واندەر وومان ٢٠١٧ - Wonder Woman 2017 ئەکتەران: گال گادۆت، کریس پاین، دانی هووستۆن، ئێلێنا ئانایا دەرچوون: ٢٠١٧ دەرهێنەر: پاتی جەنکینز دایان...

تێبینی فلیم: واندەر وومان ٢٠١٧

واندەر وومان ٢٠١٧ - Wonder Woman 2017
ئەکتەران: گال گادۆت، کریس پاین، دانی هووستۆن، ئێلێنا ئانایا
دەرچوون: ٢٠١٧
دەرهێنەر: پاتی جەنکینز




دایانا پرینس (گال گادۆت) بوونەوەرێکی نیوە خودا و نیوە مرۆڤە (هیپۆلیتای دایکی لە قوڕ درووستی کردووە و زیووس گیانی پێ بەخشیوە) کە زیووس دەیداتە دەست ئەمازۆنەکان تاکوو بیپارێزن لە دەستی ئاریز خودانی جەنگ. ئەمازۆنەکان ئەو بوونەوەرانەن کە زیووس درووستی کردوون بۆ ڕزگاری مرۆڤ لە دەستی ئاریز. کاتێک دایانا دێت بۆ لەندەن بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی جیهانی یەکەم و هێنانەوەی ئاسوودەگی و هێمنایەتی بۆ جیهانی مرۆڤەکان، ڕاستی نیوەخودا بوونی لێ شاردراوەتەوە؛ ئەمازۆنەکان پێیان نەگوتووە تاکوو لە دەستی ئاریز بیپارێزن. بەڵام هەندێک لە توانا سەرووسرووشتییەکانی خۆی ناسیوە.

واندەر وومانی گال گادۆت یەکەم جار لە فلیمی باتمان بەرانبەر سووپەرماندا دەرکەوت کە چیرۆکی ئەو فلیمە دەکەوێتە پاش فلیمەکانی واندەر وومانەوە. لە فلیمەکەدا هێزی شەڕ و توانای جەستەیی دایانا و هەروەها شەڕکەری ئەمازۆنەکان و بەرانبەر بوونەوەیان لەگەڵ لەشکرێک سەرباز و تێکشکاندنیان، ئاماژەیەکی فێمنیستییە. هەروەها هەبوونی دژەپاڵەوانێکی ژن، ژنێکی کیمیاگەری ئەڵمانی بە ناوی دکتۆر پۆیزن (وشەی پۆیزن واتە ژەهر) ئاماژەیەکی فێمینیستییە و ڕەنگە بەهێزترین لایەنی فێمینیستی نێو فلیمەکە بێت.

ژنی شەڕکەر لە فلیمەکاندا شتێکی نوێ نییە و لە کەسایەتی ڕیپلەی نێو بێگانەوە تاکوو سارا کۆنۆر لە لەناوبەردا نموونەی کەسایەتی ژنی ئازا و نەبەردمان ناسیوە. هەروەها نموونەیەکی بەرچاوی دیکە کەسایەتی لارا کرۆفتی نێو تۆم ڕایدەرە کە یارییەکی کۆمپووتەرییە و تا ئێستا سێ فلیمیشی لەسەر درووست کراوە.

واندەر وومان ٢٠١٧ یەکەم فلیمێک بوو کە ئەم گەورەپاڵەوانە لە فلیمێکی تایبەت بەم کەسایەتییەدا دەرکەوێت و بوو بە سەرکەوتووترین فلیمێک کە دەرهێنەرەکەی ژن بێت. هەموو گەورەپاڵەوانەکانی پێشوو خولقاوی دەستی نووسەرانی پیاون کە زۆرینەش بۆ بەردەنگی پیاو بەرهەم دێن. لە ساڵی ١٩٤١دا ویلیام موولتۆن مارستۆن کە لە پێوەندی لەگەڵ دوو ژنی فێمینیستدا بوو، بزووتنەوەی شۆڕش بۆ مافی دەنگدانی ژنان لەسەری کاریگەری دادەنێت و ناسراوترین گەورەپاڵەوانی ژنی نێو کۆمیکەکان درووست دەکات. ئەگەرچی ڕەنگە هەندێک لە بیرۆکەکانی مارستۆن سەبارەت بە فێمینیزم ئەمڕۆ وەکوو تایبەتمەندییەکی فێمینیزم نەناسرێت بەڵام هەوڵی دا بۆ بەرز کردنەوی ئەو ڕوانینە کە ژنانیش بەقەد پیاوان بەهێزن ودەبێت وەکوو یەک پیشان بدرێن.

هەندێک دیمەنی فێمینیستی لە فلیمەکەدا:

دەستپێکی فلیمەکە لە دوورگەیەکی بەهەشتاساوە دەست پێ دەکات بە ناوی تەمیسیرا کە دایانا بە نیشتمان ناوی دەبات. دوورگەیەک کە زیووس لە دوا ساتەکاندا ئەو توانایەی پێ دەبەخشێت کە لە چاوی ئاریز ون بێت. دوورگەیەک کە هەموو دانیشتووانی، واتە ئەمازۆنییەکان، ژنن و لەوێ مەشق و ڕاهێنانی شەڕ دەکەن. دایانا لە وەها دۆخێکدا گەورە دەبێت کە ئاساییە ئەو بڕوایەی تێدا درووست بێت کە هەر شتێک بیەوێت دەتوانێت بیکات.

گوێ بە پیاوسالاری نادات. دەچێتە نێو دانیشتنەکانەوە کە هەموو پیاون و ڕێگا بە ژن نادەن بچێتە ژوورێ، بەڵام ئەو گرینگی نادات بە ڕوانین و هەڵسووکەوتی کۆمەڵگا بەرانبەر بە ژن. هەروەها بە پێی شێوازی ژیانی تا ئەوسا، هیچ لەو کەلتوورانە نازانێت و کاتێکیش کە ئاگادار دەبێتەوە گرینگییان پێ نادات. ئیشی سکرتێری، کاتێک ئەتا کاندی (لووسی داڤیس) شرۆڤەی دەکات، دەچوێنێت بە کۆیلایەتییەوە و دەڵێت "لەو شوێنە کە من لێوە هاتووم بەوە دەڵێن کۆیلایەتی". کاتێکیش بۆ شاردنەوەی هەوڵ دەدەن جلێکی بۆ بدۆزنەوە، هیچ هەستێکی بە جلە ژنانەکان نییە و بۆ هەندێکیان دەڵێت ناتوانم لە نێو ئەم جلەدا شەڕ بکەم... خەریکە دەمخنکێنێت... . هەروەها گرینگی بە فرمانی پیاوەکان نادات. بۆ نموونە کاتێک ستیڤ (کریس پاین) دەڵێت ناتوانن بچن بۆ یارمەتی گوندەکە، خۆی بە تەنیا دەچێت و پاشان ئەوانیش ناچارشوێنی دەکەون. لەشکرێک پیاو پێ دەڵێن کە ناتوانێت، بەڵام ئەو لە شوێنێکدا گەورە نەبووە کە 'نەتوانین' قەبووڵ بکات.

دەرهێنەری فلیمەکەش کاتێک دەیەوێت سەرنج بخاتە سەر کەسایەتی دایانا، کامێراکە لە سەر جەستەی دایانا ناوەستێنێت، بەڵکوو سەرنج دەخاتە سەر هەست و ڕوومەتی بۆ پیشاندانی هەستەکانی یان ئەو چەکانەی بەکاریان دێنێت.

کاتێک لە بارەکە دایانا پیاوێک دەدات بە عەرزدا، سەمیر (سەعید تاغماوی) بە ستیڤ دەلێت: هەم ترساوم و هەم ڕەقم کردووە. ئەمە دەکرێت ئاماژەیەکی دژەفێمینیستی بێت کە دیسان ژن بە لایەنە جنسییەکەوە سەیر دەکات. تەنانەت ئەگەر ژنێک زۆریش بەهێز بێت دیسان لەلایەن پیاوانەوە لەپاڵ هێزەکەیەوە، ژن بوونەکە زەق دەکەنەوە تاکوو ئەو هێزە بخەنە نێو بازنەی ژنایەتییەوە و ئەگەر بەراوردێک هەبێت لە نێوان هێزی ئەو ژنە و ژنانی دیکەدا بێت. هەڵبەت ئەوەش دەبێت بەرچاو بگرین کە ئەمە فلیمێکی گەورەساڵانە و هاتنە پێشی باس و وشەگەلێکی جنسی شتێکی ئاساییە.

سەبارەت بەو ڕخنە و پرسیارانەی کە لە گادۆت دەکرا کە چۆن دەتوانێت جلێکی سەرنجڕاکێش لەبەر بکات و ژێر باڵی بتاشێت و خۆی بە فێمینیست بناسێنێت وەڵامی داوەتەوە:
من پێموایە وەکوو فێمینیستێک دەبێت بتوانیت هەرشتێکت پێ خۆش بوو لە بەری بکەیت! بەهەرحاڵ بەگشتی هەڵەتێگەیشتنێک لە بابەتەکە هەیە. فێمینیزم واتە یەکسانی و هەڵبژاردن و ئازادی. ئیدی نووسەران و پاتی و منیش پێمان وابوو کە باشترین ڕێگا بۆ پیشاندانی ئەوە، ئەوەیە کە دایانا بە چەشنێک پیشان بدرێت کە هیچ گرینگییەک بە یاساکانی کۆمەڵگا نادات. ئەو هیچ سنوورێکی ڕەگەزی نییە. بۆ ئەو هەمووان یەکسانن.١

کەواتە ئەگەر بەم پێناسەیەوە سەیری بکەین، واندەر وومان ئیشێکی سەرکەوتوو بووە. فێمینیزم واتە ئازادی و مافی هەڵبژاردن و ئەوەی کە ژن ئەو جۆرەی بژیت کە خۆی دەیەوێت؛ بە بێ گوشار و کاریگەری کۆمەڵگا و بەتایبەت ویستی پیاوان. لە فلیمەکەشدا دەبینین کە بەردەوام دایانا لە سەر بڕیارەکان خۆی هەڵسووکەوت دەکات، ئازادە و خۆی بڕیار دەدات و تەنانەت ئەوە کە پیاون دەپارێزێت. هێزی سەرەکی ئەو، خۆشەویستییە بۆ مرۆڤ و پاراستنی مرۆڤەکان. ئەگەریش هاوکارییەک دەبینین لە کاتی شەڕەکاندا یان پێشنیارێک بۆ شێوازی جێبەجێ کردنی ئیشێک، وەکوو دوو هاوڕێ و بەدەر لە ڕەگەز دەکرێن.

ئەو ڕێکخراوانەی کە دژ بەم پێناسەیە چالاکی دەکەن هەر بە قەد پیاوسالاری دەبنە هۆی چەوساندنەوەی ژن و مافی ژنان. مافی ژن واتە یەکسانی و ئازادی هەڵبژاردن وەکوو پیاوێک، نەک بەربەست دانان بەرنابەر ویستی ژن. ئەگەر بۆ نموونە بە ناوی فێمینیزمەوە بەربەست دابنێیت کە ژنێک چۆن خۆی دەربخات دیسان هەر ئەو چەوساندنەوەیە و بەلاڕێبردنی بزووتنەوە و بیرۆکەکەیە.

دیارە کەسایەتییەک بە جلێکی وا زریق و بریقدار و ڕووتەوە ناکرێت کەسایەتییەکی نموونەیی بۆ فێمینیزم بێت بەڵام بێجگە ئەوە، گەورەپاڵەوانێکە کە بەهێزە و ژنە و ئەمە لایەنە ئەرێنییەکەیە. ڕاستە تەواو بیرێکی ژنانەی لەگەڵ نییە بەڵام خاڵێکی گرینگ و بەهێزە بۆ درووست کرانی بەرهەمی دیکە.

پەراوێز:

  1. سەرچاوە: highsnobiety.com

0 سەرنج: