من ئەفسانەم - I Am Legend
دەرهێنەر: فرانسیس لۆرەنس
ئەکتەران: ویڵ سمیت، ئالیس براگا، داش میهۆک
دەرچوون: ٢٠٠٧
فلیمەکە بە وێنای شارێکی چۆڵ و وێرانەوە دەست پێدەکات. کاریگەرییە تایبەتەکانی١ سەرەتای فلیمەکە ئەوەندە بەهێزە کە لاوازی ئیماژەکانی پاشتر دەشارێتەوە. بیناکان خەریکن دەڕووخێن، لە ناو شاردا سەوزە و گیا شین بووە، ئۆتۆمبیلەکان پرژ و بڵاو لە نێو شەقامەکاندا کەوتوون و شارەکە کەسی تێدا نییە. ئۆتۆمبیڵیک بە خێرایی لە سەر شەقامەکە دەردەکەوێت کە تاکە دانیشتووی ڕزگار بووی نێو شارەکەیە و بەس سەگێکی هەیە کە هاوڕێتی دەکات. لە سەر شەقامەکە بە دووی ئاسکێک دەکەوێت کە ڕاوی بکات بەڵام شێرێک بەختی لەم زۆرتر دەبێت و ئاسکەکە دەبێت بە ڕاوی ئەو.
سێ ساڵ تێپەڕیوە لەو ساتەوە کە ڤایرۆسێکی کوشندە بڵاو بووەتەوە و هەموو خەڵکی تەندرووست کوژراون بێجگە یەک کەس؛ دکتۆر ڕۆبەرت نەڤیل (ویڵ سمیت) کە ڤایرۆسناسێکی پێشووی سوپایە. سێ ساڵ لە کەرەنتین کردنی مانهاتەن تێپەڕیوە ولەم ماوەیەدا بەردەوام هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری ڤایرۆسەکەی داوە؛ ئەو بەرانبەر ڤایرۆسەکە پارێزراوە و هەوڵ دەدات خوێنی خۆی بۆ درووست کردنی پێکوتە بەکار بێنێت.
تووشبووانی ڤایرۆسەکە کە پێیان دەگوترێت شەوخوازەکان، بەرگەی ڕووناکی تیشکی خۆر ناگرن و ئیدی بەس بە شەو دێنە دەرەوە؛ بوونەوەرگەلێک کە سەردەمێک مرۆڤ بوون و ئێستا دەعباگەلێکی بێتووک و دڕندە و بێزمانن کە بە جێگەی ددان کەڵبەیان هەیە. ئیدی ڕۆبەرت هەموو شەوێ دەرگا و پەنجەرەکان دادەخات، لە ژێر خانووەکەی تاقیگەیەکی هەیە و لەوێ هەوڵی دۆزینەوەی پێکوتەی ئەم ڤایرۆسە دەدات کە لە ئەنجامی هەوڵێکی پزیشکەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری شێرپەنجە پەرەی سەندووە و درووست بووە.
چیرۆکی فلیمەکە لەسەر ڕۆمانێکی خەیاڵی-زانستی نووسینی ڕیچارد ماتەسۆنە کە لە ساڵی ١٩٥٤دا بڵاو بووەتەوە. پێشتر دوو جار فلیمی لێ درووست کراوە؛ دواهەمین مرۆڤی سەر زەوین (1964) و پیاوی ئۆمەگا(1971). لە چیرۆکی ڕۆمانەکەدا ڕۆبەرت سیر دەڕوێنێت، بە ئاوێنە و چێوی داتاشراوی تیژکراو بەرانبەری دوژمنەکانی دەبێتەوە کە خوێنمژە کلاسیکەکانن نەک ئەم زۆمبییە بەهێزانە. دڵنیا نیم کە بوون بە زانا و چەکدار کردنی و گۆڕانی بوونەوەرەکان، پێشکەوتنێک بووبێت بەڵام ماتیسۆن چەشنێک ڕیالیزمی ساکاری بەکارهێنابوو کە دوو قاتی فلیمەکە کاریگەری هەبوو.
لە من ئەفسانەمدا چیرۆکەکە پرسیارێک سەبارەت بە مەنتق و لۆجیک درووست دەکات؛ ڕۆبەرت تەواو دڵنیایەوە کە تاکە مرۆڤی زیندووە کە ڕزگاری بووە، کەواتە پێکوتە بۆ کێ درووست دەکات؟ ڕەنگە بۆ خۆی! ئەگرچی هیوایەک بە داهاتوو نییە و قوتووی خۆراکەکان ڕۆژێک تەواو دەبن و سەگیش بۆ هەمیشە نامێنێت. هەمیشەش پێم سەیر بووە چۆن دەکرێت مرۆڤێک بە هێزی سنووردارەوە بگۆڕێت بۆ زۆمبییەکی هاوشێوە بە خێرایی و توانای جەستەییەکی بێسنوورەوە؟!
فلیمەکە بە باشی دەمانخاتە نێو چیرۆکەکەی ڕۆبەرتەوە، پاش ڕووداوێک کە بەتەواوی هیوای دەڕووخێت و لە ژیان بێزار دەبێت، شەوێکیان دەچێتە دەرەوە و دەیەوێت تا ئەو کاتەی دەکوژرێت تا دەتوانێت لەو بوونەوەرانە بکوژێت، کە دواتر بە شێوازێکی سەیر کچێک ڕزگاری دەکات بە ناوی ئانا کە لەگەڵ کوڕێدایە بە ناوی ئەتان.
بە زامداری دەیبەنەوە بۆ ماڵ و زامەکەی چارەسەر دەکەن. ئانا دڵنیایە کە کۆلۆنییەک هەیە و دەیەوێت بچێت بۆ لای ئەوان. بەڵام ڕۆبەرت بڕوای بەوە نییە و دەڵێت هەمووان مردوون. ئەو کچە چما دەنگی ڕۆبەرتی لەسەر شەپۆلە ڕادیۆییەکان بیستووە کە داوا دەکات ئەگەر کەسێک زیندوو ماوە بێت بۆ لام. بەڵام ئەوەیە سەیرە کە چۆن گەیشتوونەتە مانهاتەن لە کاتێکدا دەبینین هەموو پردەکانی دوورگەکە تەقێندراونەتەوە بە هۆی کەرەنتینەوە. ڕەنگە بە بەلەم کە ئەویش جێگای گومانە کە چۆن ئەو مەترسییەیان قەبووڵ کردبێت.
هەڵبەت ئەو کچ و کوڕە وزەیەکی چاک دەهێننە ناو فلیمەکەوە لە کاتێکی پێویستدا. دەرهێنەرەکەش بە باشی ساتگەلێکی هەڵپەسێر و کاریگەری درووست کردووە، ئەگەرچی زۆربەی جار هەر فلیمە دەعباییەکانە کە دەعباگەلێک لە شەودا هێرش دەکەن و دەنەڕێنن و شتەکان دەشکێنن. کاریگەرییە تایبەتەکان لەسەر زۆمبییەکان نین لە ئاستی ئیفەکتەکانی دیکەی فلیمەکەدا. زۆرتر وەکوو بوونەوەرگەلێکن کە بەس بۆ پڕ کردنەوەی لایەنی ترس لەوێن و هۆکارێکی ئەوتۆی دیکە نییە بۆ بوونیان.
فلیمەکە پەردەگەلێکی سەرنجڕاکێشی تێدایە وەکوو ئەو ساتەی ڕۆبەرت ماڵاوایی لە ژن و منداڵەکەی دەکات، یان پێوەندی و قسە کردنەکانی لەگەڵ سەگەکەی و مانکەنەکانی نیو فرۆشگەکە. فلیمەکە وێنایەکی جوان لە شارێک پیشان دەدات کە ماوەیەکی درێژە مرۆڤی لەسەر نەماوە. فلیمەکە جوان دەچێتە پێشێ هەرچەند پرسیارگەلێک درووست دەکات کە دواتر بەس لە مێشکی خۆماندا پەنگ دەخۆنەوە.
دەورگێڕانی ویڵ سمیت زۆر جوان و بەهێزە بەڵام فلیمەکە لە دیالۆگەکاندا لاواز دەردەکەوێت و ناتوانێت بە قەد پێویست بینەر نوقمی دیالۆگەکانی بکات. بەڵام شتێک کە جێگای سەرنجە زەق کردنەوەی بیرۆکەی خۆلەناوبردن و دابڕانە کە زۆر ئاڵۆز و قووڵ دەبێتەوە.
Roger Ebert / 2007 / "when you're alone and life is making you lonely, you can go downtown" / Rogerebert
پەراوێز:
- Special Effects
0 سەرنج: