خەوزڕان - Insomnia
دەرهێنەر: کریستۆفەر نۆلان
ئەکتەران: ئال پاچینۆ، ڕۆبین ویلییامز، هیلاری سوانک، مارتین دۆنۆڤان
دەرچوون: ٢٠٠٢
ئەم بابەتە ڕەنگە هەندێک درکاندنی تێدا بێت.
ویل دۆرمەر (ئال پاچینۆ) لەگەڵ هاوکارەکەی هاپ ئەکارت (مارتین دۆنۆڤان) بە فڕۆکەیەکی دوو بزوێنەری لە ڕێگای ڕۆیشتن بۆ شاری نایتمیوتدان، لە ویلایەتی ئالاسکا، بۆ یارمەتی دان بە دۆسییەی کوژرانی کچێکی تازەلاو. ویل لێکۆڵەرێکی شارەزا و بەئەزموون و ماندووە و هاپ لێکۆلەرێکی لاوە. هێزی ئای ئەی١ لە لۆس ئانجلەس بە دووی زانییاریگەلێکەوەیە و ئەمە دەبێتە هۆی ترس و شڵەژان بۆ ویل. ئەگەر هاپ ئەو زانیارییانە بدات پێیان هەموو ژیان و ئیشی ویل دەڕووخێت. ئێستا دەچن بۆ ئەم شارە کە لە وەرزی هاویندا تێدا خۆر ئاوا نابێت - خۆری نیوەشەو دیاردەیەکی سرووشتییە کە لە هاوینداندا لە ناوچەکانی باکووری بازنەی جەمسەری باکوور یان باشووری بازنەی جەمسەری باشووردا ڕوودەدات - بۆ یارمەتی دان بە لێکۆلەرێکی لاو بە ناوی ئێلی بووڕ (هیلاری سوانک).
لە ڕووکاردا فلیمەکە لە بەرهەمێکی هەست بزوێنی پۆلیسی ستانداردی هۆلیڤوودی دەچێت بە هەندێک ئەکتەری ئاست بەرز و بووجەیەکی زۆرەوە. بەڵام وەکوو فلیمێکی نۆلان، دەبێت بە فلیمێک بە ڕوانینێکی قووڵی دەروونناسانەوە کە بینەر تاکوو کۆتایی لەگەڵ خۆی ڕادەکێشێت.
خەوزڕان یەکەم فلیمی نۆلان بوو پاش یادگاری٢ و لێرەشدا وەکوو فلیمی یادگاری پلۆتی چیرۆکەکە لە سەر زەینی باوەڕپێنەکراو و پڕ لە گومانی کەسایەتییە سەرەکیەکەوە دەچێتە پێشێ؛ ویل پاش ڕووداوی نێو مژەکە ئیدی ناتوانێت بخەوێت و تووشی خەوزڕان دەبێت و دەکەوێتە دۆخێکی پڕ لە گومانەوە. لەو فلیمانە نییە کە نهێنی فلیمەکە ئەوە بێت کە ئاخۆ تاوانبارەکە کێیە؟ تاوانبارەکە هەر زوو دەردەکەوێت و نهێنییەکان دەکەونە نێوان پێوەندییەکانی پۆلیس و تاوانبارەکەوە و بڕیارەکانی ویل.
خەوزڕان دیسان چێ کردنەوەی فلیمێکی نەرویجی بەرهەمی ساڵی ١٩٩٨ە، هەر بەم ناوە و بە دەرهێنەری ئێریک سکژۆلدبژارگ. هەڵبەت فلیمەکەی نۆلان بەس چێ کردنەوەیەکی ڕووت نییە، ئەزموونێکی نوێیە لە چیرۆک و مادەکانی فلیمە ڕەسەنەکە؛ وەکوو نواندنێکی نوێ لە شانۆنامەیەکی مەزن. لە فلیمە نەرویجییەکە ئەستێرەی فلیمەکە زۆرتر لە دۆخێکی بوونگەرایانەدایە و گیرۆدەی دۆخێکی ئەخلاقییە کە تێدا پەنگی خواردووە، بەڵام ئال پاچینۆ زۆرتر لایەنێکی فیزیایی دەگرێتە خۆی؛ ئەوەی کە تا کەی بتوانێت بەرگەی ئەو قورساییە بگرێت!؟ پاشان کەسایەتییەک دەردەکەوێت کە زۆر جێگای سەرنجە؛ ڕۆبین ویلیامز کە تا کاتی ئەم فلیمە بە بەرهەمە کۆمیدییەکانیەوە ناسرابوو لە دەوری کەسایەتییەکی جیدیدا دەردەکەوێت کە دەبێتە هۆی سەرسووڕمانی بینەر. سەبارەت بە هەڵبژاردنی ویلیامز بۆ ئەم دەورە، نۆلان گوتوویە: "پێموایە بینەران هەست دەکەن ڕۆبین ویلیامزێکی نوێ دەبینن. ویلییامز لە کەسایەتییەکدا دەبینن کە قەد بیریان لێ نەدەکەردەوە ئەو دەورە بگێڕێت یان لە توانایدا بێت.
ویلیامز کەسێکی ناوازەیە بۆ هاوکاری و ئەو شتەی پێشکەشی کرد، من بە نواندنێکی بێخەوشی دەزانم. سەدان جار لە کاتی مۆنتاژی فلیمەکەدا، فلیمەکەم سەیر کرد و قەت بەو خاڵە نەگەیشتم کە تێدا هەست بە نواندن بکەیت. زۆربەی نواندنەکان لە خاڵێکدا نەختێک کاڵ دەبنەوە و دەردەکەون کە نواندنن. بەڵام سەبارەت بە ڕۆبین، ئەو هەرە زۆر نوقمی کەسایەتییەکە بووبوو. مەبەستم ئەوە نییە کەسێکی ویشک بێت لە ئیشدا، ئەو زۆر ڕووخۆش و ڕووگەش و پڕوزەیە. ئەو بەڕاست شتێکی لە خۆیدا دۆزیەوە. بە ڕای من بەشی دەورگێڕانی ئەو ئیشێکی نایاب و هەرە بەرزە."
بەگشتی گەشە کردنی چیرۆکی فلیمەکە لە هەردوو وەشانەکەدا وەکوو یەکە، پاڵەوانی چیرۆکەکە لەم فلیمە نوێیەدا گرینگترە و لایەنێکی سەرنجڕاکێشی پێ زیاد کراوە.
ویل داوێک دەنێتەوە بۆ بکوژەکە، لە کاتی گرتنیدا مژێکی چڕە و ویل لە نێو مژەکەدا تەقە دەکات و کەچی بەهەڵە هاوڕێکەی خۆی دەپێکێت. دەکرێت پێوەندی بدات بە تاوانبارەکەوە، بەڵام کەسێک شایەتی ڕووداوەکەیە و ئەویش بکوژەکەیە. پاشان پەیوەندی دەکات بە ویلەوە و خۆی و ویل بە یەک دەچوێنێت و پێوایە کوشتنی کچەکە ڕێکەوت بووە. جیاوازییەکی چڕ لە نێوانی ڕوومەتی ئەم دوو کەسایەتییەدا هەیە؛ ویل ڕوومەتێکی ماندوو و وەڕزی هەیە و ژێر چاوانی، لە بێخەوی شین، بوونەتەوە بەڵام واڵتەر ڕوومەتێکی گەش و بریقەداری هەیە. ویل پڕە لە گومان و ئیدی دڵنیا نییە کە ئاخۆ تەقە کردنەکەی بە هەڵە بووە یان بە ئەنقەست، واڵتەر ئەگەرچی لە کاتی کوشتنی کچەکەدا ئازاریشی داوە، تەواو بە دڵنیایەوە خۆی بە بکوژ نازانێت. واڵتەر ڕۆماننووسێکە کە پێوایە دەتوانێت بەر بە لێکۆلینەوەی تاوانەکە بگرێت و تاوانبارێکی دیکەی بۆ درووست بکات، وەکوو ئەوەی بڵێی ڕووداوی نێو یەکێک لە چیرۆکەکانی بووبێت.
ڕوانینی ویل سەبارەت بە تاوان و ئەوەی کە جارێک دەڵێت "ئەوە ئیشی منە، من تاوان دەستنیشان دەکەم" و ئەم چەشنە ڕوانینەی بۆ دادگەری و بڕیار دان لەسەر تاوانبار، هەم توانای بیرکردنەوەی دادگەرانەی خۆی دەخاتە گومانەوە و هەم متمانەی بینەر بە ئەو وەکوو پاڵەوانی فلیمەکە کاڵ دەکاتەوە. هەر وەکوو چۆن تیشکی خۆر لە پەنجەرەی نێو ژوورەکەیەوە دێنە ژوورێ و ئازاری دەدەن و ناهێڵن بخەوێت، هەڵەکانیشی وردە وردە سەرهەڵدەدەن و ئەمەش شڵەژاوییەک و ئاڵۆزییەک لە ناخیدا درووست دەکات. بە درێژایی فلیمەکە هاوکات لەگەڵ چێژ بردن لە چیرۆکە هەستبزوێنەکەی، بینەری تایبەتمەندیگەلێکی دژەپاڵەوانی لە کەسایەتی ویلدا دەبین کە وردە وردە دەخرێنە ڕوو.
1. Roger Ebert / 2002 / 'Insomnia' / RogerEbert
2. Alan Morrison / 2002 / 'Insomnia Review' / Empire Online
پەراوێز:
- ئەو هێزەی چاوەدێری هێزەکانی پۆلیس دەکات و ئەگەر یاسایەک لە لایەن ئەفسەرێکەوە پێشێل کرابێت، بەدواداچوونەوەی بۆ دەکات.
- Memento / 2000
0 سەرنج: