵخۆشی بکات، پاڵی پێوە بنێت بۆ ئەوەی کردەوەی هەبێت، بیکات یان داوای لێ بکات کە ئەم ئەو بکات. تیۆدۆر جیا لە لاوازی و کێشەی لە پێوەندی گرتندا بەرانبەری کێشەیەکی دیکەش دەبێتەوە کە ویستی بۆ نوقم بوون، بۆ سەر نەواندنەوە بەرانبەر ویستی کەسانی دیکە و بوون بە کسێکی دیکە جیاواز لە خۆیە. سامانتا لە تیۆدۆر تێدەگات و دەیخاتەوە بیری کە ئەو 'بەشێک لە خۆی لە ئەو تەڵاقەیدا ون کردووە'. سامانتا و تیۆدۆر هەردووکیان پێوەندی نێوان دوو کەس وەکوو تێکەڵ بوون و توانەوە لە نێو یەکدا دەبینن و جیابوونەوەشیان وەکوو چەشنێک خۆ ون کردن دەزانن، پێش هاوبەشکردنی ئەو ئەزموونە ئیرۆتیکیە خەیاڵیە، هەر دووکیان لە نێوان بێئاگاییەکی هاوبەشدا تێکەڵی یەک دەبن؛ شوێنێک لە نێوان مرۆڤ و نەرمامێر بوون دا.

تەڵاق و جیا بوونەوە


ئارەزووی تیۆدۆر بۆ تێکەڵ بوونی لەگەڵ مرۆڤەکانی دیکە، بۆ ئەوەیە کە کەمتر خۆی بێت و زۆرتر شێوەی کەسانی دیکە بدات، ئەمەش لەو بەشەی وتووێژی لەگەڵ پاول_ی هاوکاریدا بەرجەستە دەبێتەوە. ڕۆژێکیان تیۆدۆر نامەیەکی تایبەت و بەسۆز لە لایەن ژنێکەوە بۆ دۆستەکەی دەنووسێت، پاول سەری سووڕ دەمێنێت لەو هەموو توانای تیۆدۆرە بۆ نووسینی نامەیەکی وەها جوان لە زمانی ژنێکەوە و پێی دەڵێت کە تۆ 'نیوە پیاو و نیوە ژنی'  و دەڵێ کە ئەم توانایەت جێگای ستایشە. ئینجا هۆکاری ئەم توانای تیۆدۆرە دەگەڕێتەوە بۆ توانەوەی شووناسی لەگەڵ ئەو سیستەمی بەکارخەریە کە عاشقی بووە. پاشان تیۆدۆر لە پێوەندیەکانی لەگەڵ ژناندا، خۆیە کە لایەنی ژنانی خۆی سەرکوت دەکات.

ماوەیەکی کورت پاش ساز بوونی خۆشەویستی نێوان تیۆدۆر و سامانتا، تیۆدۆر ئاگادار دەبێتەوە کە ئێمی و چارلز هاوڕێی خەریکن لێک جیا دەبنەوە. ئێمی پێی دەڵێت کە پاش شەڕێکی بچووک تێگەیشتووە کە ئیدی نایەوێ لەو پێوەندیەدا بمێنێتەوە، دەڵێ کە ئەگەر چی خەمینە بەڵام هەست بە ڕزگاری دەکات. ئەمان کە لە سەردەمی خوێنینگەوە هاوڕێ بوونە ئێستا بەم ئەزموونە هاوبەشەی جیا بوونەوە لە هاوژینەکانیان، نزیکتر دەبنەوە.


جیا لە ئەزموونی هاوبەشی تەڵاق، ئێمی و تیۆدۆر هەردووکیان ئەزموونی هاوبەشی کەوتنە خۆشەویستی لەگەڵ سیستەمێکی بەکارخەری_شیان یان هەیە. ئێمی پاش یاری کردن بە گەمەیەکی کۆمپیوتەری کە خۆی دایڕشتووە بە شەرمەوە دانی پێدا دەنێت کە پێوەندیێکی نوێی لەگەڵ سیستەمێکی بەکارخەری ساز کردووە و هەست بە نزیکیێکی زۆر دەکات لەگەڵێدا. کەواتە لە چەند خاڵدا ئێمی و تیۆدۆر زۆر هاوشێوەن؛ هەر دووکیان پاش ڕووخانی ژیانی هاوبەشیان هەست و تینێکی تایبەتیان هەیە بۆ ژیریی دەستکرد. پاش هەست بە شەرمەزاری کردنی بۆ کەوتنە خۆشەویستی سامانتاوە ئێستا تیۆدۆر هەست بە ئاسوودەگی دەکات کە هاوڕێکەی تا ڕادەیەک دەتوانێ لە هەستەکانی و دۆخی ژیانی تێبگات.

ژنە پێشووەکەی تیۆدۆر، هەر چەشنە متمانە بە خۆیەک کە ڕەنگە تیۆدۆر لە پێوەندیەکەی لەگەڵ سامانتادا بە دەستی هێنابێت تێک دەدات. کاتێک یەکدی دەبینن لە ژەمی فراوینەکەدا، ئەو هەستە بەسۆزە مالیخولیایەیان تێکدەچێت کاتێک باسی هاوڕێ کچە نوێکەی تیۆدۆر دێتە پێشێ. تیۆدۆر بە وزەیەکەوە باسی ئەو ڕاستیە دەکات کە سامانتا زۆر بە پەرۆش و ورووژاوە سەبارەت بە ژیان، کاترین ئەمە بە خۆی دەگرێت و پێ وایە تەشەر دەوەشنێ کەواتە ئەم وا نەبووە. کاترین کاتێک دەزانێت کە سامانتا کۆمپیوتەرە، تیۆدۆر دەشکێنێتەوە کە زۆر ترسنۆکە و ناتوانێ لەگەڵ هەستەکانی مرۆڤێکی ڕاستەقینەدا مامەڵە بکات، ئیدی ئاسانی و سانایی ژوان کردن لەگەڵ کۆمپیوتەرێکی پێ خۆشترە. کاتێک کارگوزارەکە پرسیاریان لێ دەکات ئاخۆ شتێکیان پێویست نیە، کاترین دەریدەخات کە تیۆدۆر لە ژیانی هاوبەشیاندا حەزی لە هەستەکانی ئەم نەبووە و بەجێگەی هەوڵ دان و ئیش کردن بۆ چاک کردنی پێوەندیەکەیان ویستوویە دەرمانی دژەخەمۆکی بەکار بێنێت و ئاسییە کە ئازارەکان هێشتا تازە بن.

کاترین و سامانتا تەواو دژ بە یەکن و ئاماژە کردنی کاترین بەم بابەتە وا دەکات کە تیۆدۆر دیسان بیر لە پێوەندیەکەی لەگەڵ سیستەمێکی بەکارخەری و نامۆ بوونی لەگەڵ ژیانی خۆی بکاتەوە. کاتێک کاترین ناسەقامگیر و هەستیارە، سامانتا سەقامگیر و مەنتیقیە. کاتێک کاترین لەگەڵ تیۆدۆر دەکەوێتە دەمەقڕەوە، سامانتا قسەکانی تیۆدۆر قبوڵ دەکات و جەختی دەکاتەوە. بە گشتی کاترین ڕوونی دەکاتەوە کە تیۆدۆر بەو چەشنەی پێویست هەستیار نەبووە و گرینگی نەداوە بە پێداویستیەکانی هاوژینەکەی و هەوڵێکی ئەوتۆی نەداوە بۆ ئەوەی لەگەڵی دا وەکوو ئادەمیزاد بێت. کاتێک تێدەگات ڕەنگە ئەوە ڕاست بێت، پێوەندیەکەی لەگەڵ سامانتادا کەم دەکاتەوە و دەست دەکات بە ناسینی ئەو ئاکار و ڕەوشتانەی کە لە هەبوون و زیندوو بوون دووری دەخەنەوە. کاتێک ژنەکەی پاول ستایشی نامەکەی دەکات کە بۆ ماڵپەڕەکە نووسیویە، تیۆدۆر بەس دەڵێ 'ئەوانە بەس نامەیەکن... ئەوانە نامەی خەڵکی دیکەن و بەس.' لێرەدا دەتوانین ببینین کە تیۆدۆر دەستی کردووە بە پرسیار و گومان کردن لەو حەزەی بۆ تێکەڵ بوون و توانەوە لە نێو کەسانی دیکە و ون کردنی خۆی.

بیرۆکە سەرەکیەکان لە فلیمی ئەودا


تەنیایی و دوورەپەرێزی




یەکێک لە سەرەکیترین بیرۆکەکانی فلیمەکە تەنیایی و دوورەپەرێزییە. تیۆدۆر کەسایەتیە سەرەکیەکەی فلیمەکە لە دواین قۆناغی جیابوونەوە لە هاوژینەکەیدایە و بەس واژۆ کردنی دۆسیەکان ماونتەوە، بەڵام هێشتا واژۆی نەکردووە و دەیەوێ خۆی لەو ڕاستیە کە ژیانی هاوبەشی کۆتایی پێ هاتووە بشارێتەوە. بە درێژایی فلیمەکە دەبینین کە ڕۆژانە لە خەیاڵیدا بیر لەو بیرەوەریە خۆشانەی لە گەڵ هاوژینەکەیدا دەکاتەوە. بە بەردەوام بوون لە سەر ئەم خەیاڵانە خۆی دوور دەگرێ لە خەڵک و جیهانی دەورووبەری. ئەم بیرۆکەیە لە شێوازی وێنەهەڵگریەکەدا پیشان دەدرێت، لەو کاتانەی کە تیۆدۆر هەست بە تەنیایی و دوورخراوەیی دەکات، جۆنز دەرهێنەری فلیمەکە تیۆدۆر دەخاتە نێو فۆکووسێکی تەنکەوە٥ و جیهانی دەورووبەری دەخاتە دەرەوەی فۆکووسەکە. ئەو زۆربەی کات نامۆوە بە جیهان و لە دونیا دابڕاوە تا ئەو کاتەی کە لەگەڵ سیستەمی بەکارخەریەکە ئاشنا دەبێت. کەچی لە ڕاستیدا هەر تەنیایە بەڵام پاش ئەو پێوەندیە تیۆدۆر خەمۆکی و تەنیاییەکەی کەمتر دەبێتەوە، فلیمەکە ئەو پرسیارە دەخاتە بەردەم بینەرەوە کە پێوەندی لەگەڵ کۆمپیوتەرێک ئایا پێوەندیێکی ڕاستەقینەیە؟!

گەشەکردن و دامرکان


بە درێژایی فلیمەکە گەشە کردن و دامرکانی ئەوین و هاوڕێتی دەبینین. تیۆدۆر دەبینین کە لە سەرەتای فلیمەکە ناتوانێ جیابوونەوەی لەگەڵ هاوژینەکەی قبووڵ بکات، زۆر تەنیایە و ئیدی وزە و تینی بۆ هیچ کارێک نەماوە. بەس کاتێک هاوڕێتی لەگەڵ سامانتا ساز دەبێت دەتوانێ وەرەقەکان تەڵاقەکەی واژۆ بکات چونکە هەندێک دڵخۆشی و شایی دۆزیوەتەوە لە ژیانیدا. دووبارە کاتێک پێوەندی لەگەڵ سامانتا دەپچڕێ دیسان تووشی پەژارە و خەمۆکی دەبێت. کاتێ بە یارمەتی سامانتا هەندێک لە کێشەکانی بۆ پێوەندیەکان چارەسەر دەبێت، دەتوانێ بێتەوە ناو کۆمەڵگا و دونیا بە شێوازێکی جیاواز ببینێت و بە ویستی خۆی بەردەوام بێت. فلیمەکە شوێنی دامرکان و گەشەکردن لە پێوەندیەکاندا دەگرێت، پێوەندیەکان گەشە دەکەن پاشان نوقم دەبن و دیسان گەشه دەکەنەوە.

دەرچوون لە بەپرسیارێتی


تیۆدۆر کە دوورەپەرێزی هەڵبژاردووە و خۆی لە دونیا و کێشەکان کە بەرانبەری دەبێتەوە دابڕاندووە، دەیەوێ لە پەرپرسیارێتیەکان خۆی بشارێتەوە. ئەم بیرۆکەیە لە سەرەتای فلیمەکەدا دەبینین کە سەرقاڵی یاری کۆمپیوتەریە، سێکسی تەلەفوونی دەکات و لەگەڵ هاوڕێکانی تێکەڵ نابێت. بەم شێوازە تیۆدۆر خۆی لە کەسانی دەورووبەر دوور دەگرێت و بە هۆی خەمۆکیەوە لە تەنیایی دا دەژیت. ئەو ئاکارە خۆڕووخێنەرە لە ژیانی ژهاوبەشیشیدا ڕەنگی داوەتەوە. دواجار بە سامانتا دەڵێ کە ئەم بەشێک لە خۆی لە هاوژینەکەی شاردووەتەوە و کاتێک کێشەیەک هەبووە یان هەستێکی هەبووە دەری نەبڕیوە، بەم شێوازە نەیویستووە بەرپرسیارێتی هەستەکان و کێشەکان لە ئەستۆ بگرێت و هەر ئەمەش بووە بە هۆی ئازارێک لە ژیانی هاوبەشیاندا.

تەکنۆلۆجیا


یەکێک لە بیرۆکە گرینگەکانی فلیمەکە تەکنۆلۆجیایە و ئەوەیە کە چۆن پێشکەوتن و گەشە کردنی تەکنۆلۆجیا دەتوانێ لە سەر ژیانی مرۆڤ کاریگەری دابنێت. چونکە فلیمەکە لە جیهانی داهاتوویەکی نزیکدایە، زۆرێک لە بەشەکانی تەکنۆلۆجیایی بە شێوازێکی چاوەڕوان نەکراو و پێکەنیناوی گەشەیان کردووە! بۆ نموونە تەکنۆلۆجیا و کۆمەڵگا بە چەشنێک پێشکەوتوون کە ئیشی تیۆدۆر نووسینی نامە بە دەستنووسی جوانە بۆ خەڵكی دیکە بەڵام ئەم ئیشە بە گوتنەوەی نامەکان بۆ کۆمپیتەرێک جێبەجێ دەکات. جیهانی تەکنۆلۆجیایی فلیمەکە پڕە لە ناگونجاوی بێمانا و پێکەنیناوی، شێوازی یارمەتی تەکنۆلۆجیا بۆ پێشکەوتنمان پیشان دەدات بەڵام ناگونجاوی و نامەنتقیشی لەگەڵە. بەشێکی پیشاندەری سنووردار بوونی تەکنۆلۆجیا، سامانتا_یە؛ سیستەمێکی بەکارخەری کە تیۆدۆ لەگەڵی دەکەەوێتە خۆشەویستیەوە. سەرەتا سامانتا هاوشێوەی مرۆڤێکە و ودەنگێکی گەرم و دۆستانەی هەیە، بەڵام دواجار ئەو بەس کۆمپیوتەرێکە؛ کۆمەڵە داتایەک کە بۆ جێبەجێ کردنی هەندێک ئیش داڕێژراون. فلیمەکە ئەوە پیشان دەدات کە کەسێک تا چەندە دەتوانێ لەگەڵ تەکنۆلۆجیا پێوەندیێکی قووڵ ساز بکات، ئەم پرسیارە دەخاتە ڕوو کە سرووشتی مرۆڤ چیە و سرووشتی تەکنۆلۆجیا چیە. ئایا مرۆڤەکان بەس کۆمپیوتەرێکن کە دابین کراوە ئیشێک جێبەجێ بکەن؟ ئایا کۆمپیوتەرەکان دەتوانن هەڵسوکەوت و بیرکردنەوەی مرۆڤیان هەبێت؟ هاوکات کە فلیمەکە لێڵ و ناڕوون دەمێنێتەوە و ئاکام و کۆتایێک ناخاتە ڕوو، پرسیارێکی زۆر سەبارەت بە سرووشتی مرۆڤ و تەکنۆلۆجیا بەرز دەکاتەوە.

سەرچاوە: Grade Saver

پەراوێز:

  1. لە زانستی کۆمپیوتەردا، ژیریی دەستکرد یان ژیریی مەکینەیی ئەو ژیرییەیە کە لە مەکینەکاندا دەبینرێت، کە جیاوازە لەگەڵ ژیری و زیرەکیی سرووشتیی مرۆڤ و ئاژەڵان.
  2. Close Up – وێنەی نزیک لە سینەما و وێنەگریدا بە شێوازێکی وێنە چرکاندن دەگوترێ کە کەسێک یان شتێک بخاتە نێو چوارچێوەیەکی تەسکەوە.
  3. Setting – دیمەن، کات و شوێن کات و شوێنی جوگرافیایی لە گێراندنەوەیەکدا؛ وێژەی داستانی یان ناداستانی. سێتینگ بەشێکی بنەمایی وێژەیە کە یارمەتیدەرە بۆ پێکهێنانی دەستپێک و بنەمای چیرۆکێک.
  4. Operating System – سیستەمی بەکارخەری: کۆمەڵێک بەرنامەی بنەڕەتییە کە ئامێرێک دەخاتە کار.
  5. Shallow focus – فۆکووسی تەنک تەکنیکێکی سینەمایی و وێنەگرییە کە سەرنج دەخاتە سەر بەشێک لە دیمەنەکە و بەشەکانی دیکەی دیمەنەکە دەکەوێتە دەرەوەی ئەو سەرنجەوە، ئەم شێوازە بۆ زەق کردنەوەی بەشێک لە وێنەکە بە کار دەبرێت.

0 سەرنج: