شێت - Psycho دەرهێنەر: ئەلفرێد هیچکۆک ئەکتەران: ئەنتۆنی پێرکینز، ڤێرا مایلز، جۆن گاڤین، مارتین بالسام چەشن: دەروونناسانە، ترسێنەر دەرچوون: 1...

تێبینی فلیم: شێت (سایکۆ)

شێت - Psycho
دەرهێنەر: ئەلفرێد هیچکۆک
ئەکتەران: ئەنتۆنی پێرکینز، ڤێرا مایلز، جۆن گاڤین، مارتین بالسام
چەشن: دەروونناسانە، ترسێنەر
دەرچوون: 1960




'ئەو شتەی کە بینەرانی تووشی سەرسووڕمان کرد، دەربڕینی پەیامێک نەبوو هەروەها دەورگێڕانێکی بێوێنەش نەبوو، ئەوان بە فلیمێکی پەتی ورووژان.'  ئەلفرێد هیچکۆک سەبارەت بە فلیمی شێت بە فرانسوا ترووفۆ وای گوت، لە درێژەدا ئەوەشی باس کرد کە 'فلیمەکە هی بەرهەمهێنەرەکانە، هی تۆ و من.' هیچکۆک بە ئەنقەست دەیویست شێت وەکوو فلیمێکی هەرزان و کەمخەرج بەرهەم بێت. ئەو فلیمەکەی بە ئەکتەرە سەرەکی و گرانە هەمیشەییەکانییەوە چێ نەکرد و لەو ئەکتەرانە کەڵکی گرت وا بۆ نمایشە تەلەفیزیۆنییەکانی بە کاری دەهێنان. فلیمەکەی بە ڕەش و سپی فلیمهەڵگری کرد. ماوەگەلێکی زۆر هیچ دیالۆگێکی تێدا نەبوو. بوودجەی فلیمەکە 800 هەزار دۆلار بوو کە تەنانەت بە پێی پێوەرەکانی ساڵانی 1960 پارەیەکی کەم بوو بۆ درووست کردنی فلیمێک. میوانخانەکە و کۆشکی بنەماڵەی مایتز لە حەوشەی کۆمپانیای فلیمچێکەری یونیڤەرساڵ درووست کرا. فلیمی شێت، زۆرتر لە فلیمگەلێکی نوار وەکوو دەورەدان١ دەچێت تاکوو فلیمە هەستبزوێنە ناوازەکانی هیچکۆک وەکوو پەنجەرەی پشتەوە٢ یان ڤەرتیگۆ٣.

بەڵام بەمانەشەوە هیچ فلیمێکی دیکەی هیچکۆک کاریگەریێکی زۆرتر لەمەی نەبوو. ئەو لە دیمانەکەی لەگەڵ ترووفۆدا گوتی: 'من بینەرانم کۆنترۆڵ دەکرد، لەوانەیە بڵێی کە یاریم پێیان کردووە وەکوو کەرەستەیەک' ئەمە پەشۆکێنەرترین فلیمێک بوو بینەرانی لەو سەردەمەدا بینیبێتیان. ڕێکلامەکان دەیانگوت: 'خاڵی سەرسووڕمانەکان ئاشکرا مەکەن.' ئینجا هیچ فلیمبینێک نەیدەتوانی ئەو سەرسووڕمانانەی هیچکۆک داینابوو بۆیان، پێشبینی بکات؛ کوژرانی ماریۆن (جەنێت لای) ژنەپاڵەوانی فلیمەکە کە بەس یەک لە سێی ماوەی فلیمەکە دەردەکەوێ و پاشان نهێنییەکەی دایکی نۆرمان. هیچکۆک گوتبووی کە 'پێویستە فلیمی شێت هەر لە سەرەتاوە سەیر بکرێ، ئەوانەی کە دێر بگەنە فلیمەکە دواجار چاوەڕێ دەکەن جەنێت ببیننەوە پاش ئەوەی لە دیمەنی فلیمەکەدا نامێنێت.'

ئەم چەشنە سەرسام کردنانە لە ئێستادا بە بەربڵاوی ناسراون بەڵام هێشتا شێت وەکوو فلیمێکی هەستبزوێن⋆_ی ترسێنەر و نهێنی بەردەوامە. ئەمە زۆرتر بە هۆی هونەرمەندی و پسپۆڕی هیچکۆکە لە دوو بواردا؛ شێوازی پێکهێنانی چیرۆکی ماریۆن کراین و پێوەندی نێوان ماریۆن و نۆرمان (ئانتۆنی پەرکینز). هەر دووی ئەم بەشانە بە باشی ئیش دەکەن چونکە هیچکۆک تەواوی هێز و سەرنجی دەخاتە گڕ تاکوو وای پیشان بدات کە گوایە بڕیارە ئەو دوو کەسایەتییە هەتا کۆتایی فلیمەکە بەردەوام بن و گەشە بکەن.

پێکهاتەی فلیمەکە بیرۆکەیەکی تێدایە کە هیچکۆک هەمیشە دووبارەی دەکردەوە: تاوانی کەسێکی ئاسایی کە تووشیاری دۆخێکی تاوانکاری دەبێت. ماریۆن کراین 40 هەزار دۆلار دەدزێت بەڵام دیسان هەر لە پێوانەی هیچکۆک بۆ ساوایەک کە تاوانێک دەکات دەمێنێتەوە. ئێمە یەکەم جار لە دوانیوەڕۆیەک لە ژوورێکی میوانخانەیەکی کۆندا لەگەڵ دۆستەکەی بە نێوی سام لوومیس (جۆن گاڤین) دەیبینین کە لە هاوژینەکەی جیا بووەتەوە. ئەو ناتوانێت لەگەڵ کچەکە هاوسەرگیری بکات بە هۆی نەفەقەیەک کە دەبێت مانگانە بیدات بە ژنە پێشووەکەی، ئێستا ئەمان بە نهێنی یەکدی دەبینن. پاشان پارەکە هی مشتەریێکی زمان لووسە کە بە چەشنێک هەڵسوکەوت دەكات چما لە بەر وەها پارەیەک دەتوانێ ماریۆن بکڕێ. ئیدی ئەوین دەبێت بە هاندەری ماریۆن و قوربانیەکەشی دەبێت بە ئەو زەلامە خوێنتاڵە.


ئەمە ڕێکخستنێکی تەواوە بۆ نەخشە و پلانی فلیمێکی دوو کاژێری هیچکۆک. قەد بۆ ساتێکیش هەست ناکەیت کە ئەمە ڕێكخستنێک بێت بۆ خەڵەتاندن و بە هەڵە بردنمان. کاتێکیش کە ماریۆن هەڵدێ لە شاری فینیکس بەرەو شاری دۆسەکەی لە فایرڤال، یەکێکی دیکە لە شێوازە دڵخوزەکانی هیچکۆک دەبینینەوە؛ پارانۆیا سەبارەت بە پۆلیس. کاتێک لە نێو ماشینەکەیدا لە پاڵ جادەکە خەوی لێ کەوتووە، پۆلیسێکی پاسەوانی ڕێگا گشتییەکان خەبەری دەکاتەوە، پرسیاری لێ دەکات و تا ڕادەیەک جانتاکەی بە پووڵە دزیەتییەکەوە دەبینێت. کچەکە پاشان دەچێت و ترۆمبیلەکەی دەگۆڕێتەوە و دەپەشۆکێ کاتێک دەبینێ هەر ئەو پۆلیسە لە ئەو بەری شەقامەکەوە لە پاڵ ترۆمبیلەکەی پاڵی داوەتەوە و چاوی بڕیوەتە ئەم. هەر کەسێک بۆ یەکەم جار فلیمەکە ببینێت پێی وا دەبێت ئەم بەشە پێشەکی ڕێکخستنی سەرەتای چیرۆکێک دەبێت کە فلیمەکە تا کۆتایی شوێنی کەوێت.

ماریۆن کە ترساو و ماندووە و ڕەنگە پەشیمان بووبێتەوە لە دزیەکەی، بەردەوام دەبێت و نزیک دەبێتەوە بە شاری فایرڤال بەڵام زریانێکی توند لە خێراییەکەی کەم دەکاتەوە و ئیدی دەچێت بۆ میوانخانەکەی بایتز و لەوێ ئەو پێوەندییە کورت و نەگبەتە لەگەڵ نۆرمان دەست پێ دەکات، دیسان هیچکۆک لە ڕێگای پێکهێنانی دیمەن و دیالۆگەکانەوە ئەو قەناعەتەمان لا درووست دەکات کە نۆرمان و ماریۆن دوو کەسایەتی پاشماوەی فلیمەکە بن.


هیچکۆک ئەم ئیشە لە کاتی وتووێژە درێژەکەیان لە دیوەخانەکەی نۆرماندا دەکات، کە لە ژوورەکەدا هەندێک باڵندەی کێوی وشک کراونەتەوە و بە دیوارەکاندا بە چەشنێک هەڵواسراون دەڵێی خوار بوونەتەوە و دەیانەوێ هێرش بەرنە سەر ئەمان وەکوو نێچیرێک. ماریۆن پێشتر دەنگی دایکی نۆرمانی بیستووە کە بە توندی لەگەڵ نۆرمان قسە دەکات. ئەمیش بە نەرمی بە نۆرمان پێشنیار دەکات و دەڵێ کە پێویست ناکات لەم شوێنە داخراوە بمێنێتەوە لەم میوانخانە دۆڕاوە کە بە هاتنی ڕێگا گشتییە نوێکە ئیدی کەس ڕووی تێ ناکا. ئەو گرینگی دەدات بە نۆرمان و هەروەها بیر لە کردەوەکانی خۆی دەکاتەوە. نۆرمان هەستی ورووژاوە و هەست بە هەڕەشە لە لایەن هەستەکانیەوە دەکات و هەر بۆیە ناچارە ئەو بکوژێت.

هیچکۆک دەڵێ، کاتێ نۆرمان بە دزیەوە سەیری ماریۆن دەکات، زۆربەی بینەران وەکوو خوویەکی پێوەندی بە ڤۆیەریزمەوە٤ سەیری بابەتەکە دەکەن. ترووفۆ دەڵێ سەرەتای فلیمەکە کە ماریۆن بە مەمکدان و دەرپێی کورتەوە پیشان دەدرێ ئەم ڤۆیەریزمەی دواییە زەق دەکاتەوە. ئێمە قەد بیر لەوە ناکەینەوە کە پیاوکوژیێک لە ئارادا بێت.

ئەمڕۆ کە پەردەی نێو حەمامەکە دەبینین هەندێ شت بۆمان ڕوون دەبێتەوە. جیاواز لە فلیمە ترسێنەرە مۆدێڕنەکان، شێت قەد کوتانی چەقۆ بە جەستەدا نیشان نادات، هیچ زامێک نابینین، خوێن هەیە بەڵام نەک زۆر. هیچکۆک فلیمەکەی بە ڕەش و سپی هەڵگرت چونکە هەستی دەکرد خەڵک ناتوانن بەرگەی ئەو هەموو خوێنە بە شێوازی ڕەنگی بگرن. دەنگی مۆسیقاکەی بێرنارد هەرمان نراوەتە جێگەی زۆربەی دەنگە ناحەز و ترسێنەرەکان. وێنە نێزیکەکان گرافیکی نین بەڵام هێمایان لەگەڵدایە، وەکوو تێکەڵ بوونی خوێن و ئاو و بە سووڕانەوەوە چوونە نێو گونجەکە، پاشان کامێراکە دیمەنێکی نێزیک هەر بەو ئەندازەیە لە گلێنەی چاوی واق ماوی ماریۆن دەگرێت. ئەمە بەشێكی هەرە کاریگەر بوو لە مێژووی سینەمادا کە پیشانی دا بەرچاو گرتنی دۆخەکان و هونەرزانی زۆر گرینگترە لە وردەکاری وێنەیی و گرافیکی.

پێرکینز ئیشێکی ناوازە دەکات بۆ پێکهێنانی ئەو کەسایەتییە ئاڵۆزەی نۆرمان، بە دەورگێڕانێک کە بووە ئیشێکی نموونەیی. پەرکینز پیشانمان دەدات کە کێشەیەکی بنەڕەتی لە نۆرماندا هەیە و هاوکات هەست و نیشانەکانی لاوێکیشی لەگەڵە کە دەست دەنێتە گیرفانی و لە سەر هەیوانەکە دەڕوات و بزەیەک دەگرێت. بەس کاتێک کە وتوووێژەکان تاکەکەسی دەبنەوە زمانی دەیگرێت و خۆی لە باسەکە دەدزێتەوە، بە جۆرێک کە سەرەتا هەر وەکوو ماریۆن بەزەیمان پێدا دێت.

پاش مەرگی ژنەپاڵەوانی فلیمەکە، نۆرمان بە تەواوی دیمەنی پیاوکوژییەکە خاوێن دەکاتەوە. هیچکۆک بە وردی و نهێنی پاڵەوانەکان دەگۆڕێ. ئێستا ئێمە بە جۆرێک (نەک بە خۆئاگایانە بەڵکوو لە شوێنێکی قووڵتر لە ناخماندا) هەست بە هاوسۆزی لەگەڵ نۆرمان دەکەین، نەک لەبەر ئەوەی دەتوانین خنجەر لە کەسێک بدەین بەڵکوو لەبەر ئەوەی ئەگەر ئەوە بکەین ئێمەش وەکوو ئەو لێوانلێو دەبین لە هەستی ترس و گوناهـ. دیمەنەکە بە وێنەهەڵگریێکی ناوازە کۆتایی پێ دێت کە نۆرمان پاڵ دەنێ بە ترۆمبیلەکەی ماریۆنەوە بەرەو نێو زۆنگاوەکە، ترۆمبیلەکەش جەستەی ماریۆن و پارەکەی تێدایە. ترۆمبیلەکە نوقمی ئاوەکە دەبێت و پاشان ڕادەوەستێ. نۆرمان بە وردی سەیر دەکات و پاشان ترۆمبیلەکە بە تەواوی نوقم دەبێت.

ئەگەر لە هەستەکانمان بکۆڵینەوە دەبینینن کە ئێمەش بە قەد نۆرمان دەمانویست ئەو ترۆمبیلە نوقمی زۆنگاوەکە بێت. پێش ئەوەی دیسان سام لوومیس پیشان بدرێتەوە و لەگەڵ لیلا (ڤێرا مایلز) کۆ ببنەوە، فلیمەکە پاڵەوانێکی نوێی دۆزیوەتەوە: نۆرمان بایتز. ئەمە یەکێک لە بوێرانەترین و ئازایانەترین گۆڕانەکانی هیچکۆکە بە درێژایی ئەزموونی لە سەرسام کردنماندا. پاشماوەی فلیمەکە میلۆدرامایەکی کاریگەرە و دوو شۆکی کاریگەری تێدایە. یەکێکیان کاتێک ئاربۆگاست (مارتین بالسام) لێکۆلەرە تایبەتەکە دەکوژرێ ئەوی دیش ئەو کاتەی نهێنی دایکی نۆرمان ئاشکرا دەبێت.

بۆ بینەرە زیرەکەکان هێشتا شتێکی جێگای سەرنج و سەرسووڕمانێکی دیکەش هەیە. ئەویش ئەو پرسیارەیە کە بۆچی هیچکۆک کۆتایی بەرهەمێکی شاکاری بە دیمەنێک تێكداوە کە بێجێگە و ناحەزە. کاتێک نهێنی پیاوکوژیەکان ڕوون بووەتەوە، دیمەنێکی سەیرمان هەیە کە تێیدا دەرووناسێکی وەڕزکەر (سیمۆن ئۆکلاند) بە دوورودرێژی وتارێک سەبارەت بە هۆکارەکانی هەڵسووکەوتە دەروونییەکانی نۆرمان پێشکەش دەکات. ئەمە دژەلووتکەیەکە٥ و کۆتاییە ورووژێنەرەکەی فلیمەکە تێک دەدات و تەنانەت تا ڕادەیەک بە گاڵتەجاڕی نزیک دەبێتەوە.

ئەگەر ئەوەندە بوێر بوومایە کە گۆڕانکاری لە فلیمەکەی هیچکۆکدا بکەم، بەس شرۆڤە سەرەتاییەکەی دوکتۆرەکەم سەبارەت بە دووکەسایەتی بوونی نۆرمان دادەنا: 'نۆرمان بایتز ئیدی بوونی نیە. هەبوونی ئەو سەرەتا نیوە بوو. ئێستا نیوەکەی دی دەستی بە سەردا گرتووە، ڕەنگە بۆ هەتاهەتایە.' ئینجا هەموو قسەکانی دیکەی دوکتۆرەکەم دەقرتاند و دەچوومە سەر ئەو دیمەنە کە نۆرمان لە بەتانیێکدا پێچراوەتەوە و دەنگی دایکی قسە دەکات: 'جێگای داخە کاتێک دایکێک ناچار دەبێت شتگەلێک بڵێت کە کوڕەکەی خۆی تاوانبار دەکات...' ئەو دەستکارییانە فلیمی شێتی زۆر نزیک بە بێخەوش بوون دەکردەوە. من تەنانەت یەک پشتگیری قایلکەرم نەبیستووە لە سەر فڵتە فڵتەکانی دەروونناسەکە، ترووفۆیش بە وشیاریەوە لە دیمانە ناودارەکەیدا خۆی لێ لا دا.


ئەو شتەی کە شێت دەکاتە بەرهەمێکی نەمر، لە کاتێکدا زۆرێک لە فلیمەکان هەر پاش هاتنە دەرمان لە هۆڵی سینەماکان نیوەی لە بیرمان چووەتەوە، ئەوەیە کە ڕاستەوخۆ پێوەندی بە ترسەکانمانەوە دەکات: ترسی ئێمە لەوەی کە ڕەنگە لە ناکاو تاوانێک بکەین، ترسمان لە پۆلیس، ترسمان لەوەی کە ببین بە قوربانی کەسێکی شێت و هەروەها ترسمان لە بێهیوا خستنی دایکانمان.

سەرچاوە: Roger Ebert

پەراوێز:

  1. Detour – فلیمێکی نواری ساڵی ١٩٤٥ بە دەرهێنەری ئێدگار ئالمێر
  2. Rear Window / 1954
  3. Vertigo / 1958
  4. ڤۆیەریزم: حەزی سێکسی بۆ بە دزیەوە سەیر کردنی خەڵک لە کاتی خۆ ڕووت کردنەوە یان سێکس کردنیان یان ئاکارێکی تر کە پێوەندی بە شتێکی تاکەکەسیەوە بێت. زاراوەکە لە voir وشەیەکی فرەنسیەوە هاتووە کە واتای ‘سەیر کردن’ دەدات.
  5. لە گێڕانەوەدا لووتکە ئەو خاڵە هەرە گرینگەیە کە ململانێ و پێکدادانەکەی نێو چیرۆکەکە دەگات بە بەرزترین ئاست. ساتێکی زۆر گرینگ و خاڵێکی وەرچەرخانە لە دۆخی بەرز بوونەوەی ڕووداوەکانەوە بۆ دابەزینی ڕووداوەکان. دژەلووتکە: دۆخ یان شتێک کە لووتکەی چیرۆکێک تێک بدات و لە ئاستی ورووژێنەرییەکەی کەم بکاتەوە.

0 سەرنج: