یانەی شەڕ - Fight Club دەرهێنەر: دەیڤد فینچەر ئەکتەران: براد پیت، ئێدوارد نۆرتن، هێلێنا بۆنهام کارتەر دەرچوون: ١٩٩٩ یانەی شەڕ لە پاش هیوای ...

تێبینی فلیم: یانەی شەڕ

یانەی شەڕ - Fight Club
دەرهێنەر: دەیڤد فینچەر
ئەکتەران: براد پیت، ئێدوارد نۆرتن، هێلێنا بۆنهام کارتەر
دەرچوون: ١٩٩٩




یانەی شەڕ لە پاش هیوای مەرگ١، ڕاشکاوانەترین و پڕوزەترین فلیمی فاشیستییە بە دەورگێڕانی ئەستێرەگەلێکی گەورەی سینەماوە، فلیمێک بە ئاهەنـگێکی توندووتیژیەوە کە تێیدا پاڵەوانەکان مافی خواردنەوە و جگەرەکێشان و لێدان و تێکشکاندنی یەکدی بۆ خۆیان واژۆ دەکەن.

هەندێ جار بۆ جەو گۆڕین لە یەکدی دەدەن. فلیمێکی پۆرنی پیاوانەیە، لەو چەشنە فلیمە سێکسییانەی کە هۆلیڤوود ساڵانێکە درووستیان دەکات، بەس بەو جیاوازیەوە کە ئیرۆتیکی ڕەگەزەکان گۆڕاوە بۆ شەڕی هەندێک زەلام لە نێو ژوورێکی داخراودا.  ژنان کە ئەزموونێکی دوور و درێژیان لە هەڵسووکەوت لەگەڵ کردار و مەکری کوڕاندا بووە، بە شێوازێکی غەریزی تێدەگەن کە پیاوان ئەگەری هەیە واز لە کاریگەری تێستۆسترۆن بێنن. فلیمەکە زۆر پسپۆڕانە و چاک درووست کراوە و بە نواندنێکی ناوازەوە دەست پێ دەکات و ئەمە ئەو کێشەیە دەشارێتەوە.

ئێدوارد نۆرتن دەوری شارییەکی خەمۆک و تەنیا دەگێڕێت کە لێوانلێوە لە تووڕەیی. ئەو جیهانی خۆی بە شێوازێکی گاڵتەئامێزانە و لە نێو کۆمەڵگایەکی بێنرخدا دەناسێنێت. ژیان و ئیشەکەی خەریە شێتی بکەن. بە مەبەستی چارەسەر کردنی ئازارەکانی، لە کۆبوونەوەکانی پرۆگرامە دوازدە هەنگاوییەکاندا٢ بەشدار دەبێت کە لەوێ دەتوانێ کەسانێکی بێبەختتر لە خۆی ببینێت و لە ئامێزیان بگرێت و بەمجۆرە ئازارەکانیان ساڕێژ بکەن. لە خۆڕا و بێ مەبەست نییە کە یەکەم دانیشتنی لەو کۆبوونەوانەدا تایبەتە بە نەخۆشانی پاش نەشتەرگەری شێرپەنجەی گون، چونکە هەموو فلیمەکە سەبارەت بە پیاوانێکە لە ترسی لەدەست دانی گون و دۆڕانی پیاوەتییاندا دەژین.

دیمەنە سەرەتاییەکانی فلیمەکە کەشێکی ئاڵۆز و نهێنی جوانی تێدایە کە کەسایەتی نۆرتن ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە. ئەو بەس وەکوو گێڕەری چیرۆکەکە دەناسرێت، بە هۆکارگەلێک کە دواتر ڕوون دەبنەوە. کۆبوونەوەکان وەکوو هێمنکەرەوەیەک دەبن و ژیانی تا ڕادەیەک ڕێک و پێک دەکەن تا ئەو کاتەی کە کارەساتەکە ڕوو دەدات: ئاگاداری هەبوونی مارلا (ئێلێنا بۆنهام کارتەر) لە نێو کۆبوونەوەکاندا دەبێتەوە. ئەویش وەکوو ئەم بەس گەشتیارێکە؛ کەسێک کە ئالوودەی هیچ مادەیەکی هۆشبەر نییە بێجگە خودی کۆبوونەوەکان نەبێت. ئەو کچە کارەکەی لێ تێک دەدات. ئەو دەزانێ کە خۆی ساختەچییە بەڵام دەیەوێ دڵنیا بێت کە ئازاری هەموو کەسانی دی ڕاستەقینەیە.

لە نێو فڕۆکەیەکدا کەسایەتییەکی سەرەکی دیکە دەناسێت، تایلەر دووردەن (براد پیت) پیاوێک کە هەڵسووکەوتی زۆر سەرنجڕاکێشە. دەڵێی دەتوانێت بە ڕوونی ناخ و ڕۆحی گێڕەرەکە ببینێت و پاش ماوەیەکی کورت کە ئەپارتمانی گێڕەری چیرۆکەکە لە نهۆمێکی بەرزی بینایەکدا دەتەقێتەوە، دەچێتەوە بۆ لای تایلەر تاکوو داڵەی بدات. شتێکی زۆرتر لەمە وەردەگرێت، ئەو دەچێتە نێو ژێرخانی یانەی شەڕەوە؛ کۆمڵەیەکی نهێنی لە پیاوانێک کە یەکدی دەناسن بە مەبەستی گەیشتن بە ڕزگاری و تێگەیشتن لە خۆ، ئەویش لە ڕێگای لێدان لە یەکتر و یەکتر کوتان.



لەم کاتەدایە کە فلیمەکە واز لە زیرەکی و بلیمەتی و توندی دێنێت و بە جۆرێک دەبێت بە دڵڕەقانەترین فلیم بە دڕندەییەکی ناوازە و بێسنوورەوە کە تا ئێستا فیلمهەڵگری کرابێت. هەموو دەزانن کە ئەگەر بە بێ دەستکێش بە هێزێکی زۆرەوە مست لە کەسێک بدەیت، ئەگەری هەیە هەندێک ئێسقانی کابرا بشکێنیت، کەچی زەلامەکانی نێو یانەی شەڕ بە مستی ئاسنین و پۆڵایینەوە لە یەکدی دەدەن و ئەوانەی بەرپرسی بەرهەمهێنانی دەنگەکانی نێو فلیمەکەن بە ڕۆکێتی پینگ پۆنگ دەکوتن بە قەنەفەکاندا. پاشان فلیمەکە سووڕانەوەیەکی دیکەیشی دەبێت. زۆرێک لە فلیمەکانی ئێستا ناپەسند دەنوێنن و قایلکەر نابن مەگەر ئەوەی کە بتوانن دیمەنگەلێکی کۆتایی زیاد بکەن کە ڕاستی هەموو ئەو شتانە ڕوون بکاتەوە کە پێشتر ڕوویان داوە.

هەمووی ئەمانە سەبارەت بە چین؟ بە پێی وتەکانی دووردەن ئەمانە سەبارەت بە ڕزگار کردنی خۆتن لە هەموو بەربەستەکانی ژیانی مۆدەڕن کە پیاوان لە بەند دەکات و لە پیاوەتییان دەخات. ئەندامانی یانەی شەڕ لە ڕێگای ویست و ئارەزووی ئازار گەیاندن و ئازار وەرگرتن و تاقی کردنەوەی ئەگەری مردن، ڕزگاری دەدۆزنەوە. دووردەن پیاوێکی کاریزمایی و ئاڵۆز و تەماوییە کە دەتوانێت کۆمەڵێکی زۆر لە نێو شارە گەورەکاندا بخاتە ژێر کاریگەری خۆیەوە و وایان لێ بکات ئامادە بن بچنە نێو ژێرخانەکانی یانەی شەڕێکەوە و لەوێ لە یەکتر بدەن.

بە هێمنی و هێواشی لە کۆتاییەکانی فلیمەکەدا ئەو پیلانە زیرەکانەیە ئاشکرا دەبێت. ئایا تایلەر دووردەن بەڕاستی سەرکردەیەکە بە فەلسەفەیەکی بەسوودەوە؟ ئەو دەڵێت: 'بەس پاش ئەو کاتەی کە هەموو شتێکمان دۆڕابێت، ئازادین هەر شتێک بمانەوێ بیکەین' شێوەی کەسێک دەدات لە ڕێگای ڕۆیشتنی بۆ کافەیەک لە سەر سنوور لە ناکاو نیچە لە بەردەمیدا سەوز بووبێت. بە ڕای من ئەو هیچ ڕاستییەکی بەسوودی پێ نییە. ئەو کەسێکی شەلاتێ و تۆقێنەرە، بەڕێوەبەری یانەیەکە کە دیکۆری نییە. هیچ یەک لە ئەندامانی یانەی شەڕ بە هۆی ئەندام بوونیانەوە بەهێزتر یان ئازادتر نابن؛ ئەوان دادەبەزن بۆ کۆمەڵەیەکی ئایینی کە جێگای بەزەیین. کراسی ڕەشیان لە بەر دەکات و لاوێکی توندووتیژ و سەرەڕۆیان لێ درووست دەکات. ئەوەی کە ئایا دووردەن لایەنگەلێکی شاراوە لە دەروونی پیاو پیشان دەدات، ئەو پرسیارەیە کە فلیمەکە وەکوو دەرەتانێک کەڵکی لێ وەردەگرێت بەڵام ناتوانێت لێی دەرچێت، چونکە یانەی شەڕ فلیمێک نییە سەبارەت بە کۆتاییەکەی بێت، بەڵکوو سەبارەت بە کردەوەکەیە.

هەڵبەت یانەی شەڕ خۆی پشتگیری لە فەلسەفە و هزری دووردەن ناکات. پێموا ئاگاداری دانێکە دژ بە ئەو. ڕخنەگرێک کە خۆشم دەوێ دەڵێ: 'چیرۆکێکە سەبارەت بە سرووشتی دڕندەیی مرۆڤ و ئەوەی کە چی ڕوو دەدات ئەگەر کاریگەری خراپی ئیشی وەڕزکەری ڕۆژانە، خەڵک تا ڕادەیەک بەرەو شێتی ببات.' بە ڕای من کاریگەری خراپی فلیمگەلێکی ئەوهایە کە وا دەکات خەڵک بەرەو شێتی بچن. ئەگەرچی کەسانی بەبەهرە و تێفکر دەتوانن لۆجیک بۆ فلیمەکە دابنێن کە گوایە بەڵگە و بۆچوونگەلێک دژ بە ئەو شتەی کە پیشانی دەدات دەخاتە ڕوو، کەچی من پێموایە بینەر زۆرتر حەزی لەو ئاکار و کردارانە دەبێت نەک بەڵگە و تێبینییەکە. بەدڵنیایەوە ئەوان پارە دەدەن و بلیت دەکڕن بۆ ئەوەی پیت و نۆرتن ببینن کە چۆن یەکدی دەکوتن، زۆرینەی خەڵک پاش فلیمەکە دەس دەکەن بە شەڕ کردن تاکوو دەست بکەن بە باس و گفتووگۆ سەبارەت بە فەلسەفەی ئەخلاقی تایلەر دووردەن. دیمەنەکانی وەها فلیمگەلێک خۆیان شرۆڤەی خۆیان دەکەن و گێڕانەوە و باسێکی هەرە زۆری دەوێت تاکوو لە سەر پێچەوانەکەی ڕوونکردنەوە بدرێت.

خودا دەیزانێ ئەکتەرەکان ئەرکی زۆر دەکێشن. نۆرتن و پیت تا ڕادەیەک بە قەد دۆمی موور لە فلیمی جی. ئای. جەین٣ ئازاری جەستەیی دەبینن، ئینجا هێلێنا بۆنهام کارتەر وێنەی ژنێکی تووڕە و بەهێز و جگەرەکێشێکی تۆخ درووست دەکات کە ڕەنگە زۆر وەڕز بێت چونکە هیچ لەو دوو پیاوە پێیان وا نییە کە سێکس کردن لەگەڵ ئەو خۆشتر بێت لە لووت شکانێک. کاتێک ئەکتەرانێکی چاک لە پڕۆژەیەکی وادا دەبینیت پێت سەیرە ئاخۆ بەشداری ئەو ئیشە بوون وەکوو جێگرەوەیەک بۆ شاخەوانی و خەرەندەوانی!

دەیڤد فینچەر فلیمەکەی دەرهێنەری کرد و جیم یوولز فیلمنامەکەی لە سەر ڕۆمانەکەی چووک پۆلێنیک نووسی. لە زۆر بوارەوە وەکوو یاری٤ فلیمەکەی فینچەرە؛ دەبێتە هۆی گەشاندنەوەی توندووتیژی لە نێو تازەلاوانی هەموو سەردەمەکاندا. ئەم فلیمە هەروەها سەبارەت بە پرۆسەی تاقیکردنەوەیەک بوو کە تێیدا پیاوێک کە نوقمی کاپیتالیزم بووە (مایکل دووگلاس) فەرشی ژیانی لە ژێر پێ دەردەهێنرێ و ناچار دەبێت بۆ مانەوە فێری شەڕ کردن بێت.  من ستایشم بۆ فلیمی یاری هەرە زۆرتر بوو لە یانەی شەڕ، چونکە بەڕاستی فلیمێک بوو سەبارەت بە بیرۆکەکانی، لە کاتێکدا پەیامی نێو یانەی شەڕ وەکوو ڕژاندنی پارچەگەلێک لە نرخە کۆمەڵایەتییەکانە بۆ ناو  قەرەباڵغییەکی گەورە.

فینچەر دەرهێنەرێکی چاکە ( بەرهەمەکانی بریتین لە بێگانە ٣٥، یەکێک لە جوانترین فلیمە بەدەکان٦ کە تا ئێستا بینیبێتم و حەوت٧ کە فلیمێکی تاوانکاری زیرەکانە و تونوتێژانە بوو). بە فلیمی یانەی شەڕ چما ویستوویە چەشنێک تاقیکاری بۆ خۆی ڕێک بخات کە بزانێت چەندە لە لووتکە دەتوانێ سەرتر بچێت؟ فلیمەکە زۆر هەستیارانە و بەهێزە و لایەنگەلێک لە توانج و بۆچوونگەلێک لە سەر و ژێری کردارەکانیدا هەیە. ئەگەر هەر لە سەر ئەو شێوازەی لە پەردەی یەکەمدا شوێنی گرتبوو بەردوام بوایە ڕەنگە ببوایە بە فلیمێکی ناوازە. بەڵام پەردەی دووهەم ستایشی ئاکارێکی ناپەسندە و پەردەی سێهەم فێڵکەرانەیە، و فینچەر هەر شتێکی لە مێشکدا بێت و بە پەیامی فلیمەکەی بزانێت، ئەوە ئەو شتە نییە کە زۆربەی بینەران لێ تێدەگەن. یانەی شەڕ وەکوو فەلسەفە لە شەمەندەفەرێکی نێو شاری یاری دەچێت؛ ئەو چەشنە سوارییانە کە هەندێ خەڵک دەڕشێنەوە و هەندێ کەس بە مەراقەوە چاوەڕێ دەکەن دیسان سوار ببنەوە.

سەرچاوە: Roger Ebert

پەراوێز:

  1. Death Wish / 1974
  2. ئەو ڕێکخراوانەی کە ئەندامان خۆبەخشانە بۆ چارەسەری کێشە تاکەکەسییەکانیان لە ڕێگای هاوبەشکردنی ئەزموون و هەستەکانیانەوە بەشدار دەبن وەکوو بە مەبەستی چارەسەری ئالوودەبوون بە مادە هۆشبەرەکان، خواردنەوە، یان پاڵەپەستۆ و کێشە دەروونییەکان و هتد.
  3. G. I Jane / 1997
  4. The Game / 1977
  5. Alien 3 / 1992
  6. فلیمی بەد / Badfilm بە فلیمگەلێک دەگوترێت کە لە ڕوانگەی تەکنیکی یان هونەرییەوە لاوازن و لە ئاستێکی نزم دان بەڵام بەمەشەوە دیسان چێژبەخشن و دەتوانی سەیریان بکەیت. ئەم فلیمانە زۆربەی جار فلیمگەلێکی پلە دوون کە بە پارەیەکی کەمەوە درووست دەکرێن.
  7. Seven / 1995

0 سەرنج: