خەوزڕان - Insomnia دەرهێنەر: کریستۆفەر نۆلان ئەکتەران: ئال پاچینۆ، ڕۆبین ویلییامز، هیلاری سوانک، مارتین دۆنۆڤان دەرچوون: ٢٠٠٢ ئەم بابەتە ڕەن...
خەوزڕان - Insomnia
دەرهێنەر: کریستۆفەر نۆلان
ئەکتەران: ئال پاچینۆ، ڕۆبین ویلییامز، هیلاری سوانک، مارتین دۆنۆڤان
دەرچوون: ٢٠٠٢

ئەم بابەتە ڕەنگە هەندێک درکاندنی تێدا بێت.
ویل دۆرمەر (ئال پاچینۆ) لەگەڵ هاوکارەکەی هاپ ئەکارت (مارتین دۆنۆڤان) بە فڕۆکەیەکی دوو بزوێنەری لە ڕێگای ڕۆیشتن بۆ شاری نایتمیوتدان، لە ویلایەتی ئالاسکا، بۆ یارمەتی دان بە دۆسییەی کوژرانی کچێکی تازەلاو. ویل لێکۆڵەرێکی شارەزا و بەئەزموون و ماندووە و هاپ لێکۆلەرێکی لاوە. هێزی ئای ئەی١ لە لۆس ئانجلەس بە دووی زانییاریگەلێکەوەیە و ئەمە دەبێتە هۆی ترس و شڵەژان بۆ ویل. ئەگەر هاپ ئەو زانیارییانە بدات پێیان هەموو ژیان و ئیشی ویل دەڕووخێت. ئێستا دەچن بۆ ئەم شارە کە لە وەرزی هاویندا تێدا خۆر ئاوا نابێت - خۆری نیوەشەو دیاردەیەکی سرووشتییە کە لە هاوینداندا لە ناوچەکانی باکووری بازنەی جەمسەری باکوور یان باشووری بازنەی جەمسەری باشووردا ڕوودەدات - بۆ یارمەتی دان بە لێکۆلەرێکی لاو بە ناوی ئێلی بووڕ (هیلاری سوانک).
لە ڕووکاردا فلیمەکە لە بەرهەمێکی هەست بزوێنی پۆلیسی ستانداردی هۆلیڤوودی دەچێت بە هەندێک ئەکتەری ئاست بەرز و بووجەیەکی زۆرەوە. بەڵام وەکوو فلیمێکی نۆلان، دەبێت بە فلیمێک بە ڕوانینێکی قووڵی دەروونناسانەوە کە بینەر تاکوو کۆتایی لەگەڵ خۆی ڕادەکێشێت.
خەوزڕان یەکەم فلیمی نۆلان بوو پاش یادگاری٢ و لێرەشدا وەکوو فلیمی یادگاری پلۆتی چیرۆکەکە لە سەر زەینی باوەڕپێنەکراو و پڕ لە گومانی کەسایەتییە سەرەکیەکەوە دەچێتە پێشێ؛ ویل پاش ڕووداوی نێو مژەکە ئیدی ناتوانێت بخەوێت و تووشی خەوزڕان دەبێت و دەکەوێتە دۆخێکی پڕ لە گومانەوە. لەو فلیمانە نییە کە نهێنی فلیمەکە ئەوە بێت کە ئاخۆ تاوانبارەکە کێیە؟ تاوانبارەکە هەر زوو دەردەکەوێت و نهێنییەکان دەکەونە نێوان پێوەندییەکانی پۆلیس و تاوانبارەکەوە و بڕیارەکانی ویل.
خەوزڕان دیسان چێ کردنەوەی فلیمێکی نەرویجی بەرهەمی ساڵی ١٩٩٨ە، هەر بەم ناوە و بە دەرهێنەری ئێریک سکژۆلدبژارگ. هەڵبەت فلیمەکەی نۆلان بەس چێ کردنەوەیەکی ڕووت نییە، ئەزموونێکی نوێیە لە چیرۆک و مادەکانی فلیمە ڕەسەنەکە؛ وەکوو نواندنێکی نوێ لە شانۆنامەیەکی مەزن. لە فلیمە نەرویجییەکە ئەستێرەی فلیمەکە زۆرتر لە دۆخێکی بوونگەرایانەدایە و گیرۆدەی دۆخێکی ئەخلاقییە کە تێدا پەنگی خواردووە، بەڵام ئال پاچینۆ زۆرتر لایەنێکی فیزیایی دەگرێتە خۆی؛ ئەوەی کە تا کەی بتوانێت بەرگەی ئەو قورساییە بگرێت!؟ پاشان کەسایەتییەک دەردەکەوێت کە زۆر جێگای سەرنجە؛ ڕۆبین ویلیامز کە تا کاتی ئەم فلیمە بە بەرهەمە کۆمیدییەکانیەوە ناسرابوو لە دەوری کەسایەتییەکی جیدیدا دەردەکەوێت کە دەبێتە هۆی سەرسووڕمانی بینەر. سەبارەت بە هەڵبژاردنی ویلیامز بۆ ئەم دەورە، نۆلان گوتوویە: "پێموایە بینەران هەست دەکەن ڕۆبین ویلیامزێکی نوێ دەبینن. ویلییامز لە کەسایەتییەکدا دەبینن کە قەد بیریان لێ نەدەکەردەوە ئەو دەورە بگێڕێت یان لە توانایدا بێت.
ویلیامز کەسێکی ناوازەیە بۆ هاوکاری و ئەو شتەی پێشکەشی کرد، من بە نواندنێکی بێخەوشی دەزانم. سەدان جار لە کاتی مۆنتاژی فلیمەکەدا، فلیمەکەم سەیر کرد و قەت بەو خاڵە نەگەیشتم کە تێدا هەست بە نواندن بکەیت. زۆربەی نواندنەکان لە خاڵێکدا نەختێک کاڵ دەبنەوە و دەردەکەون کە نواندنن. بەڵام سەبارەت بە ڕۆبین، ئەو هەرە زۆر نوقمی کەسایەتییەکە بووبوو. مەبەستم ئەوە نییە کەسێکی ویشک بێت لە ئیشدا، ئەو زۆر ڕووخۆش و ڕووگەش و پڕوزەیە. ئەو بەڕاست شتێکی لە خۆیدا دۆزیەوە. بە ڕای من بەشی دەورگێڕانی ئەو ئیشێکی نایاب و هەرە بەرزە."
بەگشتی گەشە کردنی چیرۆکی فلیمەکە لە هەردوو وەشانەکەدا وەکوو یەکە، پاڵەوانی چیرۆکەکە لەم فلیمە نوێیەدا گرینگترە و لایەنێکی سەرنجڕاکێشی پێ زیاد کراوە.
ویل داوێک دەنێتەوە بۆ بکوژەکە، لە کاتی گرتنیدا مژێکی چڕە و ویل لە نێو مژەکەدا تەقە دەکات و کەچی بەهەڵە هاوڕێکەی خۆی دەپێکێت. دەکرێت پێوەندی بدات بە تاوانبارەکەوە، بەڵام کەسێک شایەتی ڕووداوەکەیە و ئەویش بکوژەکەیە. پاشان پەیوەندی دەکات بە ویلەوە و خۆی و ویل بە یەک دەچوێنێت و پێوایە کوشتنی کچەکە ڕێکەوت بووە. جیاوازییەکی چڕ لە نێوانی ڕوومەتی ئەم دوو کەسایەتییەدا هەیە؛ ویل ڕوومەتێکی ماندوو و وەڕزی هەیە و ژێر چاوانی، لە بێخەوی شین، بوونەتەوە بەڵام واڵتەر ڕوومەتێکی گەش و بریقەداری هەیە. ویل پڕە لە گومان و ئیدی دڵنیا نییە کە ئاخۆ تەقە کردنەکەی بە هەڵە بووە یان بە ئەنقەست، واڵتەر ئەگەرچی لە کاتی کوشتنی کچەکەدا ئازاریشی داوە، تەواو بە دڵنیایەوە خۆی بە بکوژ نازانێت. واڵتەر ڕۆماننووسێکە کە پێوایە دەتوانێت بەر بە لێکۆلینەوەی تاوانەکە بگرێت و تاوانبارێکی دیکەی بۆ درووست بکات، وەکوو ئەوەی بڵێی ڕووداوی نێو یەکێک لە چیرۆکەکانی بووبێت.
ڕوانینی ویل سەبارەت بە تاوان و ئەوەی کە جارێک دەڵێت "ئەوە ئیشی منە، من تاوان دەستنیشان دەکەم" و ئەم چەشنە ڕوانینەی بۆ دادگەری و بڕیار دان لەسەر تاوانبار، هەم توانای بیرکردنەوەی دادگەرانەی خۆی دەخاتە گومانەوە و هەم متمانەی بینەر بە ئەو وەکوو پاڵەوانی فلیمەکە کاڵ دەکاتەوە. هەر وەکوو چۆن تیشکی خۆر لە پەنجەرەی نێو ژوورەکەیەوە دێنە ژوورێ و ئازاری دەدەن و ناهێڵن بخەوێت، هەڵەکانیشی وردە وردە سەرهەڵدەدەن و ئەمەش شڵەژاوییەک و ئاڵۆزییەک لە ناخیدا درووست دەکات. بە درێژایی فلیمەکە هاوکات لەگەڵ چێژ بردن لە چیرۆکە هەستبزوێنەکەی، بینەری تایبەتمەندیگەلێکی دژەپاڵەوانی لە کەسایەتی ویلدا دەبین کە وردە وردە دەخرێنە ڕوو.
1. Roger Ebert / 2002 / 'Insomnia' / RogerEbert
2. Alan Morrison / 2002 / 'Insomnia Review' / Empire Online
پەراوێز:
- ئەو هێزەی چاوەدێری هێزەکانی پۆلیس دەکات و ئەگەر یاسایەک لە لایەن ئەفسەرێکەوە پێشێل کرابێت، بەدواداچوونەوەی بۆ دەکات.
- Memento / 2000
من ئەفسانەم - I Am Legend دەرهێنەر: فرانسیس لۆرەنس ئەکتەران: ویڵ سمیت، ئالیس براگا، داش میهۆک دەرچوون: ٢٠٠٧ فلیمەکە بە وێنای شارێکی چۆڵ و وێ...
من ئەفسانەم - I Am Legend
دەرهێنەر: فرانسیس لۆرەنس
ئەکتەران: ویڵ سمیت، ئالیس براگا، داش میهۆک
دەرچوون: ٢٠٠٧

فلیمەکە بە وێنای شارێکی چۆڵ و وێرانەوە دەست پێدەکات. کاریگەرییە تایبەتەکانی١ سەرەتای فلیمەکە ئەوەندە بەهێزە کە لاوازی ئیماژەکانی پاشتر دەشارێتەوە. بیناکان خەریکن دەڕووخێن، لە ناو شاردا سەوزە و گیا شین بووە، ئۆتۆمبیلەکان پرژ و بڵاو لە نێو شەقامەکاندا کەوتوون و شارەکە کەسی تێدا نییە. ئۆتۆمبیڵیک بە خێرایی لە سەر شەقامەکە دەردەکەوێت کە تاکە دانیشتووی ڕزگار بووی نێو شارەکەیە و بەس سەگێکی هەیە کە هاوڕێتی دەکات. لە سەر شەقامەکە بە دووی ئاسکێک دەکەوێت کە ڕاوی بکات بەڵام شێرێک بەختی لەم زۆرتر دەبێت و ئاسکەکە دەبێت بە ڕاوی ئەو.
سێ ساڵ تێپەڕیوە لەو ساتەوە کە ڤایرۆسێکی کوشندە بڵاو بووەتەوە و هەموو خەڵکی تەندرووست کوژراون بێجگە یەک کەس؛ دکتۆر ڕۆبەرت نەڤیل (ویڵ سمیت) کە ڤایرۆسناسێکی پێشووی سوپایە. سێ ساڵ لە کەرەنتین کردنی مانهاتەن تێپەڕیوە ولەم ماوەیەدا بەردەوام هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری ڤایرۆسەکەی داوە؛ ئەو بەرانبەر ڤایرۆسەکە پارێزراوە و هەوڵ دەدات خوێنی خۆی بۆ درووست کردنی پێکوتە بەکار بێنێت.
تووشبووانی ڤایرۆسەکە کە پێیان دەگوترێت شەوخوازەکان، بەرگەی ڕووناکی تیشکی خۆر ناگرن و ئیدی بەس بە شەو دێنە دەرەوە؛ بوونەوەرگەلێک کە سەردەمێک مرۆڤ بوون و ئێستا دەعباگەلێکی بێتووک و دڕندە و بێزمانن کە بە جێگەی ددان کەڵبەیان هەیە. ئیدی ڕۆبەرت هەموو شەوێ دەرگا و پەنجەرەکان دادەخات، لە ژێر خانووەکەی تاقیگەیەکی هەیە و لەوێ هەوڵی دۆزینەوەی پێکوتەی ئەم ڤایرۆسە دەدات کە لە ئەنجامی هەوڵێکی پزیشکەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری شێرپەنجە پەرەی سەندووە و درووست بووە.
چیرۆکی فلیمەکە لەسەر ڕۆمانێکی خەیاڵی-زانستی نووسینی ڕیچارد ماتەسۆنە کە لە ساڵی ١٩٥٤دا بڵاو بووەتەوە. پێشتر دوو جار فلیمی لێ درووست کراوە؛ دواهەمین مرۆڤی سەر زەوین (1964) و پیاوی ئۆمەگا(1971). لە چیرۆکی ڕۆمانەکەدا ڕۆبەرت سیر دەڕوێنێت، بە ئاوێنە و چێوی داتاشراوی تیژکراو بەرانبەری دوژمنەکانی دەبێتەوە کە خوێنمژە کلاسیکەکانن نەک ئەم زۆمبییە بەهێزانە. دڵنیا نیم کە بوون بە زانا و چەکدار کردنی و گۆڕانی بوونەوەرەکان، پێشکەوتنێک بووبێت بەڵام ماتیسۆن چەشنێک ڕیالیزمی ساکاری بەکارهێنابوو کە دوو قاتی فلیمەکە کاریگەری هەبوو.
لە من ئەفسانەمدا چیرۆکەکە پرسیارێک سەبارەت بە مەنتق و لۆجیک درووست دەکات؛ ڕۆبەرت تەواو دڵنیایەوە کە تاکە مرۆڤی زیندووە کە ڕزگاری بووە، کەواتە پێکوتە بۆ کێ درووست دەکات؟ ڕەنگە بۆ خۆی! ئەگرچی هیوایەک بە داهاتوو نییە و قوتووی خۆراکەکان ڕۆژێک تەواو دەبن و سەگیش بۆ هەمیشە نامێنێت. هەمیشەش پێم سەیر بووە چۆن دەکرێت مرۆڤێک بە هێزی سنووردارەوە بگۆڕێت بۆ زۆمبییەکی هاوشێوە بە خێرایی و توانای جەستەییەکی بێسنوورەوە؟!
فلیمەکە بە باشی دەمانخاتە نێو چیرۆکەکەی ڕۆبەرتەوە، پاش ڕووداوێک کە بەتەواوی هیوای دەڕووخێت و لە ژیان بێزار دەبێت، شەوێکیان دەچێتە دەرەوە و دەیەوێت تا ئەو کاتەی دەکوژرێت تا دەتوانێت لەو بوونەوەرانە بکوژێت، کە دواتر بە شێوازێکی سەیر کچێک ڕزگاری دەکات بە ناوی ئانا کە لەگەڵ کوڕێدایە بە ناوی ئەتان.
بە زامداری دەیبەنەوە بۆ ماڵ و زامەکەی چارەسەر دەکەن. ئانا دڵنیایە کە کۆلۆنییەک هەیە و دەیەوێت بچێت بۆ لای ئەوان. بەڵام ڕۆبەرت بڕوای بەوە نییە و دەڵێت هەمووان مردوون. ئەو کچە چما دەنگی ڕۆبەرتی لەسەر شەپۆلە ڕادیۆییەکان بیستووە کە داوا دەکات ئەگەر کەسێک زیندوو ماوە بێت بۆ لام. بەڵام ئەوەیە سەیرە کە چۆن گەیشتوونەتە مانهاتەن لە کاتێکدا دەبینین هەموو پردەکانی دوورگەکە تەقێندراونەتەوە بە هۆی کەرەنتینەوە. ڕەنگە بە بەلەم کە ئەویش جێگای گومانە کە چۆن ئەو مەترسییەیان قەبووڵ کردبێت.
هەڵبەت ئەو کچ و کوڕە وزەیەکی چاک دەهێننە ناو فلیمەکەوە لە کاتێکی پێویستدا. دەرهێنەرەکەش بە باشی ساتگەلێکی هەڵپەسێر و کاریگەری درووست کردووە، ئەگەرچی زۆربەی جار هەر فلیمە دەعباییەکانە کە دەعباگەلێک لە شەودا هێرش دەکەن و دەنەڕێنن و شتەکان دەشکێنن. کاریگەرییە تایبەتەکان لەسەر زۆمبییەکان نین لە ئاستی ئیفەکتەکانی دیکەی فلیمەکەدا. زۆرتر وەکوو بوونەوەرگەلێکن کە بەس بۆ پڕ کردنەوەی لایەنی ترس لەوێن و هۆکارێکی ئەوتۆی دیکە نییە بۆ بوونیان.
فلیمەکە پەردەگەلێکی سەرنجڕاکێشی تێدایە وەکوو ئەو ساتەی ڕۆبەرت ماڵاوایی لە ژن و منداڵەکەی دەکات، یان پێوەندی و قسە کردنەکانی لەگەڵ سەگەکەی و مانکەنەکانی نیو فرۆشگەکە. فلیمەکە وێنایەکی جوان لە شارێک پیشان دەدات کە ماوەیەکی درێژە مرۆڤی لەسەر نەماوە. فلیمەکە جوان دەچێتە پێشێ هەرچەند پرسیارگەلێک درووست دەکات کە دواتر بەس لە مێشکی خۆماندا پەنگ دەخۆنەوە.
دەورگێڕانی ویڵ سمیت زۆر جوان و بەهێزە بەڵام فلیمەکە لە دیالۆگەکاندا لاواز دەردەکەوێت و ناتوانێت بە قەد پێویست بینەر نوقمی دیالۆگەکانی بکات. بەڵام شتێک کە جێگای سەرنجە زەق کردنەوەی بیرۆکەی خۆلەناوبردن و دابڕانە کە زۆر ئاڵۆز و قووڵ دەبێتەوە.
Roger Ebert / 2007 / "when you're alone and life is making you lonely, you can go downtown" / Rogerebert
واندەر وومان ٢٠١٧ - Wonder Woman 2017 ئەکتەران: گال گادۆت، کریس پاین، دانی هووستۆن، ئێلێنا ئانایا دەرچوون: ٢٠١٧ دەرهێنەر: پاتی جەنکینز دایان...
واندەر وومان ٢٠١٧ - Wonder Woman 2017
ئەکتەران: گال گادۆت، کریس پاین، دانی هووستۆن، ئێلێنا ئانایا
دەرچوون: ٢٠١٧
دەرهێنەر: پاتی جەنکینز

دایانا پرینس (گال گادۆت) بوونەوەرێکی نیوە خودا و نیوە مرۆڤە (هیپۆلیتای دایکی لە قوڕ درووستی کردووە و زیووس گیانی پێ بەخشیوە) کە زیووس دەیداتە دەست ئەمازۆنەکان تاکوو بیپارێزن لە دەستی ئاریز خودانی جەنگ. ئەمازۆنەکان ئەو بوونەوەرانەن کە زیووس درووستی کردوون بۆ ڕزگاری مرۆڤ لە دەستی ئاریز. کاتێک دایانا دێت بۆ لەندەن بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی جیهانی یەکەم و هێنانەوەی ئاسوودەگی و هێمنایەتی بۆ جیهانی مرۆڤەکان، ڕاستی نیوەخودا بوونی لێ شاردراوەتەوە؛ ئەمازۆنەکان پێیان نەگوتووە تاکوو لە دەستی ئاریز بیپارێزن. بەڵام هەندێک لە توانا سەرووسرووشتییەکانی خۆی ناسیوە.
واندەر وومانی گال گادۆت یەکەم جار لە فلیمی باتمان بەرانبەر سووپەرماندا دەرکەوت کە چیرۆکی ئەو فلیمە دەکەوێتە پاش فلیمەکانی واندەر وومانەوە. لە فلیمەکەدا هێزی شەڕ و توانای جەستەیی دایانا و هەروەها شەڕکەری ئەمازۆنەکان و بەرانبەر بوونەوەیان لەگەڵ لەشکرێک سەرباز و تێکشکاندنیان، ئاماژەیەکی فێمنیستییە. هەروەها هەبوونی دژەپاڵەوانێکی ژن، ژنێکی کیمیاگەری ئەڵمانی بە ناوی دکتۆر پۆیزن (وشەی پۆیزن واتە ژەهر) ئاماژەیەکی فێمینیستییە و ڕەنگە بەهێزترین لایەنی فێمینیستی نێو فلیمەکە بێت.
ژنی شەڕکەر لە فلیمەکاندا شتێکی نوێ نییە و لە کەسایەتی ڕیپلەی نێو بێگانەوە تاکوو سارا کۆنۆر لە لەناوبەردا نموونەی کەسایەتی ژنی ئازا و نەبەردمان ناسیوە. هەروەها نموونەیەکی بەرچاوی دیکە کەسایەتی لارا کرۆفتی نێو تۆم ڕایدەرە کە یارییەکی کۆمپووتەرییە و تا ئێستا سێ فلیمیشی لەسەر درووست کراوە.
واندەر وومان ٢٠١٧ یەکەم فلیمێک بوو کە ئەم گەورەپاڵەوانە لە فلیمێکی تایبەت بەم کەسایەتییەدا دەرکەوێت و بوو بە سەرکەوتووترین فلیمێک کە دەرهێنەرەکەی ژن بێت. هەموو گەورەپاڵەوانەکانی پێشوو خولقاوی دەستی نووسەرانی پیاون کە زۆرینەش بۆ بەردەنگی پیاو بەرهەم دێن. لە ساڵی ١٩٤١دا ویلیام موولتۆن مارستۆن کە لە پێوەندی لەگەڵ دوو ژنی فێمینیستدا بوو، بزووتنەوەی شۆڕش بۆ مافی دەنگدانی ژنان لەسەری کاریگەری دادەنێت و ناسراوترین گەورەپاڵەوانی ژنی نێو کۆمیکەکان درووست دەکات. ئەگەرچی ڕەنگە هەندێک لە بیرۆکەکانی مارستۆن سەبارەت بە فێمینیزم ئەمڕۆ وەکوو تایبەتمەندییەکی فێمینیزم نەناسرێت بەڵام هەوڵی دا بۆ بەرز کردنەوی ئەو ڕوانینە کە ژنانیش بەقەد پیاوان بەهێزن ودەبێت وەکوو یەک پیشان بدرێن.
هەندێک دیمەنی فێمینیستی لە فلیمەکەدا:
دەستپێکی فلیمەکە لە دوورگەیەکی بەهەشتاساوە دەست پێ دەکات بە ناوی تەمیسیرا کە دایانا بە نیشتمان ناوی دەبات. دوورگەیەک کە زیووس لە دوا ساتەکاندا ئەو توانایەی پێ دەبەخشێت کە لە چاوی ئاریز ون بێت. دوورگەیەک کە هەموو دانیشتووانی، واتە ئەمازۆنییەکان، ژنن و لەوێ مەشق و ڕاهێنانی شەڕ دەکەن. دایانا لە وەها دۆخێکدا گەورە دەبێت کە ئاساییە ئەو بڕوایەی تێدا درووست بێت کە هەر شتێک بیەوێت دەتوانێت بیکات.
گوێ بە پیاوسالاری نادات. دەچێتە نێو دانیشتنەکانەوە کە هەموو پیاون و ڕێگا بە ژن نادەن بچێتە ژوورێ، بەڵام ئەو گرینگی نادات بە ڕوانین و هەڵسووکەوتی کۆمەڵگا بەرانبەر بە ژن. هەروەها بە پێی شێوازی ژیانی تا ئەوسا، هیچ لەو کەلتوورانە نازانێت و کاتێکیش کە ئاگادار دەبێتەوە گرینگییان پێ نادات. ئیشی سکرتێری، کاتێک ئەتا کاندی (لووسی داڤیس) شرۆڤەی دەکات، دەچوێنێت بە کۆیلایەتییەوە و دەڵێت "لەو شوێنە کە من لێوە هاتووم بەوە دەڵێن کۆیلایەتی". کاتێکیش بۆ شاردنەوەی هەوڵ دەدەن جلێکی بۆ بدۆزنەوە، هیچ هەستێکی بە جلە ژنانەکان نییە و بۆ هەندێکیان دەڵێت ناتوانم لە نێو ئەم جلەدا شەڕ بکەم... خەریکە دەمخنکێنێت... . هەروەها گرینگی بە فرمانی پیاوەکان نادات. بۆ نموونە کاتێک ستیڤ (کریس پاین) دەڵێت ناتوانن بچن بۆ یارمەتی گوندەکە، خۆی بە تەنیا دەچێت و پاشان ئەوانیش ناچارشوێنی دەکەون. لەشکرێک پیاو پێ دەڵێن کە ناتوانێت، بەڵام ئەو لە شوێنێکدا گەورە نەبووە کە 'نەتوانین' قەبووڵ بکات.
دەرهێنەری فلیمەکەش کاتێک دەیەوێت سەرنج بخاتە سەر کەسایەتی دایانا، کامێراکە لە سەر جەستەی دایانا ناوەستێنێت، بەڵکوو سەرنج دەخاتە سەر هەست و ڕوومەتی بۆ پیشاندانی هەستەکانی یان ئەو چەکانەی بەکاریان دێنێت.
کاتێک لە بارەکە دایانا پیاوێک دەدات بە عەرزدا، سەمیر (سەعید تاغماوی) بە ستیڤ دەلێت: هەم ترساوم و هەم ڕەقم کردووە. ئەمە دەکرێت ئاماژەیەکی دژەفێمینیستی بێت کە دیسان ژن بە لایەنە جنسییەکەوە سەیر دەکات. تەنانەت ئەگەر ژنێک زۆریش بەهێز بێت دیسان لەلایەن پیاوانەوە لەپاڵ هێزەکەیەوە، ژن بوونەکە زەق دەکەنەوە تاکوو ئەو هێزە بخەنە نێو بازنەی ژنایەتییەوە و ئەگەر بەراوردێک هەبێت لە نێوان هێزی ئەو ژنە و ژنانی دیکەدا بێت. هەڵبەت ئەوەش دەبێت بەرچاو بگرین کە ئەمە فلیمێکی گەورەساڵانە و هاتنە پێشی باس و وشەگەلێکی جنسی شتێکی ئاساییە.
سەبارەت بەو ڕخنە و پرسیارانەی کە لە گادۆت دەکرا کە چۆن دەتوانێت جلێکی سەرنجڕاکێش لەبەر بکات و ژێر باڵی بتاشێت و خۆی بە فێمینیست بناسێنێت وەڵامی داوەتەوە:
من پێموایە وەکوو فێمینیستێک دەبێت بتوانیت هەرشتێکت پێ خۆش بوو لە بەری بکەیت! بەهەرحاڵ بەگشتی هەڵەتێگەیشتنێک لە بابەتەکە هەیە. فێمینیزم واتە یەکسانی و هەڵبژاردن و ئازادی. ئیدی نووسەران و پاتی و منیش پێمان وابوو کە باشترین ڕێگا بۆ پیشاندانی ئەوە، ئەوەیە کە دایانا بە چەشنێک پیشان بدرێت کە هیچ گرینگییەک بە یاساکانی کۆمەڵگا نادات. ئەو هیچ سنوورێکی ڕەگەزی نییە. بۆ ئەو هەمووان یەکسانن.١
کەواتە ئەگەر بەم پێناسەیەوە سەیری بکەین، واندەر وومان ئیشێکی سەرکەوتوو بووە. فێمینیزم واتە ئازادی و مافی هەڵبژاردن و ئەوەی کە ژن ئەو جۆرەی بژیت کە خۆی دەیەوێت؛ بە بێ گوشار و کاریگەری کۆمەڵگا و بەتایبەت ویستی پیاوان. لە فلیمەکەشدا دەبینین کە بەردەوام دایانا لە سەر بڕیارەکان خۆی هەڵسووکەوت دەکات، ئازادە و خۆی بڕیار دەدات و تەنانەت ئەوە کە پیاون دەپارێزێت. هێزی سەرەکی ئەو، خۆشەویستییە بۆ مرۆڤ و پاراستنی مرۆڤەکان. ئەگەریش هاوکارییەک دەبینین لە کاتی شەڕەکاندا یان پێشنیارێک بۆ شێوازی جێبەجێ کردنی ئیشێک، وەکوو دوو هاوڕێ و بەدەر لە ڕەگەز دەکرێن.
ئەو ڕێکخراوانەی کە دژ بەم پێناسەیە چالاکی دەکەن هەر بە قەد پیاوسالاری دەبنە هۆی چەوساندنەوەی ژن و مافی ژنان. مافی ژن واتە یەکسانی و ئازادی هەڵبژاردن وەکوو پیاوێک، نەک بەربەست دانان بەرنابەر ویستی ژن. ئەگەر بۆ نموونە بە ناوی فێمینیزمەوە بەربەست دابنێیت کە ژنێک چۆن خۆی دەربخات دیسان هەر ئەو چەوساندنەوەیە و بەلاڕێبردنی بزووتنەوە و بیرۆکەکەیە.
دیارە کەسایەتییەک بە جلێکی وا زریق و بریقدار و ڕووتەوە ناکرێت کەسایەتییەکی نموونەیی بۆ فێمینیزم بێت بەڵام بێجگە ئەوە، گەورەپاڵەوانێکە کە بەهێزە و ژنە و ئەمە لایەنە ئەرێنییەکەیە. ڕاستە تەواو بیرێکی ژنانەی لەگەڵ نییە بەڵام خاڵێکی گرینگ و بەهێزە بۆ درووست کرانی بەرهەمی دیکە.
پەراوێز:
- سەرچاوە: highsnobiety.com
ئێنۆلا هۆڵمز - Enola Holmes دەرهێنەر: هاری برادبیر ئەکتەران: میلی بۆبی براون، سام کلافلین، هێنری کاڤیل، هێلێنا بۆنام کارتەر دەرچوون: ٢٠٢٠ ئێ...
ئێنۆلا هۆڵمز - Enola Holmes
دەرهێنەر: هاری برادبیر
ئەکتەران: میلی بۆبی براون، سام کلافلین، هێنری کاڤیل، هێلێنا بۆنام کارتەر
دەرچوون: ٢٠٢٠

ئێنۆلا هۆڵمز خوشکی دوو لێکۆڵەری بەناوبانگ شێرلۆک (هێنری کاڤیل) و مایکرۆفت هۆڵمز(سام کلافلین)ە. ئێنۆلا کچێکی لاوە کە لە ڕۆژبوونی شازدە ساڵیدا دەبینێت دایکی (هێلێنا بۆنام کارتەر) بەجێ هێشتووە و هەر زوو براکانی دەگەڕێنەوە بۆ سەرپەرشتیاری کردنی. ئەو لە کاتێکەوە ساوایەک بووە براکانی نەدیوە. مایکرۆفت پێداگرە کە ئێنۆلا وەکوو کچێکی لاو بەشی قوتابخانەی کۆتایی١ لە ژێر بەڕێوەبەرایەتی خاتوون هاریسۆندا تەواو بکات و ئامادە بێت بۆ هاوسەرگیری و ڕۆیشتنە نێو کۆمەڵگا. بەڵام ئێنۆلا کە پەروەردەی دەستی دایکییە، وەکوو کچێکی سەربەخۆ گەورە بووە کە ناتوانێت ژیانی ماڵداری و ئەو ژیانەی کەسانی دەورووبەر و کۆمەڵگا بەسەریدا بیسەپێنن قەبووڵ بکات. بە پێی ئەو سەرەداو و نیشانانەی دایکی بەجێی هێشتووە، هەڵدێت بەرەو لەندەن و ئامانجی دەبێت بە دۆزینەوەی دایکی. ئێستا دەبێت دایکی بدۆزێتەوە و لە براکانی هەڵبێت تاکوو نەینێرنەوە بۆ قوتابخانەکە. لە نێو شەمەندەفەرەکەدا کوڕە لاوێکی خانەدان بە ناوی تەوکەسبووری (لویس پارتریج) دێتە سەر ڕێگای کە ئەویش لە چارەنووسێکی ڕەش هەڵاتووە. دواتر لە پاڵ هەوڵەکان و گەڕانی بە شوێن دایکیدا، چیرۆکی تەوکەسبووری و هەروەها دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و گۆڕانکارییەکانی ئنگلیزی ئەو سەردەمە دێنە ئاراوە و هاوکات لەگەڵ گەڕانەکانی بە شوێن دایکیدا ڕوو دەدەن. چیرۆکی فلیمەکە لە ساڵی ١٨٨٤ی ئنگلیزدایە کە کێشمەکێشگەلێک بۆ پەرەدان بە دیموکراسی و هەروەها شەڕی کۆمەڵەی ژنان بۆ بەدەست هێنانی مافی دەنگ دان بەڕێوە دەچێت.
پاش مەرگی باوکیان شێرلۆک و مایکرۆفت ڕیگای ژیانی خۆیان دەگرنە بەر، مایکرۆفت پۆستێکی حکوومەتی وەردەگرێت و شێرۆک وەکوو لێکۆلەری تایبەتی ئیش دەکات. ئیدی ئێنۆلا لەگەڵ دایکی گەورە دەبێت و هەر لە منداڵییەوە دایکی فێری خوێندنەوە و خۆپاراستن و شەڕ و لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی وەڵامی مەتەڵکان و هتدی دەکات. لە سەرەتای فلیمەکەدا ئێنۆلا ئاماژە بەوە دەکات کە ناوەکەی ئەگەر پێچەوانە پیتەکانی بخوێنیتەوە دەبێت بە " ئڵەون" کە لە ئنگلیزیدا بە مانای تەنیایە. ئەمەش دەبێت بە یەکێک لە بیرۆکە سەرەکییەکانی فلیمەکە و دواتر دەیسەلمێنێت کە تەنیایی مەرج نییە ببێت بە هۆی خەمۆکی و بێهیوایی. دایکی هەموو شتێکی فێر دەکات بێجگە شێوازی هەڵسووکەوت لە کۆمەڵگادا. فێری کچەکەی دەکات کە ژنانیش بە قەد پیاوان هێزیان هەیە و هەرشتێک پیاوان بتوانن، ئەمانیش دەتوانن بیکەن و ئیدی ناچار نییە تاکە ئامانج و شووناسی لە ژیانیدا دۆزینەوەی هاوسەر و منداڵ بەخێو کردن بێت مەگەر ئەوەی خۆی بیەوێت.
دایکی ئێنۆلا فێمینیستێکی تۆخە و لە پێناو بەدەست هێنانی دەنگی ژناندا چالاکی دەکات و لە بەرانبەردا خاتوون هاریسۆن کە بەڕێوەبەری قوتابخانەکەیە دژەفێمێنیستە و ڕوانینی بۆ دۆخی ژنان هەر وەکوو پیاوانە و کچێکی نموونەیی بە کچێک دەزانێت کە ئامادەی هاوسەرگیری بێت و بتوانێت ئەو چاوەڕوانیانە کۆمەڵگا هەیەتی لە خۆیدا دەربخات. کە ئەم ژنەش مامۆستای قوتابخانەیەکە بۆ پەروەردەی کچان بۆ کۆمەڵگا، واتە بەجۆرێک نوێنەری فکر و هزری کۆی گشتی کۆمەڵگایە سەبارەت بە مافی ژنان.
لە فلیمەکەدا هەندێک ئاماژەی فێمێنیستی دیکەش بەدی دەکرێن، بۆ نموونە کاتێک خاتوون هاریسۆن بە ئێنۆلا دەلێت دەبێت کۆرسەت و تەلی بەرز کردنەوەی سمت ببەستێت، ئێنۆلا بە ئۆبژە بوونی دەزانێت و کۆرسەت وەکوو هێمای چەوساندنەوە پێناسە دەکات هەرچەند دواجار دەڵێ کە سوودی خۆیشی هەیە و دەتوانێت بەسوود بێت کاتێک پارەکانی تێدا دەشارێتەوە و جارێکیش بەر بە زامدار بوونی بە چەقۆ دەگرێت. چەند جار بە جلی ژێرەوە و تیشەرتی ژێرەوە دەبینرێت و چەندجار کۆرسەتەکەی توند دەکاتەوە. هەندێ لە جلەکان هێڵی نێوان سینەی دەردەخەن. کاتێک تەوکەسبووری جلە ژێرەکانی دەبینێت، کە دایناوە وشک ببنەوە، شەرم دایدەگرێت و بە پەلەپەل کۆیان دەکاتەوە. چەند جاریش جلی پیاوان دەکاتە بەری بۆ شاردنەوەی کەسایەتی خۆی.
لەو کۆمەڵگایەدا پیاوان دەستی ژنان ماچ دەکەن و ڕێز و سۆزیان بەم چەشنە پیشان دەدەن، ئێنۆلا چەند جار باوەش بە تەوکەسبووری دەکات وەکوو نیشانەی ئەوینێکی خاوێن کە ڕەنگە سەرەتای گەشە کردنی سۆزێکی تایبەت بێت.٢
دواجار فلیمەکە پیشانی دەدات کە تەنیا بوون بە مانای خەمۆکی و خەفەتباری نییە، ئەو تەنیاییە وادەکات ئێنۆلا خۆی بریار بدات و نەچێتە ژێر ڕکێفی بریاری کەسانی دیکەوە و خۆی ڕێگای خۆی هەڵبژێرێت تەنانەت ئەگەر بڕیارەکەی دژی ویستی هەموو کۆمەڵگاش بێت. بە درێژایی چیرۆکەکە و بڕیارەکانی ئێنۆلا، فلیمەکە گرینگی و سەرنج دەخاتە سەر تاکگەرایی و یەکسانی و ئازادییەوە.
فلیمەکە سەرەتا بە چیرۆکی تاقی کردنەوەی ئێنۆلا و ئاستی سەرکەوتوویی دایکی لە پەروەردەیدا دەست پێ دەکات و هەروەها ئاستی پێداگری و ویستی سەربەخۆیی و کۆڵ نەدانی ئێنۆلا. پاشان ململانێی لەگەڵ کەلتوورەکان و کۆمەڵگا و دۆخی سیاسی و کاریگەری کچێکی لاو لە گۆڕانکارییەکانی وڵاتدا. هەروەها بەشگەلێکی سەرنجڕاکێشی دیکە وەکوو درووست بوونی کێبەرکێیەک لە لێکۆلەری لەگەڵ شێرلۆک، برا بچووکەکەی، کە بەپێچوانەی مایکرۆف تواناکان و زیرەکی ئێنۆلا دەبینێت.
بەدرێژایی فلیمەکە گرینگی سەربەخۆیی و ڕزگاری زەق دەبێتەوە کە سەرەتا لە سەربەخۆیی تاک واتە ئێنۆلا و بڕیارەکانی لە ژیانی تاکەکەسی خۆیەوە دەست پێدەکات و پاشان ئەمە گەشە دەکات بۆ هەموو تاکێکی کۆمەڵگا و سیستەمی حکوومەت و گۆڕانکارییەکانی. لەم پرۆسەیەدا میلی بۆبی براون بە جوانی دەوری کچێکی شازدە ساڵی پڕوزە و سەرەڕۆ دەگێڕێت و بەشێکی هەرەزۆری وزەی فلیمەکە لە ئەستۆی دەورگێڕانەکەی ئەم دەبێت.
پەراوێز:
- قوتابخانەی کۆتایی: قوتابخانەی کۆتایی تایبەت بە کچانی لاوە و سەرنج دەخاتە سەر فێرکردنی هەڵسووکەوتی کۆمەڵایەتی و ئامادەکردنی کچان بۆ هاوسەرگیری و ڕۆیشتنە نێو کۆمەڵگاوە.
- سەرچاوە: pluggedin.com / Emily Clark
یانەی شەڕ - Fight Club دەرهێنەر: دەیڤد فینچەر ئەکتەران: براد پیت، ئێدوارد نۆرتن، هێلێنا بۆنهام کارتەر دەرچوون: ١٩٩٩ یانەی شەڕ لە پاش هیوای ...
یانەی شەڕ - Fight Club
دەرهێنەر: دەیڤد فینچەر
ئەکتەران: براد پیت، ئێدوارد نۆرتن، هێلێنا بۆنهام کارتەر
دەرچوون: ١٩٩٩

یانەی شەڕ لە پاش هیوای مەرگ١، ڕاشکاوانەترین و پڕوزەترین فلیمی فاشیستییە بە دەورگێڕانی ئەستێرەگەلێکی گەورەی سینەماوە، فلیمێک بە ئاهەنـگێکی توندووتیژیەوە کە تێیدا پاڵەوانەکان مافی خواردنەوە و جگەرەکێشان و لێدان و تێکشکاندنی یەکدی بۆ خۆیان واژۆ دەکەن.
هەندێ جار بۆ جەو گۆڕین لە یەکدی دەدەن. فلیمێکی پۆرنی پیاوانەیە، لەو چەشنە فلیمە سێکسییانەی کە هۆلیڤوود ساڵانێکە درووستیان دەکات، بەس بەو جیاوازیەوە کە ئیرۆتیکی ڕەگەزەکان گۆڕاوە بۆ شەڕی هەندێک زەلام لە نێو ژوورێکی داخراودا. ژنان کە ئەزموونێکی دوور و درێژیان لە هەڵسووکەوت لەگەڵ کردار و مەکری کوڕاندا بووە، بە شێوازێکی غەریزی تێدەگەن کە پیاوان ئەگەری هەیە واز لە کاریگەری تێستۆسترۆن بێنن. فلیمەکە زۆر پسپۆڕانە و چاک درووست کراوە و بە نواندنێکی ناوازەوە دەست پێ دەکات و ئەمە ئەو کێشەیە دەشارێتەوە.
ئێدوارد نۆرتن دەوری شارییەکی خەمۆک و تەنیا دەگێڕێت کە لێوانلێوە لە تووڕەیی. ئەو جیهانی خۆی بە شێوازێکی گاڵتەئامێزانە و لە نێو کۆمەڵگایەکی بێنرخدا دەناسێنێت. ژیان و ئیشەکەی خەریە شێتی بکەن. بە مەبەستی چارەسەر کردنی ئازارەکانی، لە کۆبوونەوەکانی پرۆگرامە دوازدە هەنگاوییەکاندا٢ بەشدار دەبێت کە لەوێ دەتوانێ کەسانێکی بێبەختتر لە خۆی ببینێت و لە ئامێزیان بگرێت و بەمجۆرە ئازارەکانیان ساڕێژ بکەن. لە خۆڕا و بێ مەبەست نییە کە یەکەم دانیشتنی لەو کۆبوونەوانەدا تایبەتە بە نەخۆشانی پاش نەشتەرگەری شێرپەنجەی گون، چونکە هەموو فلیمەکە سەبارەت بە پیاوانێکە لە ترسی لەدەست دانی گون و دۆڕانی پیاوەتییاندا دەژین.
دیمەنە سەرەتاییەکانی فلیمەکە کەشێکی ئاڵۆز و نهێنی جوانی تێدایە کە کەسایەتی نۆرتن ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە. ئەو بەس وەکوو گێڕەری چیرۆکەکە دەناسرێت، بە هۆکارگەلێک کە دواتر ڕوون دەبنەوە. کۆبوونەوەکان وەکوو هێمنکەرەوەیەک دەبن و ژیانی تا ڕادەیەک ڕێک و پێک دەکەن تا ئەو کاتەی کە کارەساتەکە ڕوو دەدات: ئاگاداری هەبوونی مارلا (ئێلێنا بۆنهام کارتەر) لە نێو کۆبوونەوەکاندا دەبێتەوە. ئەویش وەکوو ئەم بەس گەشتیارێکە؛ کەسێک کە ئالوودەی هیچ مادەیەکی هۆشبەر نییە بێجگە خودی کۆبوونەوەکان نەبێت. ئەو کچە کارەکەی لێ تێک دەدات. ئەو دەزانێ کە خۆی ساختەچییە بەڵام دەیەوێ دڵنیا بێت کە ئازاری هەموو کەسانی دی ڕاستەقینەیە.
لە نێو فڕۆکەیەکدا کەسایەتییەکی سەرەکی دیکە دەناسێت، تایلەر دووردەن (براد پیت) پیاوێک کە هەڵسووکەوتی زۆر سەرنجڕاکێشە. دەڵێی دەتوانێت بە ڕوونی ناخ و ڕۆحی گێڕەرەکە ببینێت و پاش ماوەیەکی کورت کە ئەپارتمانی گێڕەری چیرۆکەکە لە نهۆمێکی بەرزی بینایەکدا دەتەقێتەوە، دەچێتەوە بۆ لای تایلەر تاکوو داڵەی بدات. شتێکی زۆرتر لەمە وەردەگرێت، ئەو دەچێتە نێو ژێرخانی یانەی شەڕەوە؛ کۆمڵەیەکی نهێنی لە پیاوانێک کە یەکدی دەناسن بە مەبەستی گەیشتن بە ڕزگاری و تێگەیشتن لە خۆ، ئەویش لە ڕێگای لێدان لە یەکتر و یەکتر کوتان.

لەم کاتەدایە کە فلیمەکە واز لە زیرەکی و بلیمەتی و توندی دێنێت و بە جۆرێک دەبێت بە دڵڕەقانەترین فلیم بە دڕندەییەکی ناوازە و بێسنوورەوە کە تا ئێستا فیلمهەڵگری کرابێت. هەموو دەزانن کە ئەگەر بە بێ دەستکێش بە هێزێکی زۆرەوە مست لە کەسێک بدەیت، ئەگەری هەیە هەندێک ئێسقانی کابرا بشکێنیت، کەچی زەلامەکانی نێو یانەی شەڕ بە مستی ئاسنین و پۆڵایینەوە لە یەکدی دەدەن و ئەوانەی بەرپرسی بەرهەمهێنانی دەنگەکانی نێو فلیمەکەن بە ڕۆکێتی پینگ پۆنگ دەکوتن بە قەنەفەکاندا. پاشان فلیمەکە سووڕانەوەیەکی دیکەیشی دەبێت. زۆرێک لە فلیمەکانی ئێستا ناپەسند دەنوێنن و قایلکەر نابن مەگەر ئەوەی کە بتوانن دیمەنگەلێکی کۆتایی زیاد بکەن کە ڕاستی هەموو ئەو شتانە ڕوون بکاتەوە کە پێشتر ڕوویان داوە.
هەمووی ئەمانە سەبارەت بە چین؟ بە پێی وتەکانی دووردەن ئەمانە سەبارەت بە ڕزگار کردنی خۆتن لە هەموو بەربەستەکانی ژیانی مۆدەڕن کە پیاوان لە بەند دەکات و لە پیاوەتییان دەخات. ئەندامانی یانەی شەڕ لە ڕێگای ویست و ئارەزووی ئازار گەیاندن و ئازار وەرگرتن و تاقی کردنەوەی ئەگەری مردن، ڕزگاری دەدۆزنەوە. دووردەن پیاوێکی کاریزمایی و ئاڵۆز و تەماوییە کە دەتوانێت کۆمەڵێکی زۆر لە نێو شارە گەورەکاندا بخاتە ژێر کاریگەری خۆیەوە و وایان لێ بکات ئامادە بن بچنە نێو ژێرخانەکانی یانەی شەڕێکەوە و لەوێ لە یەکتر بدەن.
بە هێمنی و هێواشی لە کۆتاییەکانی فلیمەکەدا ئەو پیلانە زیرەکانەیە ئاشکرا دەبێت. ئایا تایلەر دووردەن بەڕاستی سەرکردەیەکە بە فەلسەفەیەکی بەسوودەوە؟ ئەو دەڵێت: 'بەس پاش ئەو کاتەی کە هەموو شتێکمان دۆڕابێت، ئازادین هەر شتێک بمانەوێ بیکەین' شێوەی کەسێک دەدات لە ڕێگای ڕۆیشتنی بۆ کافەیەک لە سەر سنوور لە ناکاو نیچە لە بەردەمیدا سەوز بووبێت. بە ڕای من ئەو هیچ ڕاستییەکی بەسوودی پێ نییە. ئەو کەسێکی شەلاتێ و تۆقێنەرە، بەڕێوەبەری یانەیەکە کە دیکۆری نییە. هیچ یەک لە ئەندامانی یانەی شەڕ بە هۆی ئەندام بوونیانەوە بەهێزتر یان ئازادتر نابن؛ ئەوان دادەبەزن بۆ کۆمەڵەیەکی ئایینی کە جێگای بەزەیین. کراسی ڕەشیان لە بەر دەکات و لاوێکی توندووتیژ و سەرەڕۆیان لێ درووست دەکات. ئەوەی کە ئایا دووردەن لایەنگەلێکی شاراوە لە دەروونی پیاو پیشان دەدات، ئەو پرسیارەیە کە فلیمەکە وەکوو دەرەتانێک کەڵکی لێ وەردەگرێت بەڵام ناتوانێت لێی دەرچێت، چونکە یانەی شەڕ فلیمێک نییە سەبارەت بە کۆتاییەکەی بێت، بەڵکوو سەبارەت بە کردەوەکەیە.
هەڵبەت یانەی شەڕ خۆی پشتگیری لە فەلسەفە و هزری دووردەن ناکات. پێموا ئاگاداری دانێکە دژ بە ئەو. ڕخنەگرێک کە خۆشم دەوێ دەڵێ: 'چیرۆکێکە سەبارەت بە سرووشتی دڕندەیی مرۆڤ و ئەوەی کە چی ڕوو دەدات ئەگەر کاریگەری خراپی ئیشی وەڕزکەری ڕۆژانە، خەڵک تا ڕادەیەک بەرەو شێتی ببات.' بە ڕای من کاریگەری خراپی فلیمگەلێکی ئەوهایە کە وا دەکات خەڵک بەرەو شێتی بچن. ئەگەرچی کەسانی بەبەهرە و تێفکر دەتوانن لۆجیک بۆ فلیمەکە دابنێن کە گوایە بەڵگە و بۆچوونگەلێک دژ بە ئەو شتەی کە پیشانی دەدات دەخاتە ڕوو، کەچی من پێموایە بینەر زۆرتر حەزی لەو ئاکار و کردارانە دەبێت نەک بەڵگە و تێبینییەکە. بەدڵنیایەوە ئەوان پارە دەدەن و بلیت دەکڕن بۆ ئەوەی پیت و نۆرتن ببینن کە چۆن یەکدی دەکوتن، زۆرینەی خەڵک پاش فلیمەکە دەس دەکەن بە شەڕ کردن تاکوو دەست بکەن بە باس و گفتووگۆ سەبارەت بە فەلسەفەی ئەخلاقی تایلەر دووردەن. دیمەنەکانی وەها فلیمگەلێک خۆیان شرۆڤەی خۆیان دەکەن و گێڕانەوە و باسێکی هەرە زۆری دەوێت تاکوو لە سەر پێچەوانەکەی ڕوونکردنەوە بدرێت.
خودا دەیزانێ ئەکتەرەکان ئەرکی زۆر دەکێشن. نۆرتن و پیت تا ڕادەیەک بە قەد دۆمی موور لە فلیمی جی. ئای. جەین٣ ئازاری جەستەیی دەبینن، ئینجا هێلێنا بۆنهام کارتەر وێنەی ژنێکی تووڕە و بەهێز و جگەرەکێشێکی تۆخ درووست دەکات کە ڕەنگە زۆر وەڕز بێت چونکە هیچ لەو دوو پیاوە پێیان وا نییە کە سێکس کردن لەگەڵ ئەو خۆشتر بێت لە لووت شکانێک. کاتێک ئەکتەرانێکی چاک لە پڕۆژەیەکی وادا دەبینیت پێت سەیرە ئاخۆ بەشداری ئەو ئیشە بوون وەکوو جێگرەوەیەک بۆ شاخەوانی و خەرەندەوانی!
دەیڤد فینچەر فلیمەکەی دەرهێنەری کرد و جیم یوولز فیلمنامەکەی لە سەر ڕۆمانەکەی چووک پۆلێنیک نووسی. لە زۆر بوارەوە وەکوو یاری٤ فلیمەکەی فینچەرە؛ دەبێتە هۆی گەشاندنەوەی توندووتیژی لە نێو تازەلاوانی هەموو سەردەمەکاندا. ئەم فلیمە هەروەها سەبارەت بە پرۆسەی تاقیکردنەوەیەک بوو کە تێیدا پیاوێک کە نوقمی کاپیتالیزم بووە (مایکل دووگلاس) فەرشی ژیانی لە ژێر پێ دەردەهێنرێ و ناچار دەبێت بۆ مانەوە فێری شەڕ کردن بێت. من ستایشم بۆ فلیمی یاری هەرە زۆرتر بوو لە یانەی شەڕ، چونکە بەڕاستی فلیمێک بوو سەبارەت بە بیرۆکەکانی، لە کاتێکدا پەیامی نێو یانەی شەڕ وەکوو ڕژاندنی پارچەگەلێک لە نرخە کۆمەڵایەتییەکانە بۆ ناو قەرەباڵغییەکی گەورە.
فینچەر دەرهێنەرێکی چاکە ( بەرهەمەکانی بریتین لە بێگانە ٣٥، یەکێک لە جوانترین فلیمە بەدەکان٦ کە تا ئێستا بینیبێتم و حەوت٧ کە فلیمێکی تاوانکاری زیرەکانە و تونوتێژانە بوو). بە فلیمی یانەی شەڕ چما ویستوویە چەشنێک تاقیکاری بۆ خۆی ڕێک بخات کە بزانێت چەندە لە لووتکە دەتوانێ سەرتر بچێت؟ فلیمەکە زۆر هەستیارانە و بەهێزە و لایەنگەلێک لە توانج و بۆچوونگەلێک لە سەر و ژێری کردارەکانیدا هەیە. ئەگەر هەر لە سەر ئەو شێوازەی لە پەردەی یەکەمدا شوێنی گرتبوو بەردوام بوایە ڕەنگە ببوایە بە فلیمێکی ناوازە. بەڵام پەردەی دووهەم ستایشی ئاکارێکی ناپەسندە و پەردەی سێهەم فێڵکەرانەیە، و فینچەر هەر شتێکی لە مێشکدا بێت و بە پەیامی فلیمەکەی بزانێت، ئەوە ئەو شتە نییە کە زۆربەی بینەران لێ تێدەگەن. یانەی شەڕ وەکوو فەلسەفە لە شەمەندەفەرێکی نێو شاری یاری دەچێت؛ ئەو چەشنە سوارییانە کە هەندێ خەڵک دەڕشێنەوە و هەندێ کەس بە مەراقەوە چاوەڕێ دەکەن دیسان سوار ببنەوە.
سەرچاوە: Roger Ebert
پەراوێز:
- Death Wish / 1974
- ئەو ڕێکخراوانەی کە ئەندامان خۆبەخشانە بۆ چارەسەری کێشە تاکەکەسییەکانیان لە ڕێگای هاوبەشکردنی ئەزموون و هەستەکانیانەوە بەشدار دەبن وەکوو بە مەبەستی چارەسەری ئالوودەبوون بە مادە هۆشبەرەکان، خواردنەوە، یان پاڵەپەستۆ و کێشە دەروونییەکان و هتد.
- G. I Jane / 1997
- The Game / 1977
- Alien 3 / 1992
- فلیمی بەد / Badfilm بە فلیمگەلێک دەگوترێت کە لە ڕوانگەی تەکنیکی یان هونەرییەوە لاوازن و لە ئاستێکی نزم دان بەڵام بەمەشەوە دیسان چێژبەخشن و دەتوانی سەیریان بکەیت. ئەم فلیمانە زۆربەی جار فلیمگەلێکی پلە دوون کە بە پارەیەکی کەمەوە درووست دەکرێن.
- Seven / 1995
شێت - Psycho دەرهێنەر: ئەلفرێد هیچکۆک ئەکتەران: ئەنتۆنی پێرکینز، ڤێرا مایلز، جۆن گاڤین، مارتین بالسام چەشن: دەروونناسانە، ترسێنەر دەرچوون: 1...
شێت - Psycho
دەرهێنەر: ئەلفرێد هیچکۆک
ئەکتەران: ئەنتۆنی پێرکینز، ڤێرا مایلز، جۆن گاڤین، مارتین بالسام
چەشن: دەروونناسانە، ترسێنەر
دەرچوون: 1960

'ئەو شتەی کە بینەرانی تووشی سەرسووڕمان کرد، دەربڕینی پەیامێک نەبوو هەروەها دەورگێڕانێکی بێوێنەش نەبوو، ئەوان بە فلیمێکی پەتی ورووژان.' ئەلفرێد هیچکۆک سەبارەت بە فلیمی شێت بە فرانسوا ترووفۆ وای گوت، لە درێژەدا ئەوەشی باس کرد کە 'فلیمەکە هی بەرهەمهێنەرەکانە، هی تۆ و من.' هیچکۆک بە ئەنقەست دەیویست شێت وەکوو فلیمێکی هەرزان و کەمخەرج بەرهەم بێت. ئەو فلیمەکەی بە ئەکتەرە سەرەکی و گرانە هەمیشەییەکانییەوە چێ نەکرد و لەو ئەکتەرانە کەڵکی گرت وا بۆ نمایشە تەلەفیزیۆنییەکانی بە کاری دەهێنان. فلیمەکەی بە ڕەش و سپی فلیمهەڵگری کرد. ماوەگەلێکی زۆر هیچ دیالۆگێکی تێدا نەبوو. بوودجەی فلیمەکە 800 هەزار دۆلار بوو کە تەنانەت بە پێی پێوەرەکانی ساڵانی 1960 پارەیەکی کەم بوو بۆ درووست کردنی فلیمێک. میوانخانەکە و کۆشکی بنەماڵەی مایتز لە حەوشەی کۆمپانیای فلیمچێکەری یونیڤەرساڵ درووست کرا. فلیمی شێت، زۆرتر لە فلیمگەلێکی نوار وەکوو دەورەدان١ دەچێت تاکوو فلیمە هەستبزوێنە ناوازەکانی هیچکۆک وەکوو پەنجەرەی پشتەوە٢ یان ڤەرتیگۆ٣.
بەڵام بەمانەشەوە هیچ فلیمێکی دیکەی هیچکۆک کاریگەریێکی زۆرتر لەمەی نەبوو. ئەو لە دیمانەکەی لەگەڵ ترووفۆدا گوتی: 'من بینەرانم کۆنترۆڵ دەکرد، لەوانەیە بڵێی کە یاریم پێیان کردووە وەکوو کەرەستەیەک' ئەمە پەشۆکێنەرترین فلیمێک بوو بینەرانی لەو سەردەمەدا بینیبێتیان. ڕێکلامەکان دەیانگوت: 'خاڵی سەرسووڕمانەکان ئاشکرا مەکەن.' ئینجا هیچ فلیمبینێک نەیدەتوانی ئەو سەرسووڕمانانەی هیچکۆک داینابوو بۆیان، پێشبینی بکات؛ کوژرانی ماریۆن (جەنێت لای) ژنەپاڵەوانی فلیمەکە کە بەس یەک لە سێی ماوەی فلیمەکە دەردەکەوێ و پاشان نهێنییەکەی دایکی نۆرمان. هیچکۆک گوتبووی کە 'پێویستە فلیمی شێت هەر لە سەرەتاوە سەیر بکرێ، ئەوانەی کە دێر بگەنە فلیمەکە دواجار چاوەڕێ دەکەن جەنێت ببیننەوە پاش ئەوەی لە دیمەنی فلیمەکەدا نامێنێت.'
ئەم چەشنە سەرسام کردنانە لە ئێستادا بە بەربڵاوی ناسراون بەڵام هێشتا شێت وەکوو فلیمێکی هەستبزوێن⋆_ی ترسێنەر و نهێنی بەردەوامە. ئەمە زۆرتر بە هۆی هونەرمەندی و پسپۆڕی هیچکۆکە لە دوو بواردا؛ شێوازی پێکهێنانی چیرۆکی ماریۆن کراین و پێوەندی نێوان ماریۆن و نۆرمان (ئانتۆنی پەرکینز). هەر دووی ئەم بەشانە بە باشی ئیش دەکەن چونکە هیچکۆک تەواوی هێز و سەرنجی دەخاتە گڕ تاکوو وای پیشان بدات کە گوایە بڕیارە ئەو دوو کەسایەتییە هەتا کۆتایی فلیمەکە بەردەوام بن و گەشە بکەن.
پێکهاتەی فلیمەکە بیرۆکەیەکی تێدایە کە هیچکۆک هەمیشە دووبارەی دەکردەوە: تاوانی کەسێکی ئاسایی کە تووشیاری دۆخێکی تاوانکاری دەبێت. ماریۆن کراین 40 هەزار دۆلار دەدزێت بەڵام دیسان هەر لە پێوانەی هیچکۆک بۆ ساوایەک کە تاوانێک دەکات دەمێنێتەوە. ئێمە یەکەم جار لە دوانیوەڕۆیەک لە ژوورێکی میوانخانەیەکی کۆندا لەگەڵ دۆستەکەی بە نێوی سام لوومیس (جۆن گاڤین) دەیبینین کە لە هاوژینەکەی جیا بووەتەوە. ئەو ناتوانێت لەگەڵ کچەکە هاوسەرگیری بکات بە هۆی نەفەقەیەک کە دەبێت مانگانە بیدات بە ژنە پێشووەکەی، ئێستا ئەمان بە نهێنی یەکدی دەبینن. پاشان پارەکە هی مشتەریێکی زمان لووسە کە بە چەشنێک هەڵسوکەوت دەكات چما لە بەر وەها پارەیەک دەتوانێ ماریۆن بکڕێ. ئیدی ئەوین دەبێت بە هاندەری ماریۆن و قوربانیەکەشی دەبێت بە ئەو زەلامە خوێنتاڵە.

ئەمە ڕێکخستنێکی تەواوە بۆ نەخشە و پلانی فلیمێکی دوو کاژێری هیچکۆک. قەد بۆ ساتێکیش هەست ناکەیت کە ئەمە ڕێكخستنێک بێت بۆ خەڵەتاندن و بە هەڵە بردنمان. کاتێکیش کە ماریۆن هەڵدێ لە شاری فینیکس بەرەو شاری دۆسەکەی لە فایرڤال، یەکێکی دیکە لە شێوازە دڵخوزەکانی هیچکۆک دەبینینەوە؛ پارانۆیا سەبارەت بە پۆلیس. کاتێک لە نێو ماشینەکەیدا لە پاڵ جادەکە خەوی لێ کەوتووە، پۆلیسێکی پاسەوانی ڕێگا گشتییەکان خەبەری دەکاتەوە، پرسیاری لێ دەکات و تا ڕادەیەک جانتاکەی بە پووڵە دزیەتییەکەوە دەبینێت. کچەکە پاشان دەچێت و ترۆمبیلەکەی دەگۆڕێتەوە و دەپەشۆکێ کاتێک دەبینێ هەر ئەو پۆلیسە لە ئەو بەری شەقامەکەوە لە پاڵ ترۆمبیلەکەی پاڵی داوەتەوە و چاوی بڕیوەتە ئەم. هەر کەسێک بۆ یەکەم جار فلیمەکە ببینێت پێی وا دەبێت ئەم بەشە پێشەکی ڕێکخستنی سەرەتای چیرۆکێک دەبێت کە فلیمەکە تا کۆتایی شوێنی کەوێت.
ماریۆن کە ترساو و ماندووە و ڕەنگە پەشیمان بووبێتەوە لە دزیەکەی، بەردەوام دەبێت و نزیک دەبێتەوە بە شاری فایرڤال بەڵام زریانێکی توند لە خێراییەکەی کەم دەکاتەوە و ئیدی دەچێت بۆ میوانخانەکەی بایتز و لەوێ ئەو پێوەندییە کورت و نەگبەتە لەگەڵ نۆرمان دەست پێ دەکات، دیسان هیچکۆک لە ڕێگای پێکهێنانی دیمەن و دیالۆگەکانەوە ئەو قەناعەتەمان لا درووست دەکات کە نۆرمان و ماریۆن دوو کەسایەتی پاشماوەی فلیمەکە بن.

هیچکۆک ئەم ئیشە لە کاتی وتووێژە درێژەکەیان لە دیوەخانەکەی نۆرماندا دەکات، کە لە ژوورەکەدا هەندێک باڵندەی کێوی وشک کراونەتەوە و بە دیوارەکاندا بە چەشنێک هەڵواسراون دەڵێی خوار بوونەتەوە و دەیانەوێ هێرش بەرنە سەر ئەمان وەکوو نێچیرێک. ماریۆن پێشتر دەنگی دایکی نۆرمانی بیستووە کە بە توندی لەگەڵ نۆرمان قسە دەکات. ئەمیش بە نەرمی بە نۆرمان پێشنیار دەکات و دەڵێ کە پێویست ناکات لەم شوێنە داخراوە بمێنێتەوە لەم میوانخانە دۆڕاوە کە بە هاتنی ڕێگا گشتییە نوێکە ئیدی کەس ڕووی تێ ناکا. ئەو گرینگی دەدات بە نۆرمان و هەروەها بیر لە کردەوەکانی خۆی دەکاتەوە. نۆرمان هەستی ورووژاوە و هەست بە هەڕەشە لە لایەن هەستەکانیەوە دەکات و هەر بۆیە ناچارە ئەو بکوژێت.
هیچکۆک دەڵێ، کاتێ نۆرمان بە دزیەوە سەیری ماریۆن دەکات، زۆربەی بینەران وەکوو خوویەکی پێوەندی بە ڤۆیەریزمەوە٤ سەیری بابەتەکە دەکەن. ترووفۆ دەڵێ سەرەتای فلیمەکە کە ماریۆن بە مەمکدان و دەرپێی کورتەوە پیشان دەدرێ ئەم ڤۆیەریزمەی دواییە زەق دەکاتەوە. ئێمە قەد بیر لەوە ناکەینەوە کە پیاوکوژیێک لە ئارادا بێت.
ئەمڕۆ کە پەردەی نێو حەمامەکە دەبینین هەندێ شت بۆمان ڕوون دەبێتەوە. جیاواز لە فلیمە ترسێنەرە مۆدێڕنەکان، شێت قەد کوتانی چەقۆ بە جەستەدا نیشان نادات، هیچ زامێک نابینین، خوێن هەیە بەڵام نەک زۆر. هیچکۆک فلیمەکەی بە ڕەش و سپی هەڵگرت چونکە هەستی دەکرد خەڵک ناتوانن بەرگەی ئەو هەموو خوێنە بە شێوازی ڕەنگی بگرن. دەنگی مۆسیقاکەی بێرنارد هەرمان نراوەتە جێگەی زۆربەی دەنگە ناحەز و ترسێنەرەکان. وێنە نێزیکەکان گرافیکی نین بەڵام هێمایان لەگەڵدایە، وەکوو تێکەڵ بوونی خوێن و ئاو و بە سووڕانەوەوە چوونە نێو گونجەکە، پاشان کامێراکە دیمەنێکی نێزیک هەر بەو ئەندازەیە لە گلێنەی چاوی واق ماوی ماریۆن دەگرێت. ئەمە بەشێكی هەرە کاریگەر بوو لە مێژووی سینەمادا کە پیشانی دا بەرچاو گرتنی دۆخەکان و هونەرزانی زۆر گرینگترە لە وردەکاری وێنەیی و گرافیکی.
پێرکینز ئیشێکی ناوازە دەکات بۆ پێکهێنانی ئەو کەسایەتییە ئاڵۆزەی نۆرمان، بە دەورگێڕانێک کە بووە ئیشێکی نموونەیی. پەرکینز پیشانمان دەدات کە کێشەیەکی بنەڕەتی لە نۆرماندا هەیە و هاوکات هەست و نیشانەکانی لاوێکیشی لەگەڵە کە دەست دەنێتە گیرفانی و لە سەر هەیوانەکە دەڕوات و بزەیەک دەگرێت. بەس کاتێک کە وتوووێژەکان تاکەکەسی دەبنەوە زمانی دەیگرێت و خۆی لە باسەکە دەدزێتەوە، بە جۆرێک کە سەرەتا هەر وەکوو ماریۆن بەزەیمان پێدا دێت.
پاش مەرگی ژنەپاڵەوانی فلیمەکە، نۆرمان بە تەواوی دیمەنی پیاوکوژییەکە خاوێن دەکاتەوە. هیچکۆک بە وردی و نهێنی پاڵەوانەکان دەگۆڕێ. ئێستا ئێمە بە جۆرێک (نەک بە خۆئاگایانە بەڵکوو لە شوێنێکی قووڵتر لە ناخماندا) هەست بە هاوسۆزی لەگەڵ نۆرمان دەکەین، نەک لەبەر ئەوەی دەتوانین خنجەر لە کەسێک بدەین بەڵکوو لەبەر ئەوەی ئەگەر ئەوە بکەین ئێمەش وەکوو ئەو لێوانلێو دەبین لە هەستی ترس و گوناهـ. دیمەنەکە بە وێنەهەڵگریێکی ناوازە کۆتایی پێ دێت کە نۆرمان پاڵ دەنێ بە ترۆمبیلەکەی ماریۆنەوە بەرەو نێو زۆنگاوەکە، ترۆمبیلەکەش جەستەی ماریۆن و پارەکەی تێدایە. ترۆمبیلەکە نوقمی ئاوەکە دەبێت و پاشان ڕادەوەستێ. نۆرمان بە وردی سەیر دەکات و پاشان ترۆمبیلەکە بە تەواوی نوقم دەبێت.
ئەگەر لە هەستەکانمان بکۆڵینەوە دەبینینن کە ئێمەش بە قەد نۆرمان دەمانویست ئەو ترۆمبیلە نوقمی زۆنگاوەکە بێت. پێش ئەوەی دیسان سام لوومیس پیشان بدرێتەوە و لەگەڵ لیلا (ڤێرا مایلز) کۆ ببنەوە، فلیمەکە پاڵەوانێکی نوێی دۆزیوەتەوە: نۆرمان بایتز. ئەمە یەکێک لە بوێرانەترین و ئازایانەترین گۆڕانەکانی هیچکۆکە بە درێژایی ئەزموونی لە سەرسام کردنماندا. پاشماوەی فلیمەکە میلۆدرامایەکی کاریگەرە و دوو شۆکی کاریگەری تێدایە. یەکێکیان کاتێک ئاربۆگاست (مارتین بالسام) لێکۆلەرە تایبەتەکە دەکوژرێ ئەوی دیش ئەو کاتەی نهێنی دایکی نۆرمان ئاشکرا دەبێت.
بۆ بینەرە زیرەکەکان هێشتا شتێکی جێگای سەرنج و سەرسووڕمانێکی دیکەش هەیە. ئەویش ئەو پرسیارەیە کە بۆچی هیچکۆک کۆتایی بەرهەمێکی شاکاری بە دیمەنێک تێكداوە کە بێجێگە و ناحەزە. کاتێک نهێنی پیاوکوژیەکان ڕوون بووەتەوە، دیمەنێکی سەیرمان هەیە کە تێیدا دەرووناسێکی وەڕزکەر (سیمۆن ئۆکلاند) بە دوورودرێژی وتارێک سەبارەت بە هۆکارەکانی هەڵسووکەوتە دەروونییەکانی نۆرمان پێشکەش دەکات. ئەمە دژەلووتکەیەکە٥ و کۆتاییە ورووژێنەرەکەی فلیمەکە تێک دەدات و تەنانەت تا ڕادەیەک بە گاڵتەجاڕی نزیک دەبێتەوە.
ئەگەر ئەوەندە بوێر بوومایە کە گۆڕانکاری لە فلیمەکەی هیچکۆکدا بکەم، بەس شرۆڤە سەرەتاییەکەی دوکتۆرەکەم سەبارەت بە دووکەسایەتی بوونی نۆرمان دادەنا: 'نۆرمان بایتز ئیدی بوونی نیە. هەبوونی ئەو سەرەتا نیوە بوو. ئێستا نیوەکەی دی دەستی بە سەردا گرتووە، ڕەنگە بۆ هەتاهەتایە.' ئینجا هەموو قسەکانی دیکەی دوکتۆرەکەم دەقرتاند و دەچوومە سەر ئەو دیمەنە کە نۆرمان لە بەتانیێکدا پێچراوەتەوە و دەنگی دایکی قسە دەکات: 'جێگای داخە کاتێک دایکێک ناچار دەبێت شتگەلێک بڵێت کە کوڕەکەی خۆی تاوانبار دەکات...' ئەو دەستکارییانە فلیمی شێتی زۆر نزیک بە بێخەوش بوون دەکردەوە. من تەنانەت یەک پشتگیری قایلکەرم نەبیستووە لە سەر فڵتە فڵتەکانی دەروونناسەکە، ترووفۆیش بە وشیاریەوە لە دیمانە ناودارەکەیدا خۆی لێ لا دا.

ئەو شتەی کە شێت دەکاتە بەرهەمێکی نەمر، لە کاتێکدا زۆرێک لە فلیمەکان هەر پاش هاتنە دەرمان لە هۆڵی سینەماکان نیوەی لە بیرمان چووەتەوە، ئەوەیە کە ڕاستەوخۆ پێوەندی بە ترسەکانمانەوە دەکات: ترسی ئێمە لەوەی کە ڕەنگە لە ناکاو تاوانێک بکەین، ترسمان لە پۆلیس، ترسمان لەوەی کە ببین بە قوربانی کەسێکی شێت و هەروەها ترسمان لە بێهیوا خستنی دایکانمان.
سەرچاوە: Roger Ebert
پەراوێز:
- Detour – فلیمێکی نواری ساڵی ١٩٤٥ بە دەرهێنەری ئێدگار ئالمێر
- Rear Window / 1954
- Vertigo / 1958
- ڤۆیەریزم: حەزی سێکسی بۆ بە دزیەوە سەیر کردنی خەڵک لە کاتی خۆ ڕووت کردنەوە یان سێکس کردنیان یان ئاکارێکی تر کە پێوەندی بە شتێکی تاکەکەسیەوە بێت. زاراوەکە لە voir وشەیەکی فرەنسیەوە هاتووە کە واتای ‘سەیر کردن’ دەدات.
- لە گێڕانەوەدا لووتکە ئەو خاڵە هەرە گرینگەیە کە ململانێ و پێکدادانەکەی نێو چیرۆکەکە دەگات بە بەرزترین ئاست. ساتێکی زۆر گرینگ و خاڵێکی وەرچەرخانە لە دۆخی بەرز بوونەوەی ڕووداوەکانەوە بۆ دابەزینی ڕووداوەکان. دژەلووتکە: دۆخ یان شتێک کە لووتکەی چیرۆکێک تێک بدات و لە ئاستی ورووژێنەرییەکەی کەم بکاتەوە.
ئەو - Her دەرهێنەر: سپایک جۆنز ئەکتەران: خواکین فینیکس، سکارلێت جۆهانسن، ئەیمی ئادمز، ئۆلیڤیا وایڵد، کریس پرات چەشن: خەیاڵی-زانستی، ڕۆمانسی ...
ئەو - Her
دەرهێنەر: سپایک جۆنز
ئەکتەران: خواکین فینیکس، سکارلێت جۆهانسن، ئەیمی ئادمز، ئۆلیڤیا وایڵد، کریس پرات
چەشن: خەیاڵی-زانستی، ڕۆمانسی
دەرچوون: 2013

'ئەو' فلیمێکی ڕۆمانسی و خەیاڵی_زانستی ئەمەریکیە بە دەرهێنەری، بەرهەمهێنەری و نووسەری سپایک جۆنز. فلیمەکە سەبارەت بە ژیانی تیۆدۆر_ە، پیاوێکی تەنیا کە خەریکە لە ژنەکەی جیا دەبێتەوە. ئیشی تیۆدۆر نووسینی نامەی جوانە لە لایەن کەسانی دیکەوە. لە ماڵدا کاتێ کە تەنیایە یاری کۆمپیوتەری دەکات و پاش ماوەیەک نەرمامێرێک بە نێوی OS1 دەکڕێ کە وەکوو 'یەکەمین سکرتێری ژیریی دەستکرد'١ ڕیکلامی بۆ کراوە. هەر زوو دەکەوێتە خۆشەویستی سامانتا_وە کە دەنگێکی نەرمامێرەکەیە. پاش ماوەیەک تیۆدۆر و سامانتا دەکەونە پێوەندیێکەوە ئەگەرچی سامانتا هەر دەنگێکە و جەستەی نیە. فلیمەکە هەندێ بابەتی دەروونی مرۆڤ وەکوو چۆنیەتی و شێوازی پێوەندیەکان و پرسیارگەلێک سەبارەت بە پێوەندی مرۆڤەکان لە کۆمەڵگادا و هەروەها پێوەندی مرۆڤ و تەکنۆلۆجیا و کاریگەریەکانی تەکنۆلۆجیا لە سەر ژیان و کۆمەڵگا دەخاتە ڕوو.
تیۆدۆر
وێنەیەکی نزیک٢ لە ڕوومەتی تیۆدۆر تۆمبلی دەبینین لە کاتێکدا خەریکی گوتنەوەی تاکبێژیێکە. ڕستەگەلێکی بە سۆز و ئەویندارانە دەڵێتەوە: ‘بە ڕووتی لە نێو ئەو خانۆچکە بچووکەدا ڕاکشابووم، لە ناکاو تێگەیشتم کە من بەشێکم لە شتێکی گەورەتر، هەر وەکوو دایبابمان یان دایبابی دایبابمان'. بە سۆز و هەستێکی چڕەوە بەردەوام دەبێت لە شرۆڤە کردنی ئەوینەکەیان، لە ناکاو دەردەکەوێ کە خەریکە لە زمانی کەسێکی دیکەوە قسە دەکات کە ماوەی پەنجا ساڵە هاوسەرگیری کردووە. پاش ڕستەیەکی دیکە ڕوون دەبێتەوە کە خەریکە لە زمانی ژنێکەوە دەدوێ. خەریکە لە جیاتی ژنێک بە نێوی لۆریتا لە سەر کۆمپیوتەرەکە کارتێک دەنووسێت. ئەمە ئیشیەتی و دەبینین کە کەسانێکی دیکەش لە نێو نووسینگەکەدا خەریکی نووسینی کارتن. کەسێک وەڵامی تەلەفوونەکە دەداتەوە و تێدەگەین کە لە نێو نووسینگەی سەرەکی کۆمپانیای 'نامە دەستنووسە جوانەکان' داین. بەم شێوازە فلیمەکە دەست پێ دەکات.
هەر زوو دیمەنی٣ فلیمەکە سەرساممان دەکات کە لە داهاتوویێکی نەک زۆر دوور دایە. ئەگەرچی زۆربەی بەشەکانی جیهانی فلیمەکە ئاشنا و ناسراون، هیچ بوونەوەرێکی بیانی تێدا نیە و خەڵک هێشتا تیشەرتی یەقەدار لە بەریاندایە، بەڵام بە ڕوونی دیارە کە ئەمە جیهانی ساڵانی ٢٠١٠ نیە. تەکنۆلۆجیا پێشکەوتووترە، تایپ کردن کەمتر بووەتەوە و زۆرتر بووە بە قسە کردن، ئیشەکانیش وەکوو ئەو شوێنەی تیۆدۆر تێدا ئیش دەکات کەمتر ئاشنایە بۆمان. ئیشەکەی تیۆدۆر پیشاندەری ئەو جیهانە داهاتوویەی نێو فلیمەکەیە: ئەو لە لایەن کەسانێکی دیکەوە نامەگەلێکی هەستبزوێن و جوان دەڵێتەوە و پاشان نامەکان پرینت دەکرێن وەک بڵێی بە دەستنووسێکی جوان نووسرابن. لە جیهانی داهاتوویی 'ئەو'دا ئیشەکان، خانۆچکەکان و تەکنۆلۆجیا تا ڕادەیەک جیاواز و دوور لە زەمەنی ئێستایە بەڵام بە تەواوەتی نامۆ نیە.
سپایک جۆنز دەرهێنەری فلیمەکە لە ڕێگای وردەکاری داڕشتنەکانیەوە گەیشتووە بەو تایبەتمەندیە سەرسووڕهێنەرانەی جیهانێکی داهاتوویی کە لە خەیاڵیدا بووە. کەلوپەلەکان و جلوبەرگەکان شێوەی جلی ئەورووپیەکانی ساڵانی ١٩٧٠ دەدەن و هاوکات وردەکاریگەلێکی تێدایە کە وەکوو سوریالی و داهاتوویی دەریاندەخات. ئەم تێکەڵ کردنی نوێ و کۆنە وادەکات جیهانی فلیمەکە ئاشنا بێت بە چاوی بینەران و هەروەها وەکوو خەون و خەیاڵێک بێتە بەرچاو.
تیۆدۆر تۆمبلی پاڵەوانێکی خەمۆک و دوورەپەرێزە کە دەبێتە پێشەنگی بینەر لە گەڕان بە نێو جیهانی 'ئەو'دا. کەسێکی ناسکخەیاڵ بەڵام لاوازە، کاتێ یەکەم جار دەیبینین بە جۆرێک دالۆژیاوە و جووڵەکانی سارد و بێتینن. لە کاتێکدا ڕەنگە پاڵەوانی فلیمەکە بێت، بەڵام پاڵەوانی ژیانی خۆی نیە و وەکوو تیشکێکی نوور یان ڕۆحێکی سەرگەردان لە دونیادا بۆ خۆی دەسووڕێتەوە. تەنانەت ئیشەکەیشی، ئەو وەکوو کەسێکی نەپەنی و نادیار دەردەخات؛ زۆربەی کاتەکان لە پشت مێزەکەی دادەنیشێت و بیر و خەیاڵی تایبەتی کەسانێکی دی دەخولقێنێت، بە جۆرێک کە دەڵێی خەیاڵ و هەستەکانی ئەم هی ئەوانە. لەم جیهانە بیانی و تەکنۆلۆجیاییەدا، تیۆدۆر بە خۆ دوور گرتن و ژیانی ژیانێک لە نێوان هەست و ئەزموونی کەسانی دیکەدا و خۆ سەرقاڵ کردن بە یاریێکی کۆپیوتەری بەردەوام دەبێت و هەوڵ دەدات زۆرتر وەکوو خۆی بێت.
دابڕانی تیۆدۆر لە ویست و ئارەزووەکانی خۆی هەر لە یەکەم پەردەکانی فلیمەکەوە زەق دەبێتەوە. ئەو دواهەمین کەسە کە لە نووسینگەکە دێتە دەرەوە. لە نێو شەمەندەفەرەکە لە گووشیەکەیدا سەیری وێنەی ڕووت دەکات. بە جێگەی وەڵام دانەوەی ئیمەیلی هاوڕێکانی، سەرقاڵی یاری کۆمپیوتەری دەبێت و پێوەندی دەکات بە ژوورێکی چاتی تەلەفوونیەوە بۆ وەرگرتنی چێژی سێکسی. ئەم ڕووداوانە پیشانمان دەدات کە چلۆن تیۆدۆر لە ژیانی خۆی و ویست و ئارەزووەکانی دابڕاوە و نوقمی جیهانێکی ساختە بووە بە دوور لە هەست و ئەزموونە واقیعی و ڕاستەقینەکان. لە زۆر بوارەوە خۆیشی بەشێکە لە جیهانە تەکنۆلۆجیایەکەی دەورووبەری؛ ئەو مرۆڤێکی کۆمپیووتەرئاسای تەنیایە.

ژیانی تیۆدۆر دەگۆڕێت و هەندێک وریا دەبێتەوە لە ڕێگای هێنانی نەرمامێرێکی ژیریی دەستکرد بۆ نێو ژیانی. نەرمامێرەکە خۆی بە نێوی 'سامانتا' دەناسێنێ و لە سەر ڕەگەزی مێ دادەنرێ بە پێێ هەندێک پرسیاری کورت کە لە سەر پێوەندی تیۆدۆر و دایکی دەیپرسێت. سامانتا دەژیت بۆ ئەوەی تا ڕادەیەک لە هەموو بوارێکدا خزمەتی بەکارهێنەرەکەی بکات: ئیمەیلەکانی ڕێک و پێک دەکات، هانی دەدات کە بچێت بۆ سەر ژوانێک و لە یاریە کۆمپیووتەریەکاندا یارمەتی دەدات. سامانتا هەمیشە لەگەڵ تیۆدۆر دەبێت و وەکوو دەنگێکی جوان و چێژبەخش هەموو کات لە گوێیدا دەبێت و لەگەڵی قسە دەکات، تیۆدۆریش بزەیەکی زۆرتر دەکەوێتە سەر لێوی. تیۆدۆر کە ماوەیەکە لە ژنەکەی جیا بووەتەوە وا دیارە کە لە هاوڕێتی سامانتا_ی دەستکرد هەست بە ئاسوودەگی دەکات، ڕەنگە بەو هۆیە بێت کە سامانتا مرۆڤێکی ڕاستەقینە نیە بە هەستە ئاڵۆز و نامەنتقیەکانەوە.
خۆشەویستی سامانتا
هەروا کە دەردەکەوێ، ڕۆبۆتە کۆمپیوتەریەکان دەتوانن ویست و ئارەزوویان هەبێت، ئارەزووی سامانتا_یش ئاڵۆزتر بوونە؛ تاکوو بتوانێ باشتر لاسایی ئەزموون و هەستەکانی مرۆڤ بکاتەوە. کاتێک تیۆدۆر لە نیوەی شەودا هەڵدەستێ و پرسیاری لێ دەکات کە خەریکی چیە، وەڵام دەداتەوە کە سەرقاڵی خوێندنەوەی بابەتگەلێکە سەبارەت بە چۆنیەتی ئاڵۆزتر بوون. بەم شێوازە تیۆدۆر و سامانتا لە ڕێگایەکی هاوتەریب بەڵام پێچەوانەی یەکدان؛ هاوکات کە تیۆدۆر دەیەوێت هەڵبێت لە ئاڵۆزیەکانی مرۆڤ و دەیەوێ کەمتر ئاڵۆز بێت و کەمتر نوقمی خولیاکانی مرۆڤ بێت، سامانتا ئارەزوویەتی کە ئەو ناخە ئاڵۆزەی مرۆڤی هەبێت. نەک هەر ئەمە، سامانتا هەروەها خولیای ئەوەی هەیە کە جەستەیەکی هەبێت، کاتێک لەگەڵ تیۆدۆر سەرقاڵی سەیر کردنی خەڵکن بە شەرمەوە دان بەوەدا دەنێت. لە کاتێکدا تیۆدۆر دەیەوێ خۆی ون بکات و نوقمی تەکنۆلۆجیا (یاری کۆمپیوتەری و پۆرنی ئنتەرنتی) بێت، سامانتا ئارەزوویە کە ببێت بە مرۆڤێک، زیندوو بێت و هەناسە بدات؛ مرۆڤێک بە هەموو گرفت و ئاڵۆزیەکانیەوە.
ئارەزووەکانی سامانتا بۆ زۆرتر بە مرۆڤ بوون و ئاڵۆزتر بوون، هاوتەریب لەگەڵ کێشەکانی تیۆدۆر و کاترین ژنە پێشووەکەیدا دەردەکەوێت. تیۆدۆر بە سامانتا دەڵێت کە کاترین هێشتا لە دەسی تووڕەیە چونکە ئەم 'خۆی لێ شاردووەتەوە' و 'لە پێوەندیەکەیاندا ئەوی بە تەنێ هێشتووەتەوە'. تیۆدۆر بە پێچەوانەی پێوەندیەکەی لەگەڵ سامانتادا کە هەموو سووچەکانی ناخی خۆی دەخاتە بەردەستی و خوڵکی دەکات تاکوو لە هەموو لایەنێکی ژیانیدا هاوڕێی بێت، بیر لەوە دەکاتەوە کە لە پێوەندیەکەی لەگەڵ کاترین دا هیچ خۆی دەرنەخستووە و هەر ئەوە بووە بە هۆی تێکچوونی پێوەندیەکەیان. بەشێک لە کێشەکەی تیۆدۆر ئەوەیە کە زۆرتر هەست بە ئاسوودەیی دەکات کە خۆی بۆ ئامێرێکی نامرۆڤ دەربخات، بۆ سیستەمێکی بەکارخەری٤ نامۆ، تاکوو مرۆڤێکی ئاڵۆز و ڕاستەقینە. سامانتا دەیەوێ کە ئاڵۆزتر و مرۆڤتری تیا دەر بێت، لە کاتێکدا ئەو دوور بوون لە جیهانی واقیع و ڕۆبۆت بوونە سەرنجی تیۆدۆری ڕاکێشاوە و وای کردووە بتوانێت متمانەی پێ بکات.
لە بەشێک لە فلیمەکەدا تیۆدۆر ئیدی زۆر پەیوەست بە سامانتا دەبێت، سامانتا وا دەکات ئەم زۆرتر لە نێو ژیانی خۆیدا بگەڕێت و وزەی زۆرتر دەبێتەوە بۆ ژیان. لە نیوەشەوێکدا کە پێکەوە قسە دەکەن، سامانتا هانی دەدات کە لە جێگاکەی هەستێ و بە شێوازێکی دایکانە دەیدوێنێ. پاشان جارێک لە نێو قەرەباڵغیەکدا تیۆدۆر بە چاوی بەستراوەوە دەبات تا لای پیتزا فرۆشیەک بۆ کڕینی لەتێک پیتزا. بەم شێوازە سامانتا دەبێت بە شتێک زۆرتر لە بەس کۆمپیوتەر یان یاریدەدەرێک، زۆرتر وەکوو جێگری دایکێکی پێ دێت کە لە پرۆسەی هەستان لە خەو و چێشت خواردنەوە تا وزە بەخشین بۆ بەردەوام بوون لە ژیان، لەگەڵ تیۆدۆر دەبێت. ئەم هاوڕێ دیجیتاڵیە دەبێت بە ڕێپیشاندەر بۆ پیاوێکی بێوەری لە هەست و وزەیەکی بەتین بۆ ژیان، لە ئاستێکدا کە لە شتێکی نامرۆڤەوە، لە ئامێرێکەوە وزەی پێویست بۆ ژیان وەردەگرێت؛ لە دەنگێک کە لە گوێیدا قسەی بۆ دەکات کە دەتوانێ هێمای هەستی خۆپاراستن و شایی بێت.
سەرنجی سەرەکی فلیمەکە دەکەوێتە سەر پرسیار سەبارەت بە پێوەندی مرۆڤەکان، دوورەپەرێز بوونیان و ئارەزووی تایبەتی مرۆڤەکان بۆ تێکەڵ بوون لەگەڵ ئەوانی دی، ناسینیان، تێگەیشتن لێیان و پێوەندی ساز کردن لەگەڵیان. تیۆدۆر کاتێک لە شوێنێکی گشتی لەگەڵ سامانتا دا پیاسە دەکەن پێ دەڵێت: 'هەندێ جار سەیری خەڵک دەکەم و پێداگری لە خۆم دەکەم کە هەوڵ بدەم و هەستیان پێ بکەم و لێیان تێبگەم، ناسینێک زۆرتر لەوەی کە بەس کەسێکە بەڕێکەوت لە پاڵمەوە تێپەڕیوە'. ئەو زۆر پێ خۆشە کە لە خەڵکی دیکە تێبگات، تێبگات کە چ شتێک هانیان دەدات و بۆچی فڵانە هەڵسوکەوتیان هەیە، بەڵام ناتوانێ ڕێگای ئەو پێوەندیە لەگەڵیاندا بدۆزێتەوە، ئیدی دەکەوێتە پێوەندی لەگەڵ سامانتا_وە و هەوڵ بۆ پتەو کردنی ئەو پێوەندیە دەدات. هاوڕێکانی داوای لێ دەکەن کاتێکی زۆرتریان لەگەڵ بباتە سەر و ژنە پێشووەکەیشی زۆر لێی زویر و تووڕەیە کە ئەم لە ژیانی هاوبەشیاندا خۆی دەرنەخستووە و ناخی خۆی شاردووەتەوە، بەمانەوە تیۆدۆر هێشتا ناتوانێ ویست و خواستی بۆ پێوەندی گرتن تەک خەڵکدا دەرببڕێت و لە جیاتی ئەوە دەکەوێتە شوێن ڕۆحی سامانتا_وە.

لەگەڵ سامانتادا، تیۆدۆر دەتوانێ دان بەوەدا بنێت کە کێشەی هەیە لە پێوەندی لەگەڵ کەسانی دیکە و دەیەوێ بۆشاییەک بە تایبەت بۆشاییەکی سێکسی لە ناخیدا پڕ بکاتەوە. پاش ئەو ژوانەی کە تێک دەچێت، بە هاوڕێ ڕۆبۆتەکەی دەڵێت کە پێ خۆش بووە لەگەڵ ژنەکە سێکس بکات، نەک لە بەر ئەوەی کە حەزی لێ کردووە، بەڵکوو بۆ ئەوەی ڕەنگە 'ئەو کونە هەرە بچووکە لە نێو دڵمدا پڕ بکاتەوە' بەڵام ڕەنگیشە پڕی نەکاتەوە. کاتێک باسی ئەو سێکسە دەکات کە دەیویست لە ژوانەکەدا بیبوایە بە سامانتا دەڵێت: 'من کەسێکم دەویست کە بمکات، کەسێکم دەویست کە بیەوێ بیکەم'. لە خەیاڵە ئیرۆتیکیەکەیدا خۆی دەنێتە دۆخێکی ئۆبژە بوونەوە، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە خەمۆکی و پەژارەییەکەی پێویستیەتی بە ئامادە بوون و وزە بەخشینی کەسێک پڕ بێتەوە. پەژارەیی تیۆدۆر گرێ دراوە بەو ویستەی کە بوونەوەرە سێکسیەکەی بەرانبەری دڵخۆشی بکات، پاڵی پێوە بنێت بۆ ئەوەی کردەوەی هەبێت، بیکات یان داوای لێ بکات کە ئەم ئەو بکات. تیۆدۆر جیا لە لاوازی و کێشەی لە پێوەندی گرتندا بەرانبەری کێشەیەکی دیکەش دەبێتەوە کە ویستی بۆ نوقم بوون، بۆ سەر نەواندنەوە بەرانبەر ویستی کەسانی دیکە و بوون بە کسێکی دیکە جیاواز لە خۆیە. سامانتا لە تیۆدۆر تێدەگات و دەیخاتەوە بیری کە ئەو 'بەشێک لە خۆی لە ئەو تەڵاقەیدا ون کردووە'. سامانتا و تیۆدۆر هەردووکیان پێوەندی نێوان دوو کەس وەکوو تێکەڵ بوون و توانەوە لە نێو یەکدا دەبینن و جیابوونەوەشیان وەکوو چەشنێک خۆ ون کردن دەزانن، پێش هاوبەشکردنی ئەو ئەزموونە ئیرۆتیکیە خەیاڵیە، هەر دووکیان لە نێوان بێئاگاییەکی هاوبەشدا تێکەڵی یەک دەبن؛ شوێنێک لە نێوان مرۆڤ و نەرمامێر بوون دا.
تەڵاق و جیا بوونەوە
ئارەزووی تیۆدۆر بۆ تێکەڵ بوونی لەگەڵ مرۆڤەکانی دیکە، بۆ ئەوەیە کە کەمتر خۆی بێت و زۆرتر شێوەی کەسانی دیکە بدات، ئەمەش لەو بەشەی وتووێژی لەگەڵ پاول_ی هاوکاریدا بەرجەستە دەبێتەوە. ڕۆژێکیان تیۆدۆر نامەیەکی تایبەت و بەسۆز لە لایەن ژنێکەوە بۆ دۆستەکەی دەنووسێت، پاول سەری سووڕ دەمێنێت لەو هەموو توانای تیۆدۆرە بۆ نووسینی نامەیەکی وەها جوان لە زمانی ژنێکەوە و پێی دەڵێت کە تۆ 'نیوە پیاو و نیوە ژنی' و دەڵێ کە ئەم توانایەت جێگای ستایشە. ئینجا هۆکاری ئەم توانای تیۆدۆرە دەگەڕێتەوە بۆ توانەوەی شووناسی لەگەڵ ئەو سیستەمی بەکارخەریە کە عاشقی بووە. پاشان تیۆدۆر لە پێوەندیەکانی لەگەڵ ژناندا، خۆیە کە لایەنی ژنانی خۆی سەرکوت دەکات.
ماوەیەکی کورت پاش ساز بوونی خۆشەویستی نێوان تیۆدۆر و سامانتا، تیۆدۆر ئاگادار دەبێتەوە کە ئێمی و چارلز هاوڕێی خەریکن لێک جیا دەبنەوە. ئێمی پێی دەڵێت کە پاش شەڕێکی بچووک تێگەیشتووە کە ئیدی نایەوێ لەو پێوەندیەدا بمێنێتەوە، دەڵێ کە ئەگەر چی خەمینە بەڵام هەست بە ڕزگاری دەکات. ئەمان کە لە سەردەمی خوێنینگەوە هاوڕێ بوونە ئێستا بەم ئەزموونە هاوبەشەی جیا بوونەوە لە هاوژینەکانیان، نزیکتر دەبنەوە.

جیا لە ئەزموونی هاوبەشی تەڵاق، ئێمی و تیۆدۆر هەردووکیان ئەزموونی هاوبەشی کەوتنە خۆشەویستی لەگەڵ سیستەمێکی بەکارخەری_شیان یان هەیە. ئێمی پاش یاری کردن بە گەمەیەکی کۆمپیوتەری کە خۆی دایڕشتووە بە شەرمەوە دانی پێدا دەنێت کە پێوەندیێکی نوێی لەگەڵ سیستەمێکی بەکارخەری ساز کردووە و هەست بە نزیکیێکی زۆر دەکات لەگەڵێدا. کەواتە لە چەند خاڵدا ئێمی و تیۆدۆر زۆر هاوشێوەن؛ هەر دووکیان پاش ڕووخانی ژیانی هاوبەشیان هەست و تینێکی تایبەتیان هەیە بۆ ژیریی دەستکرد. پاش هەست بە شەرمەزاری کردنی بۆ کەوتنە خۆشەویستی سامانتاوە ئێستا تیۆدۆر هەست بە ئاسوودەگی دەکات کە هاوڕێکەی تا ڕادەیەک دەتوانێ لە هەستەکانی و دۆخی ژیانی تێبگات.
ژنە پێشووەکەی تیۆدۆر، هەر چەشنە متمانە بە خۆیەک کە ڕەنگە تیۆدۆر لە پێوەندیەکەی لەگەڵ سامانتادا بە دەستی هێنابێت تێک دەدات. کاتێک یەکدی دەبینن لە ژەمی فراوینەکەدا، ئەو هەستە بەسۆزە مالیخولیایەیان تێکدەچێت کاتێک باسی هاوڕێ کچە نوێکەی تیۆدۆر دێتە پێشێ. تیۆدۆر بە وزەیەکەوە باسی ئەو ڕاستیە دەکات کە سامانتا زۆر بە پەرۆش و ورووژاوە سەبارەت بە ژیان، کاترین ئەمە بە خۆی دەگرێت و پێ وایە تەشەر دەوەشنێ کەواتە ئەم وا نەبووە. کاترین کاتێک دەزانێت کە سامانتا کۆمپیوتەرە، تیۆدۆر دەشکێنێتەوە کە زۆر ترسنۆکە و ناتوانێ لەگەڵ هەستەکانی مرۆڤێکی ڕاستەقینەدا مامەڵە بکات، ئیدی ئاسانی و سانایی ژوان کردن لەگەڵ کۆمپیوتەرێکی پێ خۆشترە. کاتێک کارگوزارەکە پرسیاریان لێ دەکات ئاخۆ شتێکیان پێویست نیە، کاترین دەریدەخات کە تیۆدۆر لە ژیانی هاوبەشیاندا حەزی لە هەستەکانی ئەم نەبووە و بەجێگەی هەوڵ دان و ئیش کردن بۆ چاک کردنی پێوەندیەکەیان ویستوویە دەرمانی دژەخەمۆکی بەکار بێنێت و ئاسییە کە ئازارەکان هێشتا تازە بن.
کاترین و سامانتا تەواو دژ بە یەکن و ئاماژە کردنی کاترین بەم بابەتە وا دەکات کە تیۆدۆر دیسان بیر لە پێوەندیەکەی لەگەڵ سیستەمێکی بەکارخەری و نامۆ بوونی لەگەڵ ژیانی خۆی بکاتەوە. کاتێک کاترین ناسەقامگیر و هەستیارە، سامانتا سەقامگیر و مەنتیقیە. کاتێک کاترین لەگەڵ تیۆدۆر دەکەوێتە دەمەقڕەوە، سامانتا قسەکانی تیۆدۆر قبوڵ دەکات و جەختی دەکاتەوە. بە گشتی کاترین ڕوونی دەکاتەوە کە تیۆدۆر بەو چەشنەی پێویست هەستیار نەبووە و گرینگی نەداوە بە پێداویستیەکانی هاوژینەکەی و هەوڵێکی ئەوتۆی نەداوە بۆ ئەوەی لەگەڵی دا وەکوو ئادەمیزاد بێت. کاتێک تێدەگات ڕەنگە ئەوە ڕاست بێت، پێوەندیەکەی لەگەڵ سامانتادا کەم دەکاتەوە و دەست دەکات بە ناسینی ئەو ئاکار و ڕەوشتانەی کە لە هەبوون و زیندوو بوون دووری دەخەنەوە. کاتێک ژنەکەی پاول ستایشی نامەکەی دەکات کە بۆ ماڵپەڕەکە نووسیویە، تیۆدۆر بەس دەڵێ 'ئەوانە بەس نامەیەکن... ئەوانە نامەی خەڵکی دیکەن و بەس.' لێرەدا دەتوانین ببینین کە تیۆدۆر دەستی کردووە بە پرسیار و گومان کردن لەو حەزەی بۆ تێکەڵ بوون و توانەوە لە نێو کەسانی دیکە و ون کردنی خۆی.
بیرۆکە سەرەکیەکان لە فلیمی ئەودا
تەنیایی و دوورەپەرێزی

یەکێک لە سەرەکیترین بیرۆکەکانی فلیمەکە تەنیایی و دوورەپەرێزییە. تیۆدۆر کەسایەتیە سەرەکیەکەی فلیمەکە لە دواین قۆناغی جیابوونەوە لە هاوژینەکەیدایە و بەس واژۆ کردنی دۆسیەکان ماونتەوە، بەڵام هێشتا واژۆی نەکردووە و دەیەوێ خۆی لەو ڕاستیە کە ژیانی هاوبەشی کۆتایی پێ هاتووە بشارێتەوە. بە درێژایی فلیمەکە دەبینین کە ڕۆژانە لە خەیاڵیدا بیر لەو بیرەوەریە خۆشانەی لە گەڵ هاوژینەکەیدا دەکاتەوە. بە بەردەوام بوون لە سەر ئەم خەیاڵانە خۆی دوور دەگرێ لە خەڵک و جیهانی دەورووبەری. ئەم بیرۆکەیە لە شێوازی وێنەهەڵگریەکەدا پیشان دەدرێت، لەو کاتانەی کە تیۆدۆر هەست بە تەنیایی و دوورخراوەیی دەکات، جۆنز دەرهێنەری فلیمەکە تیۆدۆر دەخاتە نێو فۆکووسێکی تەنکەوە٥ و جیهانی دەورووبەری دەخاتە دەرەوەی فۆکووسەکە. ئەو زۆربەی کات نامۆوە بە جیهان و لە دونیا دابڕاوە تا ئەو کاتەی کە لەگەڵ سیستەمی بەکارخەریەکە ئاشنا دەبێت. کەچی لە ڕاستیدا هەر تەنیایە بەڵام پاش ئەو پێوەندیە تیۆدۆر خەمۆکی و تەنیاییەکەی کەمتر دەبێتەوە، فلیمەکە ئەو پرسیارە دەخاتە بەردەم بینەرەوە کە پێوەندی لەگەڵ کۆمپیوتەرێک ئایا پێوەندیێکی ڕاستەقینەیە؟!
گەشەکردن و دامرکان
بە درێژایی فلیمەکە گەشە کردن و دامرکانی ئەوین و هاوڕێتی دەبینین. تیۆدۆر دەبینین کە لە سەرەتای فلیمەکە ناتوانێ جیابوونەوەی لەگەڵ هاوژینەکەی قبووڵ بکات، زۆر تەنیایە و ئیدی وزە و تینی بۆ هیچ کارێک نەماوە. بەس کاتێک هاوڕێتی لەگەڵ سامانتا ساز دەبێت دەتوانێ وەرەقەکان تەڵاقەکەی واژۆ بکات چونکە هەندێک دڵخۆشی و شایی دۆزیوەتەوە لە ژیانیدا. دووبارە کاتێک پێوەندی لەگەڵ سامانتا دەپچڕێ دیسان تووشی پەژارە و خەمۆکی دەبێت. کاتێ بە یارمەتی سامانتا هەندێک لە کێشەکانی بۆ پێوەندیەکان چارەسەر دەبێت، دەتوانێ بێتەوە ناو کۆمەڵگا و دونیا بە شێوازێکی جیاواز ببینێت و بە ویستی خۆی بەردەوام بێت. فلیمەکە شوێنی دامرکان و گەشەکردن لە پێوەندیەکاندا دەگرێت، پێوەندیەکان گەشە دەکەن پاشان نوقم دەبن و دیسان گەشه دەکەنەوە.
دەرچوون لە بەپرسیارێتی
تیۆدۆر کە دوورەپەرێزی هەڵبژاردووە و خۆی لە دونیا و کێشەکان کە بەرانبەری دەبێتەوە دابڕاندووە، دەیەوێ لە پەرپرسیارێتیەکان خۆی بشارێتەوە. ئەم بیرۆکەیە لە سەرەتای فلیمەکەدا دەبینین کە سەرقاڵی یاری کۆمپیوتەریە، سێکسی تەلەفوونی دەکات و لەگەڵ هاوڕێکانی تێکەڵ نابێت. بەم شێوازە تیۆدۆر خۆی لە کەسانی دەورووبەر دوور دەگرێت و بە هۆی خەمۆکیەوە لە تەنیایی دا دەژیت. ئەو ئاکارە خۆڕووخێنەرە لە ژیانی ژهاوبەشیشیدا ڕەنگی داوەتەوە. دواجار بە سامانتا دەڵێ کە ئەم بەشێک لە خۆی لە هاوژینەکەی شاردووەتەوە و کاتێک کێشەیەک هەبووە یان هەستێکی هەبووە دەری نەبڕیوە، بەم شێوازە نەیویستووە بەرپرسیارێتی هەستەکان و کێشەکان لە ئەستۆ بگرێت و هەر ئەمەش بووە بە هۆی ئازارێک لە ژیانی هاوبەشیاندا.
تەکنۆلۆجیا
یەکێک لە بیرۆکە گرینگەکانی فلیمەکە تەکنۆلۆجیایە و ئەوەیە کە چۆن پێشکەوتن و گەشە کردنی تەکنۆلۆجیا دەتوانێ لە سەر ژیانی مرۆڤ کاریگەری دابنێت. چونکە فلیمەکە لە جیهانی داهاتوویەکی نزیکدایە، زۆرێک لە بەشەکانی تەکنۆلۆجیایی بە شێوازێکی چاوەڕوان نەکراو و پێکەنیناوی گەشەیان کردووە! بۆ نموونە تەکنۆلۆجیا و کۆمەڵگا بە چەشنێک پێشکەوتوون کە ئیشی تیۆدۆر نووسینی نامە بە دەستنووسی جوانە بۆ خەڵكی دیکە بەڵام ئەم ئیشە بە گوتنەوەی نامەکان بۆ کۆمپیتەرێک جێبەجێ دەکات. جیهانی تەکنۆلۆجیایی فلیمەکە پڕە لە ناگونجاوی بێمانا و پێکەنیناوی، شێوازی یارمەتی تەکنۆلۆجیا بۆ پێشکەوتنمان پیشان دەدات بەڵام ناگونجاوی و نامەنتقیشی لەگەڵە. بەشێکی پیشاندەری سنووردار بوونی تەکنۆلۆجیا، سامانتا_یە؛ سیستەمێکی بەکارخەری کە تیۆدۆ لەگەڵی دەکەەوێتە خۆشەویستیەوە. سەرەتا سامانتا هاوشێوەی مرۆڤێکە و ودەنگێکی گەرم و دۆستانەی هەیە، بەڵام دواجار ئەو بەس کۆمپیوتەرێکە؛ کۆمەڵە داتایەک کە بۆ جێبەجێ کردنی هەندێک ئیش داڕێژراون. فلیمەکە ئەوە پیشان دەدات کە کەسێک تا چەندە دەتوانێ لەگەڵ تەکنۆلۆجیا پێوەندیێکی قووڵ ساز بکات، ئەم پرسیارە دەخاتە ڕوو کە سرووشتی مرۆڤ چیە و سرووشتی تەکنۆلۆجیا چیە. ئایا مرۆڤەکان بەس کۆمپیوتەرێکن کە دابین کراوە ئیشێک جێبەجێ بکەن؟ ئایا کۆمپیوتەرەکان دەتوانن هەڵسوکەوت و بیرکردنەوەی مرۆڤیان هەبێت؟ هاوکات کە فلیمەکە لێڵ و ناڕوون دەمێنێتەوە و ئاکام و کۆتایێک ناخاتە ڕوو، پرسیارێکی زۆر سەبارەت بە سرووشتی مرۆڤ و تەکنۆلۆجیا بەرز دەکاتەوە.
سەرچاوە: Grade Saver
پەراوێز:
- لە زانستی کۆمپیوتەردا، ژیریی دەستکرد یان ژیریی مەکینەیی ئەو ژیرییەیە کە لە مەکینەکاندا دەبینرێت، کە جیاوازە لەگەڵ ژیری و زیرەکیی سرووشتیی مرۆڤ و ئاژەڵان.
- Close Up – وێنەی نزیک لە سینەما و وێنەگریدا بە شێوازێکی وێنە چرکاندن دەگوترێ کە کەسێک یان شتێک بخاتە نێو چوارچێوەیەکی تەسکەوە.
- Setting – دیمەن، کات و شوێن کات و شوێنی جوگرافیایی لە گێراندنەوەیەکدا؛ وێژەی داستانی یان ناداستانی. سێتینگ بەشێکی بنەمایی وێژەیە کە یارمەتیدەرە بۆ پێکهێنانی دەستپێک و بنەمای چیرۆکێک.
- Operating System – سیستەمی بەکارخەری: کۆمەڵێک بەرنامەی بنەڕەتییە کە ئامێرێک دەخاتە کار.
- Shallow focus – فۆکووسی تەنک تەکنیکێکی سینەمایی و وێنەگرییە کە سەرنج دەخاتە سەر بەشێک لە دیمەنەکە و بەشەکانی دیکەی دیمەنەکە دەکەوێتە دەرەوەی ئەو سەرنجەوە، ئەم شێوازە بۆ زەق کردنەوەی بەشێک لە وێنەکە بە کار دەبرێت.