ئێنۆلا هۆڵمز - Enola Holmes دەرهێنەر: هاری برادبیر ئەکتەران: میلی بۆبی براون، سام کلافلین، هێنری کاڤیل، هێلێنا بۆنام کارتەر دەرچوون: ٢٠٢٠ ئێ...

تێبینی فلیم: ئێنۆلا هۆڵمز

ئێنۆلا هۆڵمز - Enola Holmes
دەرهێنەر: هاری برادبیر
ئەکتەران: میلی بۆبی براون، سام کلافلین، هێنری کاڤیل، هێلێنا بۆنام کارتەر
دەرچوون: ٢٠٢٠




ئێنۆلا هۆڵمز خوشکی دوو لێکۆڵەری بەناوبانگ شێرلۆک (هێنری کاڤیل) و مایکرۆفت هۆڵمز(سام کلافلین)ە. ئێنۆلا کچێکی لاوە کە لە ڕۆژبوونی شازدە ساڵیدا دەبینێت دایکی (هێلێنا بۆنام کارتەر) بەجێ هێشتووە و هەر زوو براکانی دەگەڕێنەوە بۆ سەرپەرشتیاری کردنی. ئەو لە کاتێکەوە ساوایەک بووە براکانی نەدیوە. مایکرۆفت پێداگرە کە ئێنۆلا وەکوو کچێکی لاو بەشی قوتابخانەی کۆتایی١ لە ژێر بەڕێوەبەرایەتی خاتوون هاریسۆندا تەواو بکات و ئامادە بێت بۆ هاوسەرگیری و ڕۆیشتنە نێو کۆمەڵگا. بەڵام ئێنۆلا کە پەروەردەی دەستی دایکییە، وەکوو کچێکی سەربەخۆ گەورە بووە کە ناتوانێت ژیانی ماڵداری و ئەو ژیانەی کەسانی دەورووبەر و کۆمەڵگا بەسەریدا بیسەپێنن قەبووڵ بکات. بە پێی ئەو سەرەداو و نیشانانەی دایکی بەجێی هێشتووە، هەڵدێت بەرەو لەندەن و ئامانجی دەبێت بە دۆزینەوەی دایکی. ئێستا دەبێت دایکی بدۆزێتەوە و لە براکانی هەڵبێت تاکوو نەینێرنەوە بۆ قوتابخانەکە. لە نێو شەمەندەفەرەکەدا کوڕە لاوێکی خانەدان بە ناوی تەوکەسبووری (لویس پارتریج) دێتە سەر ڕێگای کە ئەویش لە چارەنووسێکی ڕەش هەڵاتووە. دواتر لە پاڵ هەوڵەکان و گەڕانی بە شوێن دایکیدا، چیرۆکی تەوکەسبووری و هەروەها دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و گۆڕانکارییەکانی ئنگلیزی ئەو سەردەمە دێنە ئاراوە و هاوکات لەگەڵ گەڕانەکانی بە شوێن دایکیدا ڕوو دەدەن. چیرۆکی فلیمەکە لە ساڵی ١٨٨٤ی ئنگلیزدایە کە کێشمەکێشگەلێک بۆ پەرەدان بە دیموکراسی و هەروەها شەڕی کۆمەڵەی ژنان بۆ بەدەست هێنانی مافی دەنگ دان بەڕێوە دەچێت.

پاش مەرگی باوکیان شێرلۆک و مایکرۆفت ڕیگای ژیانی خۆیان دەگرنە بەر، مایکرۆفت  پۆستێکی حکوومەتی وەردەگرێت و شێرۆک وەکوو لێکۆلەری تایبەتی ئیش دەکات. ئیدی ئێنۆلا لەگەڵ دایکی گەورە دەبێت و هەر لە منداڵییەوە دایکی فێری خوێندنەوە و خۆپاراستن و شەڕ و لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی وەڵامی مەتەڵکان و هتدی دەکات. لە سەرەتای فلیمەکەدا ئێنۆلا ئاماژە بەوە دەکات کە ناوەکەی ئەگەر پێچەوانە پیتەکانی بخوێنیتەوە دەبێت بە " ئڵەون" کە لە ئنگلیزیدا بە مانای تەنیایە. ئەمەش دەبێت بە یەکێک لە بیرۆکە سەرەکییەکانی فلیمەکە و دواتر دەیسەلمێنێت کە تەنیایی مەرج نییە ببێت بە هۆی خەمۆکی و بێهیوایی. دایکی هەموو شتێکی فێر دەکات بێجگە شێوازی هەڵسووکەوت لە کۆمەڵگادا. فێری کچەکەی دەکات کە ژنانیش بە قەد پیاوان هێزیان هەیە و هەرشتێک پیاوان بتوانن، ئەمانیش دەتوانن بیکەن و ئیدی ناچار نییە تاکە ئامانج و شووناسی لە ژیانیدا دۆزینەوەی هاوسەر و منداڵ بەخێو کردن بێت مەگەر ئەوەی خۆی بیەوێت.

دایکی ئێنۆلا فێمینیستێکی تۆخە و لە پێناو بەدەست هێنانی دەنگی ژناندا چالاکی دەکات و لە بەرانبەردا خاتوون هاریسۆن کە بەڕێوەبەری قوتابخانەکەیە دژەفێمێنیستە و ڕوانینی بۆ دۆخی ژنان هەر وەکوو پیاوانە و کچێکی نموونەیی بە کچێک دەزانێت کە ئامادەی هاوسەرگیری بێت و بتوانێت ئەو چاوەڕوانیانە کۆمەڵگا هەیەتی لە خۆیدا دەربخات. کە ئەم ژنەش مامۆستای قوتابخانەیەکە بۆ پەروەردەی کچان بۆ کۆمەڵگا، واتە بەجۆرێک نوێنەری فکر و هزری کۆی گشتی کۆمەڵگایە سەبارەت بە مافی ژنان.

لە فلیمەکەدا هەندێک ئاماژەی فێمێنیستی دیکەش بەدی دەکرێن، بۆ نموونە کاتێک خاتوون هاریسۆن بە ئێنۆلا دەلێت دەبێت کۆرسەت و تەلی بەرز کردنەوەی سمت ببەستێت، ئێنۆلا بە ئۆبژە بوونی دەزانێت و کۆرسەت وەکوو هێمای چەوساندنەوە پێناسە دەکات هەرچەند دواجار دەڵێ کە سوودی خۆیشی هەیە و دەتوانێت بەسوود بێت کاتێک پارەکانی تێدا دەشارێتەوە و جارێکیش بەر بە زامدار بوونی بە چەقۆ دەگرێت. چەند جار بە جلی ژێرەوە و تیشەرتی ژێرەوە دەبینرێت و چەندجار کۆرسەتەکەی توند دەکاتەوە. هەندێ لە جلەکان هێڵی نێوان سینەی دەردەخەن. کاتێک تەوکەسبووری جلە ژێرەکانی دەبینێت، کە دایناوە وشک ببنەوە، شەرم دایدەگرێت و بە پەلەپەل کۆیان دەکاتەوە. چەند جاریش جلی پیاوان دەکاتە بەری بۆ شاردنەوەی کەسایەتی خۆی.
لەو کۆمەڵگایەدا پیاوان دەستی ژنان ماچ دەکەن و ڕێز و سۆزیان بەم چەشنە پیشان دەدەن، ئێنۆلا چەند جار باوەش بە تەوکەسبووری دەکات وەکوو نیشانەی ئەوینێکی خاوێن کە ڕەنگە سەرەتای گەشە کردنی سۆزێکی تایبەت بێت.٢

دواجار فلیمەکە پیشانی دەدات کە تەنیا بوون بە مانای خەمۆکی و خەفەتباری نییە، ئەو تەنیاییە وادەکات ئێنۆلا خۆی بریار بدات و نەچێتە ژێر ڕکێفی بریاری کەسانی دیکەوە و خۆی ڕێگای خۆی هەڵبژێرێت تەنانەت ئەگەر بڕیارەکەی دژی ویستی هەموو کۆمەڵگاش بێت. بە درێژایی چیرۆکەکە و بڕیارەکانی ئێنۆلا، فلیمەکە گرینگی و سەرنج دەخاتە سەر تاکگەرایی و یەکسانی و ئازادییەوە.
فلیمەکە سەرەتا بە چیرۆکی تاقی کردنەوەی ئێنۆلا و ئاستی سەرکەوتوویی دایکی لە پەروەردەیدا دەست پێ دەکات و هەروەها ئاستی پێداگری و ویستی سەربەخۆیی و کۆڵ نەدانی ئێنۆلا. پاشان ململانێی لەگەڵ کەلتوورەکان و کۆمەڵگا و دۆخی سیاسی و کاریگەری کچێکی لاو لە گۆڕانکارییەکانی وڵاتدا. هەروەها بەشگەلێکی سەرنجڕاکێشی دیکە وەکوو درووست بوونی کێبەرکێیەک لە لێکۆلەری لەگەڵ شێرلۆک، برا بچووکەکەی، کە بەپێچوانەی مایکرۆف تواناکان و زیرەکی ئێنۆلا دەبینێت.

بەدرێژایی فلیمەکە گرینگی سەربەخۆیی و ڕزگاری زەق دەبێتەوە کە سەرەتا لە سەربەخۆیی تاک واتە ئێنۆلا و بڕیارەکانی لە ژیانی تاکەکەسی خۆیەوە دەست پێدەکات و پاشان ئەمە گەشە دەکات بۆ هەموو تاکێکی کۆمەڵگا و سیستەمی حکوومەت و گۆڕانکارییەکانی. لەم پرۆسەیەدا میلی بۆبی براون بە جوانی دەوری کچێکی شازدە ساڵی پڕوزە و سەرەڕۆ دەگێڕێت و بەشێکی هەرەزۆری وزەی فلیمەکە لە ئەستۆی دەورگێڕانەکەی ئەم دەبێت.

پەراوێز:

  1.  قوتابخانەی کۆتایی: قوتابخانەی کۆتایی تایبەت بە کچانی لاوە و سەرنج دەخاتە سەر فێرکردنی هەڵسووکەوتی کۆمەڵایەتی و ئامادەکردنی کچان بۆ هاوسەرگیری و ڕۆیشتنە نێو کۆمەڵگاوە.
  2. سەرچاوە: pluggedin.com / Emily Clark

0 سەرنج: